ئه‌وم خۆشتر ئه‌وێ له ‌تۆ .... هه‌ردی عه‌ول

 

ئێمه لێره‌وه له هه‌نده‌ران به‌ڕاستی زۆر دڵخۆش ده‌بین به هه‌موو هه‌واڵه خۆشه‌كانی كوردستان، به پێشكه‌وتنه‌كانی و بوژانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی، به‌ئاشتی و ئارامی له كوردستان بست به بست باڵا ئه‌كه‌ین و ته‌زووی خۆشی به گیانماندا دێت.

له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌واڵێكی له‌م جۆره‌شدا كه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا گوێ بیستی بووین ئاره‌ق ئه‌كه‌ینه‌وه و هیچ ئومێدێكمان به‌وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ نامێنێ. . . ئاخر بۆ وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ !

ئای كه خۆشه ژیانی ئاسووده‌یی و ئارامی، ئای مرۆڤ چ بوونه‌وه‌رێكی جوانه كه مرۆڤانه هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كات و چ بوونه‌وه‌رێكی تووند و دڕنده‌شه كاتێك له‌و پرنسیپه‌ مرۆڤیانه لاده‌دات.

له ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ی رێكه‌وتی 16/ 11 دا نووسراوه :

 (به‌رپرسانی كاره‌بای سلێمانی به ڕاشكاوی وبێ پێچ وپه‌نا ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌وان ئیلتیزامیان به هیچ یه‌ك له ڕێككه‌وتنه‌كانی پێشوو نییه، به‌لای ئه‌وانه‌وه كاره‌با به‌پله‌ی یه‌كه‌م و به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پارێزگای سلێمانیه، ئه‌گه‌ر بڕێك له‌و كاره‌بایه زیاد بێت ده‌درێت به‌ هه‌ولێر. ڕۆژنامه‌ی خه‌بات) .

لاحول ولا قوه‌ الاباالله. . .

ئه‌رێ برایان ئه‌رێ خه‌ڵكی كورد بۆ خاتری خوا قه‌ت شتی وه‌هاتان له مێژووی میلله‌تانی تردا دیوه ؟.

 ته‌بعه‌ن نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بوایه ده‌بوو میلله‌تێكی ترمان بدیایه له سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك دا بێت و نه‌شی توانیبێ حوكمی زاتی وه‌ربگرێ هه‌تاكو ئێستاش هه‌ر ژێرده‌سته بێ.

ئێوه سه‌یری ئه‌م نه‌گبه‌تیه كه‌ن ئێخه‌ی كوردی له‌م ساته‌ناسكه‌دا گرتووه. بۆ نه‌گبه‌تی دوو وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ یش له كوردستاندا هه‌یه كه‌چی ورته‌شیان له‌ده‌م نایه‌ته‌ده‌ره‌وه، ڕه‌نگه‌ ئه‌وان ته‌نها به‌كارهێنانی چه‌ك به‌ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بزانن، ڕێگاكانی تری زه‌وتكردنی مافی مرۆڤ به هه‌ند وه‌ر نه‌گرن، چونكه چه‌كی تیا به‌كار نه‌هاتووه بۆیه‌ هه‌قیان نییه به‌سه‌ریه‌وه.

له‌وڵاتانی خوا عه‌قڵ پێ داو دا ئه‌گه‌ر لایه‌نێك یان هه‌ر كه‌سێك ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی سه‌ره‌وه بڵێت، ئه‌وا به‌تۆمه‌تی ڕاسیست و نه‌ژاد په‌رست له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درێ داوای یاسایی له‌دژی تۆمار ده‌كرێ و به‌پێی یاسا سزا ئه‌درێ، ئیتر جارێكی تر ناتوانێ گاڵته‌ به‌ مرۆڤ و مافه‌كانی بكات.

ئێمه‌ دوو وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤیشمان هه‌یه. . . . . . . له له لۆۆۆ. . . .

نه‌رویج