خومه‌ینی تا شیرین عه‌ببادی. . . حكومه‌تی خوا له‌به‌رده‌م خه‌ته‌ری سۆشیالیزمدا ! ... محمد غفور

 

ووته‌ی خومه‌ینی به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌وه له‌ساڵی 1982 دا :- '' (یوم الله) ی واقعی ڕۆژێكه كه (امیرالمومنین) سه‌لامی خوای لێ بێت، شمشێره‌كه‌ی ڕاكێشاو (خوارج) ه‌كانی له یه‌كه‌مه‌وه تا به‌ئاخر دره‌و كرد و هه‌موویانی كوشت. (ایام الله) ئه‌و ڕۆژانه‌ن كه خواوه‌ندی ته‌باره‌ك و ته‌عالا یه‌ك بوومه‌له‌رزه ئه‌هێنێت، یه‌ك لافاو ئه‌هێنێت، یه‌ك زریان ئه‌هێنێت، ئه‌م خه‌ڵكه ئه‌داته به‌ر شه‌للاق تا ببنه ئاده‌میزاد. ئه‌گه‌ر له ئه‌ساسدا بڕیاربووایه كه امیرالمومنین موسامحه بكات شمشێری ڕانه‌ئه‌كێشا تا هه‌ر یه‌ك ده‌فعه حه‌وت سه‌د نه‌فه‌ر بكوژێت. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌شی له زیندانه‌كانی ئێمه‌دان موفسیدن، ئه‌گه‌ر نه‌یان كوژین كه چوونه ده‌ره‌وه ئاده‌میزاد ئه‌كوژن. ئه‌مانه نابنه ئاده‌م. ئێوه عولمای به‌ڕێز، بۆچی ته‌نها به‌شوێن ئه‌حكامی نوێژ و ڕۆژووه‌وه‌ن! بۆچی له قورئاندا هه‌ر ئایاتی ڕه‌حمه‌ت ئه‌خوێننه‌وه!ئایاتی جه‌نگ و كوشتار ناخوێننه‌وه!؟قورئان ئه‌ڵێت :بكوژن، بكوتن، زیندان بكه‌ن. ئێوه بۆچی هه‌ر ئه‌و ته‌ره‌فه‌یتان گرتووه كه باس له ڕه‌حمه‌ت ئه‌کات!ڕه‌حمه‌ت مخاله‌فه‌ت كردنه له‌گه‌ڵ خوادا! محراب یانی شوێنی جه‌نگ، شوێنی شه‌ڕ. له‌محرابه‌كانه‌وه پێویسته جه‌‌گ په‌یداببێت. هه‌ر وه‌كو چۆن پێشتر جه‌نگه‌كانی ئیسلام له محرابه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرت. پێغه‌مبه‌ر شمشێری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بكوژێت. ئیمامه‌كانی ئێمه سه‌لامیان لێ بێت، هه‌موویان سه‌ربازی (نیزامی) بوون. هه‌موویان جه‌نگاوه‌ر بوون. شمشێریان ڕائه‌كێشا. ئاده‌میان ئه‌كوشت. ئێمه خه‌لیفه‌مان ئه‌وێت كه ده‌ست ببڕێت، داری (حد) لێ بدات، سه‌نگسار بكات. هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه ره‌سولی خوا سه‌لامی خوای لێ بێت، ده‌ستی ئه‌بڕی، داری حدی ئه‌وه‌شاند، سه‌نگساری ئه‌كرد. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه جه‌ماعه‌تی یهودی كوڕی قریزه‌ی قه‌تلی عام كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناڕازی بوون. كاتێك ره‌سولی خوا فه‌رمانی داوه كه جێگایه‌ك بگرن، یا خانوویه‌ك بسووتێنن، وه یا فڵانه خه‌لیفه له‌ناو ببه‌ن، ئه‌وه حوكمی به عه‌دل فه‌رمووه. ژیان و زینده‌گی به‌شه‌ر ئه‌بێت به پارچه‌پارچه‌كردن دابین بكرێت. چونكه حیاتی جه‌ماوه‌ر له‌ژێر ئه‌م حوكمی قه‌ساسه‌دا نووستووه. به‌چه‌ند ساڵ زیندانی كردن كارمان مه‌یسه‌ر نابێت. ئه‌م

عه‌واتیفه مناڵانه‌یه بخه‌نه كه‌ناره‌وه. ''

بۆرژوازی و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا ڕێك له‌ هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، كه خه‌ڵكی ئێران له‌پێناوی ئازادی و یه‌كسانیدا شۆڕشیان به‌رپاكردو له‌پێناوی هه‌ڵپێچانی ئیستیبدادی ڕژیمی شادا پێیان نایه مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، توانیان له كۆنفرانسی گۆدالۆپدا خومه‌ینی ده‌رخواردی خه‌ڵكی ناڕازی و ڕاپه‌ڕیو بده‌ن و بیكه‌نه ڕابه‌ری خه‌ڵكی ئێران. حكومه‌تی خوا 25 ساڵه عه‌ینی ئه‌وه‌ی خومه‌ینی له‌و ووتاره‌یدا ڕه‌سمی كردووه به‌ دڕندانه‌ترین شێوه دره‌وی شادی و خۆشی و ئازادی و هه‌موو ڕوخسارێكی مۆدێرنی كۆمه‌ڵگایه‌كی 60 ملیۆنی وه‌كو ئێران ئه‌كات. ئه‌م ڕژێمه 25 ساڵه به ئیعدام، سه‌نگسار، كوشتار، زیندان ده‌سه‌ڵاتی خواو قورئانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێراندا سه‌پاندووه. ژیانی دوو نه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ووڵاته بووه قوربانی پرۆژه‌یه‌كی له‌ چه‌شنی ئه‌مه‌ی شیرین عه‌ببادی. ‌ئه‌م حكومه‌ته ڕه‌شه ئیسلامیه به‌ره‌نجامی كارو كرده‌وه‌ی رۆژئاوابوو.

