دةمامك (كورتة ضيرؤك) .... أزطار حةسةن
پێشه‌کی
گوڵه‌به‌ڕۆژه به پیره‌مێردی گوت: حه‌زره‌تم لێم گه‌ڕێ، لێم
مه‌پرسه بۆچی به‌یانیان رووم له شوێنێکه و ئێواران رووم له
شوێنێکی دی. من به خۆر ده‌ژیم و تۆش به نان، خۆر له کوێ بوو
رووم له‌وێیه و تۆش پارویه نان له کوێ بێ رووت له‌وێیه.
پیره‌مێرد واقی ووردهمێنێ و ئه‌مجا ده‌ڵێ: خۆزگه ژیان دوو جار
بوایه، یه‌کێکیان بۆ تێگه‌شتن، ئه‌ویتر بۆ ژیان، تازه‌ش گێچی
سه‌عات ناگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ دواوه.
********
کۆتایی
هه‌فته بوو، رۆژ پێنج شه‌مبه بوو، کات سه‌رله‌به‌یانی بوو،
زستانی سارد و بێ به‌زه‌یی به سهربرابوو، وه‌رز سه‌ره‌تای هاوین
بوو، ، نه گه‌رم بوو نه سارد، ئاسمان ساف و بێ په‌ڵه هه‌ور بوو،
خۆر ده‌دره‌وشایه‌وه، به‌هار به‌سه‌رچو بوو، دره‌خت چه‌که‌ره و
گه‌ڵای کردبوو، گوڵ خونچه‌ی گرتبوو، خولی ژیانی نوێ ده‌ستی
پێ‌کردبوو، هه‌ندێ خونچه‌ش گهشابونهوه، گوڵه‌کان تامه‌زرۆی ئاو و
تیشکی خۆر بوون. له‌م رۆژه‌دا هێرش خوێندنی ته‌واوکرد و دیبلۆمی
زانکۆی وه‌رگرت، پاسپۆرتی ژیانێکی نوێی وه‌رگرت، کاروانی پیشه‌ی
ده‌ستی پێ‌کرد، بۆ ئه‌زمونێکی تر، فرسه‌تی تر، ئاینده‌یه‌کی دی،
به‌ره‌و چاره‌نوسێکی دی، نادیار به‌ڵام چاوه‌ڕێکراو، تروسکایی
به‌دی ده‌کرا له تاریکی شه‌وی ره‌ش، نیشانه‌که‌ی به‌س بوو بۆ
به‌دیکردنی.
ئه‌و
قوتابخانه و خوێندنی به قورس نه‌گرتبوو، بۆ ئه‌و شوێنی زانین و
فێربوون نه‌بوو، شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژیان بوو به‌ره‌و پله‌وپایه‌ی
ده‌برد، بۆ تێگه‌یشتن نه‌بوو، بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنه‌وه
نه‌بوو، بۆ ئه‌وه نه‌بوو له خۆی و ده‌وروبه‌ری تێ بگات، بۆ شتێکی
تر بوو. . . بۆ دابین کردنی ژیانی بوو، بۆ پله‌وپایه‌ی ناو کۆمه‌ڵ
بوو. بۆ ئه‌و دیبلۆم پاسپۆرتی ژیان بوو نه‌ک جیهانی زانست، به
هه‌ر نرخێ بوایه ده‌بوایه به‌ده‌ستی بهێنایه، به قۆپی کردن،
به خه‌ش کردن، به فێڵ کردن، به زانیاری دزینی هاوڕیکانی، له
لای ئه‌و هه‌موو ئامڕازێ گونجاو بوو بۆ گه‌یشتن به دیبلۆمهکه،
له لای ئه‌و هۆش و ره‌وشت بێگانه بوو، ئه‌و وشانه‌ی به‌رگوێ
نه‌که‌وتبوو یا خۆی لێ گێل ده‌کردن.
