لة التكريتةوة بؤ الشمر ... مةهدي غةمبار

ئه‌وه‌ی که کوردی به‌م ژێر ده‌سته‌یی و بێ چاره‌ییه‌ هێشتۆته‌وه لاسایی نه‌کردنه‌وه‌ی دوژمنان ونه‌یاره‌کانیه‌تی له‌ پیاده کردنی وه‌ک یه‌کی وه‌ڵام دانه‌وه‌ و دوپات نه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و توند و تیژی و زه‌برو زه‌نگه‌ی که به‌ پانتایی و درێژایی مێژو ‌و له‌سه‌ر چه‌ندان ده‌ستی جیاواز و کات و سه‌رده‌می جیاوازدا ده‌رهه‌قمان ئه‌نجام دراوه له‌ لایه‌ک و نه‌گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بوه بۆ ناو ماڵی دوژمن له لایه‌کی تر

 که به‌ داخه‌وه ئه‌مه‌مان به‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی و ناجوامێری و ترسنۆکی و هیچ‌له‌ بارا نه‌بون بۆ لێک دراوه‌ته‌وه‌ و ڕاڤه‌ کراوه ، هه‌رچه‌نده کورد له‌م شیوازه‌یدا ده‌یه‌وێت دوو ئامانج بپێکێت که له‌ خواره‌وه باسیان لێوه ده‌که‌م .

 پابه‌ند بونی کورد به‌ دیمکراسی یان بڵێم هه‌وڵ دانی کورد بۆدیمکراتیزه‌کردنی دیمکراسی که به‌هۆیه‌وه بتوانێت له‌ ژێر چه‌تری یه‌کسانی و برایه‌تی و پێکه‌وه ژیان کۆمان بکاته‌وه

 له ڕاستیشدا ئێمه‌ی کورد و له‌سه‌روشمانه‌وه بزاڤه‌ به‌ناو ڕزگاریخوازانه‌که‌مان بێ ئاگایانه ، جاڕی دیمکراتیه‌ک ده‌ده‌ین که هێشتا له هه‌رێمه‌که نه‌ک هه‌ر به‌رقه‌رار نه‌بوه به‌ڵکو چه‌که‌ره‌شی نه‌کردوه ! ئێمه‌ بانگێشه‌ی برایه‌تیه‌ک ده‌که‌ین که‌ به‌رامبه‌ره‌که‌مان نه‌به‌ خه‌یاڵیدا هاتوه و نه‌ مێشکی خۆشی پێوه ماندو کردوه .

 گه‌ر بێ مل خه‌واندن و خۆ له‌گێل دان ڕوی ئه‌م پرسیاره‌م بکه‌مه سه‌رکرده‌کانی کورد و تێکڕای حیزبه‌کانمان له‌مپه‌ڕی چه‌په‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی جه‌مسه‌ره‌که‌ی تر

 ئایه چه‌ند ساڵ ده‌بێ ئێوه یه‌ک لایه‌نه‌ چه‌پڵه‌ی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ترمان به‌ خوایشت یان به‌زۆر بێ پێ ده‌کوتن و ئێمه‌‌ش له‌و برایه‌تیه‌ جگه‌ له‌ قات و قڕی و جینۆساید و هه‌زاران نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی و به‌هه‌ده‌ر دانی خوێنێکی زۆر به‌و لاوه چیمان ده‌سکه‌وتوه ؟

 ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌ شه‌ڕی دژه‌کوردیان ده‌ست پێ کرد که‌ ته‌ڕ و وشک ، ژن و پیاو ، گه‌وره و مناڵ ، پیر و گه‌نجی شوان و جوتیار خوێندکار و کاسبکاری کوردیان ده‌کرده‌ ئامانجی هێرشه‌کانیان و سنوریان بۆ هیچ جیاوازیه‌ک نه‌ده‌هێشته‌وه !

 له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌وان شه‌ری دژه‌کوردیان به‌ر پا کردوه که له بری باجی کورد بونماندا به‌ ده‌یان هه‌زاریان لێ گرتین و لێ ئه‌شکه‌نجه‌دان و لێ تیر باران کردین جگه‌ له بڤه‌یی په‌‌یڤین و خوێندن له هه‌ندێ پارچه‌ی وڵاته‌که‌مان .