ئێستا كه حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی قورئان له‌به‌رده‌م خه‌ته‌ری بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌دایه و سه‌رنگونكردنی ئه‌م ڕژێمه‌ی كردۆته نیشانه، ویستیان به دانی خه‌ڵاتی سوڵحی نۆبڵ به شیرین عه‌ببادی، ئه‌م خانمه بكه‌نه ڕووپۆشێك بۆ ئیسڵاح و ته‌عدیلكردنی جمهوری ئیسلامی، و سا به‌ڵكو له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕژێمی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه بهێڵنه‌وه. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به‌هه‌ڵه‌دا چوون. هه‌رچه‌ند ڕێگاچاره‌یه‌كی دیكه‌شیان له‌به‌رده‌مدا نیه. ئه‌گه‌ر ئه‌وسا به‌هۆی له‌ئارادا نه‌بوونی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریه‌وه توانیان شۆڕش شكست پێ بهێنن و كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی به‌سه‌ر خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگادا فه‌رزبكه‌ن، ئه‌م جاره‌یان ئه‌وزاعه‌كه زۆر جیاوازه‌و گۆڕاوه. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران و مه‌نسور حكمه‌ت ڕێگا ناده‌ن سیناریۆی ساڵی 79 دووپات بێته‌وه. ئه‌م حیزبه له كۆنگره‌ی چواره‌می خۆیدا له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به یه‌كێتی و یه‌كپارچه‌یی، به ئاماده‌بوونی سه‌دان كه‌س له ڕابه‌رانی، په‌یمانی دایه خه‌ڵكی ئێران و بزووتنه‌وه‌ی سه‌رنگوونكردنی ڕژێمی ئیسلامی كه ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی ئه‌مجاره‌ ئه‌و دابینی ئه‌كات. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران له‌ كۆنگره‌ی چواره‌مدا عه‌زمی جه‌زم كردووه كه ڕابه‌رایه‌تی گه‌وره‌ترین شۆڕشی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك ئه‌كات له پێناوی ئازادی و یه‌كسانی و ڕزگاری یه‌كجاریدا.

شیرین عه‌ببادی خۆی پێش له هه‌رشتێك، نیشانه‌ی یاخود ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی حكومه‌تی ئیسلامه له ئێران و ناوچه‌كه‌دا. شیرین عه‌ببادی له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌كی شكست خواردوو بوو. به‌م مانایه‌ی كه ڕژێمێك كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌ستوور و ئه‌حكامه‌كانی قورئان و به پێی سوننه‌ته‌كانی محمد بنیات نراو به‌ڕێوه چوو، 25 ساڵه كت و مت په‌یامه‌كه‌ی خومه‌ینی و خوا له‌سه‌ر ئه‌رز جێ به‌جێ ئه‌كات، ئێستا خه‌ڵكی كارد به ئێسكیان گه‌شتووه و لێواولێو بوون له به‌رامبه‌ر ئه‌م حكوممه‌ته‌ی جه‌هاله‌ت و به‌ربه‌ریه‌تدا، و به خه‌باتی لێبڕاوانه‌یان، ده‌سه‌ڵاتی قه‌ساس و سه‌نگسار و شه‌للاقیان له نه‌عره‌ته‌ی شمشێر ڕاوه‌شاندنه‌كانی خومه‌ینیه‌وه تا شكستی حه‌مه‌ی خاته‌می و دووی خوردادیه‌كان شكست پێ هێناوه، تاله هیستریای ڕۆژئاوادا له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سه‌رنگوونیدا خانمی عه‌ببادی بۆ پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌وان به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی شۆڕش له ئێراندا داتاشرا. به‌م پێیه شیرین عه‌ببادی سه‌ره‌ڕای هه‌ر هه‌وڵێكی بێ ئاكامی له ڕاستای وه‌زیفه‌كه‌یدا، به‌م خۆش خزمه‌تیه‌ی بۆ ئیسلام و حكومه‌تی ئیسلامی له پێناوی خۆل كردنه چاوی خه‌ڵكی ئێراندا خۆی كرده شه‌ریكی تاوانه‌كانی ڕژێمی ئیسلامی له ئێراندا. شۆڕشیش به ڕابه‌رایه‌تی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی گرێ و گۆڵی به‌ر پێی پاك ئه‌كاته‌وه‌ و به‌ره‌و پێش ئه‌ڕوات.

22. 12. 2003