کۆمه‌ڵ به
به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، پێکهاتویی کۆمه‌ڵ له قۆناغه‌کانی
مێژوودا ده‌گۆڕێ، ئه‌مڕۆکه سه‌خته خێڵ بۆ خۆت دروست بکه‌یت و
ببێت به سه‌رۆکیان، ده‌زگای مۆدێرن هه‌یه حیزب! ، خۆت بکه به
حیزب‌دا ژیانت ئاسان تر و مسۆگه‌رتر ده‌بێت، پێوست ناکات هاوخوێن و
هاوخێزان بی، هاو به‌رژه‌وه‌ندی و هاوخه‌باتی به‌سه! .
حیزب باشترین
وه‌زیفه‌ی بۆ دابین کردبوو، به‌گوێره‌ی دیبلۆم و پیشه‌ی خۆی نا. .
. . به گوێره‌ی ده‌سته‌ڵاتدارێتی، هێرش گه‌ر به پیشه و دیبلۆم
ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ بوو که‌چی دێهاتیهکی نه‌خوێنده‌وار له‌و
شاره‌زا تربوو له متوربهکردن و شه‌تڵ چاندن.
چش له
کاره‌ساتی میلله‌ت، ئاواره‌یی خه‌ڵک، داماوی مرۆڤ، ئازارچه‌شتنی
مرۆڤ، ئه‌مانه هه‌ستی ئه‌وی نه‌ده‌بزواند، ئه‌و ته‌ماحی ژیانی
ده‌لیلی بوو، له چوارچێوه‌ی ته‌ماحی شه‌خسی ئه‌و جێگای که‌سی تێدا
نه‌ده‌بوه‌وه، ته‌سک بوو.
ئێ پتر
له‌وه‌ش، ئه‌وه‌نده لوت به‌رزبوو ئه‌وه‌ی به‌رده‌می خۆی
نه‌ده‌بینی، زۆر حه‌زی له ده‌نگی خۆی بوو، ده‌نگ بداته‌وه،
به‌ڵام گۆیی له ده‌نگی ئه‌ویتر نه‌بوو که‌ڕ بوو له ئاستیا. له
ماڵه‌وه ژووره‌که‌شی هه‌مووی وێنه‌ی هه‌ڵواسراوی خۆی بوو جێگای
که‌سی تری تێدا نه مابووه‌وه، یه‌کانه‌یی بوو، ئه‌وپه‌ڕی
خۆپه‌رستی بوو، له خۆبایی بوون بوو، هیچ شتێکی له‌گه‌ڵ یه‌کێکی دی
دابه‌ش نه ده‌کرد. ژیانی ئه‌و، جیهانی ئه‌و، ئه‌وه‌نده بچکۆله
بوو جێگای که‌سێکی تری تێدا نه‌ده‌بوه‌وه، ته‌نانه‌ت
منداڵه‌کانیشی قهزاوقهدهربوون، به‌گوێره‌ی ویست و پرۆگرامی
خێزانی نه‌بوو، چه‌ندجارێ ژنی هێنابوو، ته‌نها منداڵه‌کانی دواژنی
گرتبووه لای خۆی، ئه‌ویش له ناچاریدا بوو، سۆزی بۆ منداڵ نه‌بوو،
بۆ ئه‌و منداڵ ئه‌نجامی کارێکی قه‌زاوقه‌ده‌ری په‌یوه‌ندی ژن و
پیاو بوو. ژن بۆ ئه‌و هاوسه‌ری و پێکه‌وه‌ژیان نه‌بوو، خێزان
دروستکردن نه‌بوو، منداڵ بوون وپه‌روه‌رده‌کردن بۆ به‌رده‌وامی
جنسی به‌شه‌ر نه‌بوو، بۆ ئه‌و شتێک بوو. . له‌زه‌تی خۆشی له‌ش
بوو، به‌سه‌ربردنی ساتی خۆش بوو، بۆ خۆ مه‌ست کردن بوو، خۆ
دهربازکردن له ته‌نگی ژیان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌یتوانی بوو
پتر له دوو ساڵ له‌گه‌ڵ ژنێکدا بژی، وه‌ک مۆدێلی ئۆتۆمبیل
ده‌یگۆڕی، که تازه ده‌رده‌که‌وت خێرا ده‌ی ماشیه‌وه و
په‌یوه‌ندیه کۆنه‌که‌ی به‌ره‌ڵا ده‌کرد بۆ یه‌کێکی تر. ده‌یگوت
"من ئاشقم " له راستیدا ئاشق نه‌بوو، نه‌شی ده‌زانی ئه‌شق له
کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌و داوی ئاره‌زووی که‌وتبوو، خه‌ریزه‌ی
ده‌لیلی بوو.