 چی ما به‌ مه‌به‌ستی له‌ ڕیشه‌کێش کردن و شوێنه‌وار سڕینه‌وه‌مان له‌دژمان به‌کار نه‌برێت ؟ چ سیاسه‌تێکی مه‌ترسیدار تر ماوه له‌ لایه‌ن دوژمنانماوه له دژمان پیاده‌ نه‌کرابێت ؟

 ئایه ڕۆژێک له‌ ڕۆژان به‌ هۆش نه‌هاتینه‌وه و به‌ خۆمان بڵێین له‌ پای چی وامان لێ ده‌کرێت و وامان پێ ده‌کرێت ؟ مادامێکی تاکه هۆ کورد بونه‌که‌مان بوبێت ، ئه‌دی بۆچی ئێمه‌شتان که‌ر و کوێر و سه‌قه‌ت کردوه ؟ ئه‌دی بۆچی ڕێگا به‌ویستی کورد نادرێ که وه‌ک میله‌تێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وانه‌دا بکات که چاکه‌ و خه‌راپه‌یان له‌ به‌رامبه‌ریدا کردوه (1) ؟

 رێ گر بون له‌ به‌رده‌م گواستنه‌وه‌ی شه‌ر بۆ ناو ماڵی دوژمن ! به‌ بیانوی نه‌ گۆڕینی شه‌ڕه‌که بۆ قۆناخی شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب که به‌ هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ک مناڵ و ژن و په‌که‌وته‌ی برا عه‌ره‌به‌کانمان به‌ ناڕه‌وا ده‌کوژرێن و له ناو ده‌چن ! چاوتان ئه‌و هه‌زاران کوژراوه به‌ هه‌قه‌ت بێ تاوانه‌ی میله‌ته‌که‌ی خۆمانتانی نه‌بینی ، ڕۆژ نه‌بو له کوردستاندا ده‌یان منالی ساوا و ئافره‌ت نه‌بنه‌ قوربانی پاراستنی گیانی برایه‌تی !!!

 له پاش ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عس و ئازاد کردنی عێراق به‌ گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی به‌ده‌ر له‌ دڵه‌ ڕاوکێی تاکی کورد له دوو ئیداره‌یی و ململانێکانی نێوان پارتی و یه‌کێتی ، چرای ئومێدێکی گه‌ش له‌ ناخیاندا دره‌وشایه‌وه !

 وامان زانی به‌ ڕوخانی به‌عس و سه‌دام و دار و ده‌سته‌که‌ی یان بڵێین تکریتیه‌کان ، ئیتر بۆ ببڕای ببڕایه کورد دوچاری ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ی جارانی نابێته‌وه‌ و مه‌ترسی ئه‌نفال و سوتماک‌کردنێکی تر چاو له خه‌لکی کورد سور ناکه‌نه‌وه !!

 نه‌مانزانی گۆنکاریه‌کی ڕوکه‌ش ده‌بێت و یاریکردنێکی شه‌تره‌نجیه‌ و مه‌به‌ست تیایدا ئاڵوگۆڕێکه‌ به‌ داشه‌کان و التکریتی ده‌گۆڕن بۆ الشمر !!!

 کورد لێره‌دا و به‌ر له‌ روداوه‌که‌ش دوو هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌م بو که‌ یان ده‌بێت ببێت به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا یانیش بچێته‌ به‌ره‌ی دوژمنه‌که‌یانه‌وه که سه‌دام و تاقمه‌که‌ی بوو !!

 ناچار یه‌که‌می هه‌ڵبژارد ، له‌ لایه‌که‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ کورد بۆی تێده‌کۆشا بۆی به‌دیدێت و له‌لایه‌کی تریشه‌وه کورد توانای به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی نه‌بو .

 دوای ماوه‌یه‌‌کی که‌م ، ڕقه‌به‌رایه‌تی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی حوکم ورده ورده به‌تایبه‌ت له‌ نیوان گروپی کوردی و ئه‌وانی تردا ده‌ستی پێ کرد و به‌ ئاشکرا که‌وتنه‌ دژایه‌تی کردنی گروپی کوردی ،

 دوای گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ شێوه‌یه‌کی کاتی بۆ عێراقیه‌کان ، هه‌ریه‌ک له غازی الیاور وه‌ک سه‌رۆکی کاتی عێراق و ایاد العلاوی سه‌ر‌ک وه‌زیرانی کاتی (که‌پیم وایه‌ به‌م زوانه جێ‌گۆڕکێان پێ ناکرێت و کران به‌ داشه‌ گه‌وره‌کانی شه‌تره‌نجه‌که) ، له یه‌که‌مین لێدوان و مژدانه‌ی العلاویدا بۆ گه‌لی کورد ڕیز کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بو له‌ لیستی میلیشیاکان و بڕیاری چه‌ک‌ داماڵینیان بو !!

ئه‌وه‌ش هه‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی دروست کرد ، کاتی هه‌مان زات په‌‌شیمان بوه‌وه و ڕایگه‌یاند که پێشمه‌رگه میلیشیا نیه ! به‌ر له‌وه‌ش باشی ده‌زانی پێشمه‌رگه‌ چیه و کێیه‌ و چی کردوه و چی پێ ده‌کرێت ؟

 (پێم وایه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سڕ کراوه و دوای کوتایی پێ هێنان به‌ چه‌ک داماڵینی سوپای مه‌‌هدی باسی پێشمه‌رگه دێته‌وه به‌ر باس و گێچه‌ڵێکی گه‌وره‌ی پێ ده‌کرێته‌وه جونکه ئه‌مهریکیه‌کانیش نه‌دۆستێکیان هه‌یه‌ هه‌تاسه‌ر دۆستیان بێت و نه‌ پێچه‌وانه‌که‌شی) .

