خه‌فیفه‌كارمه‌نده‌كانی كوردستان ... ئاسۆ بیاره‌یی

 

21-12-2003 00:41

 

له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا ڕژێمی فاشستی سه‌دام بۆئه‌وه‌ی لاوه‌كانی كوردستان بێلایه‌ن ڕابگرێ و ڕونه‌كه‌نه‌ شاخ، فه‌وجه‌خه‌فیفه‌كانی دروستكرد و به‌مه‌ش زۆرربه‌ی خێڵ و سه‌ربازی ڕاكردوی له‌نیزیك خۆی ‌گرد‌كرده‌وه‌و تاڕاده‌یه‌كی باش سوودی لێوه‌رگرتن. سه‌ره‌ڕای بۆ پڕكردنه‌وه‌ی به شێكی مۆڵگه ‌و سوپاكانی و به‌كارهێنانیان بۆشه‌ڕی كوردكوژی و ئه‌نفال له‌ساڵانی دوایی شه‌ڕی ئێران-ئێراق. هه‌روه‌ها واشیلێكردن كه‌چاوه‌رێی ده‌ستی ڕژێمبن و ئابوریان وابه‌سته‌ببێت و نه‌توانن بێجگه كاری مشه‌خۆری كارێكیتربكه‌ن.

له‌هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید كه‌ئه‌وه‌نده داموده‌زگای تیانیه‌، نزیكه‌ی بیست هه‌زار كارمه‌ندی تیادامه‌زراوه و موچه‌شیان بۆ ته‌رخانكراوه. زۆریش له‌و كارمه‌ندانه ته‌نها بۆ موچه‌وه‌رگرتن سه‌ری مانگان چاویان به شوێنی كاره‌كه‌یان ئه‌كه‌وێ. لاری له‌وه‌دانیه كه‌هه‌موو كه‌سێك كه‌قوربانیداوه، خاوه‌ن توانایه مافی خۆیه‌تی پاداشی پێبدرێت، به‌ڵكو جێگای شانازیشه. به‌ڵام سه‌یرله‌وه‌دایه زۆر له‌وكارمه‌ندانه نه‌ك هه‌رقوربانیان نه‌داوه به‌ڵكو دوژمنایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردیان كردوه‌و دورنیه‌ له‌ئه‌فواجه خه‌فیفه‌كانی جارانیش نه‌بووبن. لێره‌دا ئه‌ولایه‌نه‌ی كه‌ یارمه‌تیداون كه ببه‌نه ‌كارمه‌ند ته‌نها مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگدانه‌ له‌داوڕۆژدا.

شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێ پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه به‌خۆیه‌وه ئه‌بیبنێ، به‌ڵام له‌به‌ر خۆناونووسكردن به‌كارمه‌ند، شار كرێكاری تیاده‌ستناكه‌وێ! كێ تاقه‌تی كار و جوتیاری و. . هتدماوه.

شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید تاقه‌نموونه‌یه‌ك نیه، له‌هه‌ولێری پایته‌خت و شاره‌كانی تریش هه‌مان شانۆگه‌ری به‌هه‌مان شێوه هه‌زارباره ‌ده‌بێته‌وه. بێلایه‌نێك به‌ئاسانی ناتوانێت له‌ده‌زگاكانی میرییدا به‌ئاسانی كاریده‌ستكه‌وێت ئه‌گه‌ر یه‌كێكی له‌پشتنه‌بێ یان حه‌به‌كه قوتنه‌دا.

جیاوازی ئه‌م دوو وێنه‌یه ته‌نها كات و ناوه‌كه‌یه، ئه‌گینا هه‌ردوو پرۆسه‌كه گه‌وره‌ترین زیانی ئابوری و ده‌رونی ئه‌دات له‌كۆمه‌ڵانی هه‌ژاری گه‌له‌كه‌مان.

ڕه‌تكردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی كه‌سانی لیسته‌ی شه‌هیدوپێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی، سۆشیالیست و پارته‌بچوكه‌كان (ئه‌وانه‌ی مه‌نجه‌ڵێ یاپراخ به‌شیانئه‌كات) زیندوترین نموونه‌ن ‌كه له‌پێش چاوی‌جه‌ماوه‌‌رن. سه‌رباری دابه‌شكردنی كۆلیجی زانكۆكان له‌ له‌نێوان قوتابیه ئه‌ندامانی دوو پارته‌زلهێزه‌كه‌ی بادینان و سۆران.

نموونه‌ی زۆر هه‌یه له‌م بابه‌ته كه‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌ژاری تیاپشتگوێخراوه، خه‌ڵكێك كه به‌سه‌روماڵ قوربانیداوه.

 سه‌یرله‌مه‌دا ئه‌وه‌یه كه‌ته‌نها باسی كفندڕی پێشو (سه‌دام) ده‌كرێ كه‌خه‌ڵكی بۆبوون به‌ئه‌ندام ناچارئه‌كرد تاكو نانیان نه‌بڕێ. سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه‌په‌یمانی ئابوری له‌گه‌ڵ ڕژێمێكی داگیركه‌ری وه‌كو توركیا ئه‌به‌سرێت كه‌بێجگه زیان هیچی بۆكورد ناوێ. به‌داخه‌وه ده‌نگ و باسی وا هه‌یه كه‌دروستكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی فرۆكه‌خانه‌ی به‌كره‌جۆ دراوه به‌كۆمپانیایه‌كی توركی، دوای فرۆشتنی كارگه‌ی ئاوی بانیخێڵان دوومانگ له‌مه‌وبه‌ڕ هه‌ربه‌وان (توركان) . جگه‌ له‌دابه‌شكردنی بارچه‌زه‌وی به‌سه‌ر براتازه‌كانمان (توركمان) كه‌ له‌ سه‌رده‌می دیكتاتۆردا باشترین شۆفێری كورده‌كوژه (‌کۆپته‌ر) ئه‌وانبوون، كه‌له‌شاری كه‌ركودا ڕاوه‌كوردیانده‌كرد و له‌دووساڵی دواییشدا زۆربه‌یان به‌عه‌ره‌ب خۆیان‌ نووسی. ئه‌مڕۆش لێمانكراونه‌ته براگه‌وره. له‌بازیان به‌ودیویشدا ئاواره‌ی كه‌ركوك هێشتا له‌چادردا ده‌ژین و بێبه‌رین له‌ساده‌ترین مافی ژیان.

 گومڕاكردن وپرسنه‌كردن به‌گه‌ل ئه‌وه‌ده‌گه‌ییێنێت كه‌به‌رژه‌وه‌دی پارت و كه‌سایه‌تی له‌سه‌روهه‌مووشتێكه‌وه‌یه. ئاسۆی دواڕۆژیش دووره‌كه‌وێته‌وه.

 تۆبڵێی دڵی كوردستان (كه‌ركوك­) گوازرابێته‌وه بۆشوێنێكی تر وا به‌شه‌رمه‌وه باسیلێده‌كرێ؟ تۆ بڵێی فدرالیه‌كه‌شمان كرابێته سه‌رفترانه و هه‌تیوانه‌ی تورك، عه‌ره‌ب و فارسی پێبدرێ؟

  20-12-2003