زۆر
سه‌رکه‌وتوو بوو له کاری سیاسی و حیزبایه‌تی، له زانکۆ و لاوانی
حیزبه‌وه ده‌ستی پێ‌کردبوو، ئه‌زمونێکی قوڵی هه‌بوو له‌و
مه‌یدانه‌دا، ئه‌و له سیاسه‌تدا ئیدیال و ئایدیۆلۆژی نه‌بوو،
ناسیونالیزم، سۆسیالیزم، کۆمۆنیزم، فاشیزم، ویلایه‌تی فه‌قێ و
مه‌مله‌که‌تی خوا نه‌ک مه‌مله‌که‌تی مرۆڤ، ئاشنایی خۆش بوو
له‌گه‌ڵ هه‌موو (ئیزم) ێکدا، خۆی له گه‌ڵ هه‌موو تهوژمێکدا
ده‌گونجاند، ئه‌مبه‌ره‌و ئه‌وبه‌ری به‌ئاسانی ده‌کرد، ئایدیۆلۆژی
باو گرنگ بوو له لای ئه‌و، ئه‌وه‌ی شتی بۆ بکا. مرۆڤ به
پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمی روبار مه‌له ناکات " زۆر جار ده‌یگوت".
سیاسه‌ت بۆ
ئه‌و کۆمه‌ڵ بیناکردن نه‌بوو، روانین بۆ مرۆڤ و کۆمه‌ڵ نه‌بوو،
ئه‌مانه‌وێ له چ جۆره کۆمه‌ڵێکدا بژین! ! ئه‌وه گرنگ نه‌بوو له
لای ئه‌و. سیاسه‌ت له‌لای ئه‌و مسۆگه‌رکردنی ژیان بوو، پله‌وپایه
بوو خۆ به‌ئه‌نجامدان بوو، تێرکردنی ته‌ماحی شه‌خسی بوو، کۆمه‌ڵ و
مرۆڤیش که‌ره‌سه‌که‌ی. له ته‌ک چالاکی سیاسی و حیزبایه‌تی، لائیشی
هه‌بوو، بازرگانی ده‌کرد، دوو کۆمپانیا و یه‌ک ئوتێلی هه‌بوو، بێزی
نه‌ده‌هات شه‌ربه‌ت و میوه بفرۆشێ. به ئهقهڵهکهی خۆی و
جیهانه چکۆڵه‌که‌ی نیازی هه‌بوو ئیمپڕاتۆریه‌تێکی چکۆڵه بۆ خۆی
پێکه‌وه‌بنێ.
هه‌گبه‌ی
زانین و مه‌عریفه‌تی به‌تاڵ بوو به‌ڵام ته‌کنیکی هه‌ڵسوڕانی مرۆڤی
پاراو بوو، ئه‌وه‌ش نهێنی سه‌رکه‌وتنه له کۆمه‌ڵدا، له زمانی
زانست پێی ده‌بێژن لێهاتویی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ناخی خۆی،
ناوه‌وه‌ی خۆی، مرۆڤ هه‌رگیز ئه‌وانه باس ناکات، ده‌یشارێته‌وه،
بۆت ناگێڕێته‌وه، مرۆڤ قه‌ت نیازی دڵی خۆیت پێ ناڵێ، مه‌به‌ستی
خۆی ده‌رناخات له جیاتی رسته‌ی جوان دروست ده‌کات و پێت ده‌فرۆشێ،
به لاڕێدا ده‌تبات و وێڵت ده‌کات، ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه مرۆڤ زوو
ده‌ستی ئاشکرا ده‌بوو، ده‌تزانی کێیه، سڵت لێ ده‌کرده‌وه، هه‌ر
بۆیه ئه‌و که‌سانه به ستراتیژن هه‌ر له سه‌ره‌تای
ژیانیانه‌وه.