 له‌ کاتی گه‌یشتنه‌وه‌ی ده‌نگوباسی ئاڵۆزیه‌کانی که‌رکوک به‌ سه‌رۆکی (نه‌ته‌وه په‌رستی هه‌میشه‌یی عێراق) پردی دان به‌خۆدا گرتنی ده‌پچڕێت و به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان و ڕه‌وایی دان به‌ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و چاو سور کردنه‌وه‌ و هه‌ڕ‌ه‌شه له کورده‌کان به‌ هه‌ڵه‌ داوان خۆی ده‌گه‌ێنێته که‌رکوک و په‌یامه‌ پڕ له توند و تیژ و ترسناکه‌که‌ی ده‌گه‌ێنێت گه‌لی کورد و دانیشتوانی خۆڕاگری که‌رکوک !!

 سه‌ر کز کردن و بێ‌هه‌ڵوێستی حیزب و لایه‌نه‌کوردی و جه‌ماوه‌ری کورد له‌به‌رمبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و خۆ بادانه‌که‌ی الیاور ، وای لێ کرد که له‌ داهاتودا بێ سڵ کردنه‌وه هه‌نگاوی گه‌وره‌تری مه‌ترسیدار تر بهاوێت و ئه‌وێش له‌ لێدوانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ که‌ناڵی العربیه کردی ڕه‌نگی دایه‌وه و ئه‌مجاره‌یان ته‌نانه‌ت پردی بڕوا بون به‌ تروسکه دیمکراتیشی داڕوخا و ئه‌و خۆپیشآندانه‌ی کوردستان ده‌ره‌وه‌ هه‌راسانی کردن بۆیه ناوی سه‌ربه‌خۆخوازانی کورد به (خائن) ده‌بات و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ توندی له‌دژ وه‌ستانه‌وه‌مان لێ ده‌کات !!!!

 بۆیه کاتی ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی ده‌مێکه هاتوه ! کورد پێویسته تا سه‌ر ئێسقان کورد بونی خۆی بسه‌ڵمێنێت چونکه عه‌ره‌بێکی (میسری ، لوبنانی ، فه‌له‌ستینی ، سعودی ، یه‌مه‌نی ، قه‌ته‌ری ، جه‌زایری ، مه‌غریبی) له‌به‌ر به عه‌ره‌ب زانینی عێراق ده‌می هه‌رکامیان بکه‌یته‌وه دژی ئازادی کورد و جیابونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانن له عێراق که ئه‌مه‌ مافێکی ڕه‌وای گه‌لی کورده ، جگه‌ له‌وه‌ نه‌ژاد په‌رستیان به‌جۆرێک زاڵه‌ به‌ سه‌ردا که بێ ئه‌وه‌ی دێرێک له مێژوی شاری که‌رکوک بزانن کوێرانه گه‌وره‌و بچوک ، ژن و پیاو یان نکۆڵی له کوردستانی بونی ئه‌و شاره کوردستانیه ده‌که‌ن .

ئێستا ده‌ستیان کورت‌ترین ده‌سته‌ و باڵایان و توانایان له‌ نزمترین ئاسته ئه‌مه وتار و کرداریان بێت ، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چ ئاینده‌ی‌کی گه‌شیان لێ بکرێت ؟ چ گرێنتیه‌کی دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌نفال و سوتماک له‌ ئارادایه که‌ ئه‌مجاره له‌ سه‌ر ده‌ستی التکریتیه‌کان نا به‌ڵکو الشمره‌کان به‌ سه‌رماندا نه‌یات و وجاخ زاده‌کانی نه‌سرین به‌رواریمان تێ نه‌ورکێت !!!

 له‌ به‌رامبه‌دا ده‌بێ هه‌مومان به‌یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هێزه‌وه بڵێین

 به‌ڵێ ئازادیمان ده‌وێت . . ئازادیه‌ک که کیمیا باران و ئه‌نفال و جینۆساید نه‌یانتوانی هه‌ره‌سی پێ بهێنێ !!!

 به‌ڵێ که‌رکوک کوردستانه . . دڕنده‌ترین دوژمن و ده‌یان ڕه‌فتاری شۆڤێنیانه نه‌یانتوانی کوردستان‌بونی بسڕنه‌وه !!

 به‌ڵێ ئاماده‌شین وه‌ک ئاماده‌ش بوینه باجی به‌ڵێکانمان بده‌ین

 (1) مه‌به‌ستم له حیزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانه

msh2004@luukku. com

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org

Hit Counter