داگیركه‌ر چیه‌تی تاكه‌ی ؟ ... ئاسۆ بیاره‌یی

 

دوای ڕوخاندنی ڕژێمی داگیركه‌ری عه‌ره‌بی به‌غدا، زۆر له‌پارته ‌كوردیه‌كانی كوردستانی باشور به‌تایبه‌تی دووزلهێزه‌كه (پدك و ینك) له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی گوێبده‌نه‌ ماڵی كوردی و كاروباری كوردستان ڕێكبخه‌ن، به‌تایبه‌تی ناوچه‌پێشوه‌كانی ژێرركیفی ته‌عریب و ئه‌نفال و. . كه‌وتنه ‌كردنه‌وه‌ی بنكه ‌و باره‌گا له‌شاره‌گه‌وره‌كان وه‌ك به‌غدا و. .

به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س داوایان لێبكات هه‌ریه‌كه ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی به‌ناردنی ‌هێزی پێشمه‌رگه كه‌وه‌ك پۆلیس له‌پارێزگاری خاكی عه‌ره‌ب بێنه به‌كارهێنان، بێ گوێدان و پرسكردن له‌گه‌لی كورد. به‌مه‌ش ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ئه‌وان ناتوانن سه‌هه‌ندانه داوای مافه‌كانی گه‌لی كوردبكه‌ن. به‌ڵكو ئاڵای شومی عێراقیان له‌به‌شێك له‌كوردستان له‌پاڵ ئاڵای كوردستان هه‌ڵكرد، مه‌سه‌له‌ی عێراقچیه‌تیان كرده‌بنێشته‌خۆشه‌ی مێدیاو كۆڕ و دانیشتنه‌كانیان. .

لێره‌دا داگیركه‌رانی كوردستان فارس، عه‌ره‌ب و تۆرانی له‌سه‌ر هیچ ڕێنه‌كه‌وتبن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كوردستان له‌ژێرچنگی خۆیان ته‌بان. به‌داخه‌وه هێشتا ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بیریان له‌وه‌نه‌كردوه‌ته‌وه كه‌به‌رخوردانێك بۆ ئاودان و زیندوكردنه‌وه گیانی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی له‌كوردستانی باشور دروستبكه‌ن. گیانێك كه‌ له‌ ‌هێزی داگیركه‌ران بڵندتربێت و به‌رامبه‌ریان بوه‌ستێت. گیانێك كه‌له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی تری كوردستاندا خۆی به‌ته‌واوكه‌ر بزانێت.

 كاتێك پرسیاری ئه‌وه‌یان لێده‌كرێ بۆ له ‌كۆڕو كۆمه‌ڵه‌كاندا باسی كێشه‌ی كوردناكه‌ن، پاساوی ئه‌وه‌ ئه‌‌هێننه‌وه كه‌ده‌بێ ئێمه‌ وه‌ك كورد دیبلۆماسبین و خاڵی لاواز (باسی مافی كورد) نه‌خه‌ینه به‌رده‌م دوژمنانمان.

ئه‌گه‌ر داواكردنی مافی ڕه‌وای گه‌لێك خاڵی لاوازبێت ئه‌ی سه‌ركرده‌ی گه‌ل ڕۆڵی چیده‌بینێ ؟ ئه‌گه‌ر هاندانی جه‌ماوه‌ری كورد بۆ ڕزگاری پرۆسه‌یه‌كی هه‌نووكه‌نه‌بێت ئه‌ی‌كه‌ی داری ئازادی به‌رهه‌مبگرێ و نه‌وه‌كانی داهاتوومان له‌خاكی باوباپیران داهاتووی خۆیان بگرنه‌ده‌ست ؟

من پێم وایه‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی عیراق له‌ژێرپه‌رده‌ی عێراقی فیدرالیدا به‌پۆستی شالیاری ده‌ره‌وه كه‌دراوه به‌كورد (هوشیاری زێباری) نێشانه‌ی گومڕاكردنی كورده و دوورخستنه‌وه‌ی له‌مافه‌كانیه‌تی، لێ كوا عه‌ر‌ه‌بێ، فارسێ یان توركێ نوێنه‌ری گه‌لی كوردی كردبێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێشێلیاننه‌كردبێ. به‌پێچه‌وانه‌وه من پێم وایه نوێنه‌رانی كورد له‌م‌ كاته‌دا ماڵی دووژمنان دروستده‌كه‌نه‌وه له‌بری چاكردنه‌وه‌ی ماڵی خۆیان.

ئێمه‌ مێژوومان خوێنه، خاكمان پارچه‌كراوه، دووچاری نه‌مان و ئه‌نفال بووین و هێشتا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی ده‌چینه‌وه‌ بۆ بنگڵی داگیركه‌ران، كه‌نه‌ك جێگه‌ی گاڵته‌ین به‌ڵكو به‌مرۆڤیشمان نازانن. .

شیعه‌كان تاكو دوێنێ كه‌ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوو و چاوه‌رێی لوتفی فارس بوون، له‌خوایان ئه‌ویست كورد لایان لێبكاته‌وه، ئه‌مڕۆ نه‌ك هه‌ر دژی مافی كوردن به‌ڵكو كوردیش به‌نه‌ته‌وه‌نازانن و به‌به‌شێك له‌ئومه‌ی داگیركه‌ری ئیسلامی عه‌ره‌بی ئه‌زانن. ئه‌مه‌ ترسناكترین داڕشتن و هه‌ڕ‌ه‌شه‌یه كه‌له‌سه‌ركورده. پیاوه‌ئاینی و سه‌ركرده‌ كورده موسڵمانه‌كان ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ئه‌ركی پیرۆزی به‌كوردی بوون ئه‌بێ ڕۆڵی خۆیان ببین و ئه‌وه‌ به دوژمنان بڵێن كه‌نه‌ته‌وه‌ی كوردیش شایه‌نی سه‌ربه‌خۆیه، نه‌ك له‌ژیر په‌رده‌ی برای موسڵمان درێژه به‌ته‌عریبی ئاینی بده‌ن !

ده‌با تا كار له‌كار نه‌ترازاوه ‌و داگیركه‌رانی باشوور لاوازن شاره‌كانمان بخه‌ینه‌ده‌ستخۆمان و كاری خۆمان بكه‌ین، بائه‌وان (داگیركه‌ران) بڵێن كورد نه‌ته‌وه‌په‌رسته ! بائه‌وان هه‌ربڵێن فیدرالی و سه‌ربه‌خۆیی چی. . بائه‌وان بڵێن كورد كافره. . خۆبه‌زۆری شمشێر كراوین به‌موسڵمان ووڵاتمان فه‌تحكراوه و واخه‌ریكه‌ده‌بینه به‌شێك له‌ووڵاته‌كه‌یان. .

ئه‌ركی مێژوویی هه‌موولایه‌كه‌ كه‌له‌م باره ‌ناسكه‌دا مافی نه‌ته‌وایه‌تی بخاته‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌ بۆ دروستكردنی ماڵی

 كوردی.

 با كوردبین پێش ئه‌وه‌ی موسڵمان !

با كوردبین پێش ئه‌وه‌ی كۆمۆنیست!

با كوردبین پێش ئه‌وه‌ی پارتایه‌تی بكه‌ین !

با كوردبین پێش ئه‌وه‌ی بكه‌ین‌لایه‌نگری. . !

با هێنده‌بڵێین كوردین، كه‌ ئه‌و خاكه‌ی ناوی كوردستانه ناوی خۆی بزانێ كه‌ناوی كوردستانه‌. .

23-1-2004