هێرش خۆی
کردبوو به مامۆستا و پسپۆڕی دێماگۆژی، خۆی فێری هه‌موو
ته‌کنیکه‌کانی کردبوو، پاساوی بابه‌تێ به بابه‌تێکی دی،
تێکه‌ڵاوکردنی بابه‌ت، سه‌رنج راکێشانی خه‌ڵک بۆ وشه‌ی قه‌به،
تیۆری کردنی بابه‌ته‌کانی، لاقسه، سه‌رنج لابردنی خه‌ڵک له‌سه‌ر
بابه‌ت. دێماگۆژی ئامڕازێکی کوشنده‌ی بێ به‌زه‌ییه له‌به‌رده‌م
مرۆڤی که‌م خوێنده‌وار.
دیبلۆم،
دێماگۆژی، قسه‌ی قه‌به، چاکه‌ت و پانتۆڵی ئاوریشم، خۆبه‌زل زانین
و فیز، رهقێتی، ده‌مامکێکه ناخی خۆی له پشته‌وه ده‌شارده‌وه تا
ناوه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێ، چونکه روخساری خۆی بۆ ناشاردرێته‌وه.
بۆ روخسار بینین ته‌نها چاو به‌سه به‌ڵام ناوه‌وه بینین
خوێنده‌واری و حیکمه‌تی ده‌وێ.
له جیهانی
ئه‌مانه‌دا زمان و زاراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، به فێڵبازی
ده‌ڵین ستراتیژی و تاکتیک، به راستی نه‌وتن ده‌بێژن دیبلۆماسی.
وتاری سیاسی
سیاسه‌تمه‌دار زۆر جوان ده‌ڕازێنرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌تاڵ
بکرێته‌وه له راستی و واقیع، واقیع تاڵه ده‌بێ شیرین بکرێت تا
قووت بدرێ، تا خه‌ڵکی په‌سه‌ندی بکات. سیاسه‌ت گه‌ر شیکردنه‌وه و
تێگه‌یشتنی له زانست‌دا ئاڵۆز بێ، موماره‌سه‌کردنی ئاسانه! .
هه‌موو رۆژێ
پێش ئه‌وه‌ی بچوایه‌ته ده‌ره‌وه، سه‌عاتێکی ته‌رخان ده‌کرد بۆ
ده‌ست هێنان به خۆیدا، جلوبه‌رگی، ته‌والێتی، به موکێش
گه‌نده‌موو هه‌ڵکه‌ندن، برۆ داهێنان، سمێڵ ساف و لوس کردن، به
بهلهپیتکه خۆی ده‌ته‌کاند، تا له خۆی رازی نه‌بوایه
نه‌ده‌چوه ده‌ره‌وه. هه‌رگیز ساتێکی ته‌رخان نه‌ده‌کرد بۆ
چاوخشانێ به ناوه‌وه‌ی خۆیدا، به هه‌ڵه‌ی خۆیدا بچیته‌وه، دوو
کتێب بخوێنێته‌وه، زانیاری پتر بکات. چونکه ئه‌و پاسپۆرتی پێ
بوو، دیبلۆمی زانکۆ.
ئه‌و سه‌رۆک
نه‌بوو له سه‌رۆک زیاتر ده‌سته‌ڵاتی هه‌بوو، وه‌زیر نه‌بوو که‌چی
له وه‌زیر پتر ده‌ستی ده‌ڕۆی. ئه‌بێ تۆڕی په‌یوه‌ندیت به‌هێز بێ!
