شه‌وانی سپی. . دڵشاد ئیبراهیم

 

26-12-2003 00:40

 

یادمه

شه‌وانی جاران

ئه‌و ساتانه‌ی هێدی. . هێدی

تێر له ڕووی مانگم ئه‌ڕوانی

وێنه‌ی تۆم تیابه‌دی ئه‌كرد

كه له حه‌سره‌تی ئه‌وینی

ته‌نانه‌ت دووری شه‌وێكا

چاوانت پڕ له ئه‌شك ئه‌كرد. . !

بۆیه منیش

له وه‌فای ئه‌وینی تۆدا

مۆمی خه‌نده‌م

له‌سه‌ر لێوانم هه‌ڵ‌ئه‌كرد

 

به‌ڵام ئێستا. . دیمه‌نه‌كان

به‌وێنه‌ی جاران نه‌ماون

ئه‌و شتانه‌ی له‌پێش چاون

له‌بناغه‌وه گۆڕاون

 

ئه‌مئێستا (شه‌وانی سپی) م

چراخانیان كوژاوه‌یه‌و

هه‌ر شه‌وێكم

شه‌وه‌زه‌نگی تاروڕه‌شه. . !

چونكه ئێستا كۆشكی مانگیش

وه‌ك لانه‌ی من كه‌لاوه‌یه‌و

سه‌رده‌مێكه

له‌وێنه‌ی جوانت بێ‌به‌شه. . !

 

ئێستا له‌سه‌ر سینه‌ی قووڵی

هه‌ر شه‌وگارێكی قه‌ترانی

له‌گه‌ڵ ئومێدێكی وون‌و

دڵێكی پڕ چاوه‌ڕوانی،

وه‌كو جاران له‌ناو بۆسه‌ی

سه‌رنجی ووردو ڕوانینم

به‌ڵام ئه‌فسوس هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م

نیگا شه‌نگه‌كه‌ت نابینم

به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ڕووخساری

زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی مانگایه

ته‌نها وێنه‌ی منی مات‌و

دڵشكاوو بێ‌نه‌وایه. . !

 

27-8-1998 تاران