ســــــــــــــــــــــــێ‌ێ‌ێ... ســــامره‌ند

 

11-11-2003 00:15

 

گۆرانییه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژێك بوو چاوه‌ڕێی بیستنی بوو، ته‌واو بوو. به‌كۆنتڕۆڵی سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ی كز كرد و ژووره‌كه‌ی جێهێشت. ئه‌م ده‌تۆرێت له ته‌واوبوون، ڕقی دنیای له كۆتاییه‌كانه، په‌ست ده‌بێت به ئامانجی ونبوون.  ئاخر پاش چه‌ند ساڵێك له پێوابوون... به زایه‌ڵه‌ی «ته‌واو، هه‌موو شتێ كۆتاییهات» بێده‌نگی شكاند. بێده‌نگییه‌ك كه پتر له ده‌ربڕین به ‌قسه‌‌كردن له‌گه‌ڵیدا ده‌دوا و مه‌نگ تر له‌ ئه‌‌ندێشه‌كانی گوێگریی بوو.

سیما له قۆناغی سێ، له كۆلێژی ئابووری ده‌خوێنێت. زۆر جار سكاڵای نابه‌دڵی بواره‌كه‌ی ده‌كات، هه‌میشه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌یه‌كی قــــووڵ ده‌‌ڵێت: وتراوه " ئه‌و ئازاره‌ی ناتوانیت لێی ڕه‌تبیت- پێی ڕادێیت!" منیش هه‌ر چاوه‌ڕێـــــم- به ئازاره خۆڕسك، خه‌ڵككرد و خۆكرده‌كانم ڕابێم! چاوه‌ڕێم...

خوێندكارێكی چالاكه، كچێكی وابه‌سته‌ و له‌سه‌رخۆیه، ئه‌گه‌ر بیشیدوێنیت كاردانه‌وه‌ی به‌جۆرێكه وا هه‌ست ده‌كه‌یت سه‌رده‌مێك بێت بیناسیت، كاتی وتووێژ بۆ به‌رامبه‌ر گه‌شبینه و مرۆڤ به ڕێگا چاره‌ی هه‌‌موو كێشه‌كان ده‌‌بینێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بۆ خۆی خواسته‌كانی نادیارن و به دروستبوونی هه‌ر پرسیارێك ‌لای- سێ وه‌ڵامی دوور له‌یه‌ك، له‌گێژاوێكدا داماو و ماندووی ده‌كه‌ن! ئه‌م نهێنییه‌ك له ناخیدایه، شه‌وانه خه‌و له چاوانی ده‌زڕێنێت، به ‌ڕۆژ ده‌یكاته مه‌لێكی په‌ڕوباڵ كراو و ئێوارانیش له‌گه‌ڵ له‌خاچدانی خۆردا له كه‌نار ده‌ریا ده‌یچێنێت.  هۆی بێده‌نگی ئه‌و سێ ساڵه‌شی له‌گه‌ڵ یاد دا هه‌ر ترسی بوو، له‌و هه‌‌ژدیهایه‌ی ڕۆژانه خوێنی ده‌مژێت، ده‌یكاته كۆیله‌ی لاوازیی،  توانا و بیر و خواسته‌كانی له هه‌ر سێ ته‌مه‌نی ساوایی، لاوێتی و كامڵی دا به زیندوێتی پێده‌نێژێت.

یــاد ئازیزم، ئه‌مڕۆ زۆر چاوه‌ڕێمكردی، هه‌رچه‌ند ده‌مزانی نایه‌یت، له یادیشم نه‌چووه بڕیار وایه كه چیتر یه‌كنه‌بینین! به‌ڵام چاوه‌ڕێتبووم!!

دوێنێ نامه‌یه‌كم له بژۆ و ئارانجه‌‌وه پێگه‌یشت، وێنه‌یه‌كیش كه «شۆخ»یشیان له‌گه‌ڵدایه. شۆخ و شاد دوو ڕۆحی لێكئاڵاو بوون، به خۆزگه په‌مه‌ییه‌كانیان ده‌ژیان، هێنده دڵیان به‌یه‌ك خۆش بوو جگه له ڕاگرتنی دڵی یه‌كتر هیچی تریان نه‌ده‌ویست، له ژیان. ده‌ڵێن گوایه دایك و باوكی شاد ڕازی نه‌بوون، به به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان. باوكی شۆخ هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه، به لێككردنیان. شۆخی شه‌نگیش ئاگری له گیانی خۆی به‌رداوه، به مه‌به‌ستی ترساندنیان! به‌ڵام نه گـــڕی جه‌سته‌ی شۆخ نه بڵێسه‌ی ئه‌وینێكی ئاوه‌ها تۆخ، توانیوێتی بیری به‌ستووی ئه‌وان بتوێنێته‌وه، یان تینێ بداته هه‌ڵوێستی ته‌زیویان، به‌ڵكه بوونه‌ته بینه‌ری درامای سووتــــان! ڕاماون، به‌دیار به خه‌ڵووز بوونی لاشه‌یه‌كه‌وه و به‌ هه‌ڵم بوونی عه‌شقێك بۆ ئاسمان.