. گه‌ر ژیان له‌شاردا هێمن بێ به روخسار، دوو ژیانی تێدایه، دوو
جیهانه، ئه‌وه‌ی به چاو ده‌بینرێ و ئه‌وه‌ی له ژێرزه‌مینی
شاردایه، له ژێرزه‌مینی شاردا کۆمه‌ڵێکی تر کارده‌که‌ن: دز و
جه‌رده، پیاوخراپ و ده‌ستبڕ، قاچاخچی و موخه‌ده‌رات فرۆش. هێرش
مایسترۆ بوو له ژێرزه‌مینی شار، ئه‌وه‌نده زیره‌ک بوو راسته‌وخۆ
خۆی نه‌یده‌کرد، پیاوی ده‌ستی دووی هه‌بوو، پیاوی خۆی هه‌بوو له
هه‌موو بازنه‌یه‌کدا، سه‌ودای له‌گه‌ڵ هه‌مویان ده‌کرد، کاره
ناشه‌رعیه‌کانی به‌وان جێبه‌جێ ده‌کرد. له ژێر زه‌مینی شار به
هۆی په‌یوه‌ندیه‌کانیه‌وه دیبلۆمی ساخته‌ی ده‌کڕی بۆ دۆست و
لایه‌نگره‌کانی تا سومعه‌یان بۆ په‌یدا بکا، له‌وێ باشترین دیبلۆم
ده‌فرۆشرا به که‌مترین پاره به مۆری ناڕه‌سه‌ن.
هاوینان له
سه‌ربان ده‌خه‌وت، زۆرجار شنه‌ی بای هه‌بوو، فێنک بوو، شار بێ
ده‌نگ و خامۆش بوو باڵنده‌ش نه ده‌فڕی، شه‌و که‌مێک زوو ده‌چوه
سه‌رجێگا بۆ خه‌وتن، له سه‌ر پشت خۆی ده‌دا به سه‌ر
دۆشهکهکهدا و ده‌ستی ده‌خسته پشت سه‌ری ئه‌مجا ته‌ماشای
ئاسمانی ده‌کرد، ده‌چوه خه‌یاڵه‌وه، ئه‌ستێره‌کان
ده‌دره‌وشانه‌وه له‌سه‌ر ته‌ختی ئاسمانی ره‌ش، ناڕیز بوون، جوان
بوون زۆر حه‌زی له جوانی سروشت ده‌کرد، به‌ڵام نه‌ده‌گه‌ڕا به
داوی ئه‌وه‌ی بۆ ناڕیزن، بیری لێ نه‌ده‌کردنه‌وه، روکه‌ش
به‌لایه‌وه گرنگ بوو، به‌س ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بینی که چاوی ده‌ی
بینێ. ده‌یگوت: " مه‌ستم، په‌ستم، مه‌ستی ژیانم. . . . . په‌ستم
له که‌سانێ جیهانیان به‌کۆمه‌ڵێ موشکیلهوه کردوه به شانیاندا
ده‌یانه‌وێ چاره‌ی بکه‌ن. ژیان ئاسانه و ساده‌یه گرنگ ئه‌وه‌یه
بزانی چۆن بژیت! ".
به‌یانیان
که ده‌چوو بۆ دائیره و له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی داده‌نیشت، له‌به‌ر
خۆیه‌وه منجه‌منجی ده‌کرد ده‌یگوت: " بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کورسیهت
ده‌ست بکه‌وێ، به په‌یژه‌ی کۆمه‌ڵدا سه‌رکه‌وی، له چینی
سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بنیشیته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کورسیه بپارێزی
ئه‌بێ شه‌ڕانی بی وه‌ک که‌ڵه‌شێر، حه‌ز له شه‌ڕه ده‌نوک بکه‌ی،
ده‌نوک بهاوی، تام بچێژی له زۆرانبازی، له خستنی خه‌ڵکی و دان
به‌زه‌ویدا، له خه‌ڵک به‌زاندن. هه‌روا به ئاسانی ئه‌م کورسیهت
ده‌ست ناکه‌وێ، هه‌ر زانیاری به‌س نیه، دیبلۆم ته‌نها
پسوڵهیهکه بۆ گه‌یشتن پێی ".