بـژۆ نووسیوێتی، پاش سه‌وزبوونی سێ كێڵگه له ماچ، سێ گوورزه دڕك، بۆم بووه داهات. ده‌ڵێت هاوڕێم له‌لات سه‌یر نه‌بێت،  ئه‌فسوون سێ به سێ‌ی كردمه خه‌ڵات.  تۆ ئاگادار بوویت، ئه‌وان چییاننه‌كرد تا گه‌یشتنه ئه‌ودیو ته‌لبه‌نده‌كان، چه‌ند جار خه‌ڵتانی خوێن ده‌بوون و چۆن چاپوكانه سه‌رده‌كه‌وتنه‌وه، بۆ ژووان! .....................؟؟! ئا- بیرم نه‌چێت كوڕێكی چاوڕه‌شی جوانیشی بووه، ناوی ناوه ژان!!

به‌ڵام ئارانجه‌ باسی له سه‌رابێك خۆشه‌ویستی و سیحری كوێراییداهاتن كردووه! باس له مه‌ودای نێوان خه‌ون و ڕاستی، باس له تووشبوون، به په‌تای وه‌هم، هاوكات له‌گه‌ڵ تووشبوون، به ئه‌ڤینێكی ساریی! ده‌ڵێت منیش فریومخوارد، نابینا بووم، به‌رامبه‌ر گێلی و گومرایی. نووسیویشێتی ئارام به، به‌رله‌وه‌ی كه خۆم شه‌هید بم، ده‌ستم نایه بینه‌قاقای مۆته‌كه‌ی مردن، بۆ بوونم!

سیما ڕۆژانه به تۆماركردنی یادنامه‌كانی له‌گه‌ڵ یاد ده‌د‌وێت، هه‌تا په‌نجه‌كانی هێزیان تێدا نامێنێت ده‌نووسێت، ئه‌وكات قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێت و به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌نوێت.

منیش ئێستا وه‌كوو 'هه‌ستیار' مه‌ستبوونم ‌لا به‌هه‌ست تره، ئاخر مه‌به‌ستێك مه‌ستی كردووم، بۆیه مه‌ستیم مه‌به‌ست تره'. به‌ڵام هاوڕێ دێرینه‌كه‌م هه‌نووكه‌ش من كڕنووش بۆ خه‌ونه‌كانم ده‌به‌م، نه‌كوو له بێئاگاییدا بێپاكیزه‌ییان بكه‌م، یان نه‌وه‌ك له بێتۆییدا بێنه‌وا بن، منیش بێسه‌رپه‌رشتیانكه‌م! ده‌شێ وه‌كوو خه‌نده‌لێو بن، سیما شێواو، به ته‌مه‌نێك ئازاره‌وه جێگای قێز یان پێكه‌نینی ئێوه بن!  چه‌ند لاواز بووم، من، هه‌ر به‌ خه‌یاڵ، به‌ڵام به سێ ســــــــــاڵ چێمكردن! چه‌ند به‌هێــــــز بووی! تــۆ، به سێ ڕۆژ ڕاستی، لاواندتن، ڕووخاندتن، ونتكردن!!!

ئه‌مشه‌و من و ماوه‌ی خه‌ونه‌كانم به سێقۆڵی له‌گه‌ڵ نهێنی ناو خڕۆكه‌ سووره‌كانم، كپ تر له جاران دانیشتووین، جارجار چاوم به‌رز ده‌كه‌مه‌وه سه‌یرێكی وێنه‌كه‌ت ده‌كه‌م، لای چه‌په، له‌سه‌ر مێزی نووسینه‌كه‌م، ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ به‌دیاریش بۆتده‌هێنام، له‌گه‌ڵ كتێبی زانكۆدا له‌لای ڕاست كه‌ڵه‌كه‌م كردوون، گڵۆپه كزه‌كه‌ی ژوور سه‌ر‌یشم تاوناتاوێك به سێ ترپه‌ ته‌زوویه‌ك به له‌شمدا دێنێت. خۆڵ په‌نجه‌ره‌كه‌می لێڵ كردووه، له ده‌‌ره‌وه‌ ڕه‌شه‌بــایه، نازانم بروسكه‌ی هه‌وره یان گێژه‌ڵوكه‌یه‌كه تووڕه. پێده‌چێت‌ عه‌شقی به هه‌ڵمبووی شۆخ بێت، بگرمێنێت؟ یان چاوه‌ڕه‌شه‌كانی ژانه، به پرسیار خاك ده‌وروژێنێت؟ ده‌شترسم سیحری كوێربوون بێت هاتبێت گلێنه بفڕێنێت؟!!

كاتژمێر بوو به سێ، سیما ته‌واو ماندوو بووبوو، به‌رله‌وه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له ده‌ست بكه‌وێت،  به‌ ئاسته‌م نووسی:-

ئه‌ی خــــــــــــــــــــــــوا!!!

ئه‌ی خوا بۆچی نایه‌ته ده‌نگ؟؟؟ بۆچی جــــــــــــــــــــــارێك نابێت به ڕه‌نگ*؟؟؟

 

10/ 2003

سوێد-ستۆكهۆڵم

 

*ئه‌م دێڕه له دێڕه‌ شیعرێكی شاعیر 'محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان'‌ه وه وه‌رگیراوه.  

 

 

Hit Counter ميوان ئةم بابةتةي خوصندؤتةوة