که
له‌گه‌ڵی داده‌نیشتی، خۆ هیچ شتێ فێر نه‌ده‌بوی لێی، جا ئه‌وه‌نده
قسه‌خۆش بوو هه‌رگیز بێتاقه‌ت نه‌ده‌بووی لێی، قه‌ت له قسه په‌کی
نه‌ده‌که‌وت، هه‌موو بۆشایه‌کی بێدنگی پڕده‌کرده‌وه، هه‌موو
کاتێ شتێکی هه‌بوو بیڵێ، قسه‌ی بێ مانا، نابه‌جێ، بێ تام، ته‌نها
ئه‌وه‌نده گرنگ بوو له لای ئه‌و که تۆ پێبکه‌نی. هه‌رگیز هیچ
جومناستیکی ئه‌قڵی و زانیاری و مه‌نتیقی نه‌ده‌کرد، عه‌زابی مێشکی
ده‌دا، ئه‌شکه‌نجه‌ی رۆحی بوو بۆی.
ئه‌و و
ئهمانو نمونه‌کانی، کۆتری سپی ئاشتی پڕ سۆز و نه‌رم و نیان نین،
باڵنده‌ی دڕنده‌ی گۆشتخۆرن له ئاسماندا له به‌رزایدا ده‌فڕن و
ده‌خوڵێنه‌وه تا ئاسۆی بینیان فراوان تر بێ، مرۆڤ و میلله‌ت، لاکی
گیانه‌وه‌رێکه له بیابانی چۆڵدا له دوی ده‌گه‌ڕین، هه‌ر که
به‌دیان کرد پێوه‌ی ده‌نیشنه‌وه تا پلێ گۆشتی پێوه‌بێ لێی
ناتهکنهوه، دوایش ئێسکه‌که‌ی ده‌مێنێته‌وه، ره‌قه و ناخورێ
به‌جێی ده‌هێڵن. مه‌گه‌ر رۆژێ له رۆژان شوێنهوارناسێ رێی
بکه‌وێته ناوچه‌که و ده‌ست نیشانی بکات، کێیه و کێ بوون ژیاون
له‌م بیابانه‌دا، بیخاته لاپه‌ره‌کانی مێژوه‌وه.
مرۆڤ ته‌نها
که مرد ده‌توانرێ کاروکرده‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگێنرێ، له
تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌ختدا ده‌مامک داده‌که‌وێ، به نیگایه‌کی تیژی
پانۆڕامی ته‌ماشای هه‌ڵسوکه‌وت کرا ده‌مامک وورده وورده
ده‌توێته‌وه.
****
پاشکۆ
شارستانیه‌کان دێن و ده‌ڕۆن، ده‌پوکێنه‌وه، له لایه‌کی دی ده‌ست
پێ ده‌کرێته‌وه، غه‌زه‌بی خوا بێ یا شێتێتی مرۆڤ، مه‌ته‌ڵێکه بۆ
هه‌ڵهێنان. نهێنیه‌که بۆ ئاشکراکردن. رۆژگار دێت و ده‌ڕوا،
شوێنه‌وار و شوێن پێ به‌جێ ده‌هێڵێ، ده‌رس له رابردوو وه‌رگیرا
ئهمرۆکهشی پێ چاک کرا، ژیان باشتر ده‌بێ، پاشهرۆژیشی پێ روناک
ده‌کرێته‌وه. له‌وانه‌یه به پێچه‌وانه‌شه‌وه روو بدا، گه‌ر
غه‌زه‌ب باری و گێژلوکه ده‌ستی پێ کرد. گه‌وره‌یی. . . ئای
گه‌وره‌یی، بۆ گه‌وره‌یی هه‌وڵ ده‌دا و داستانی خۆی به‌جێ
ده‌هێڵێ، مرۆڤیش وه‌ک به‌شیک له گشت داستانی خۆی پیاده ده‌کا.
2004 10 08
سوید
* مرۆڤ له
هه‌ر کوێ بێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی به روخسار جیاوازه به‌ڵام له
ناوه‌وه له یه‌ک ده‌چێ، هه‌ر که‌سێ بی خوێنێته‌وه له‌وانه‌یه
بیهێنێته سه‌ر خۆی. من شک له خۆشم ده‌که‌م.
پێشه‌کی و
پاشکۆ م بۆ داناوه، له جیاتی پرۆلۆگ و ئێپیلۆگ له زمانی فه‌ڕه‌نسی
که ده‌خرێه پێش هه‌ندێ جۆری رۆمانه‌وه، من ئه‌نتی_ کۆنفۆرمیزم.