هةلَبذاردن و باشووري كوردستان .... مةنسوور عةزيزي

 

زۆر جار كه باسی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین، به شاخ و باڵی خۆماندا هه‌ڵده‌ڵێین و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كه‌م جار سه‌رهه‌ڵدانی ژیان به زێدی خۆمان داده‌نێین و له مه‌زوپوتامیاوه دێینه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی ماده‌كاندا و ده‌م له شارستانییه‌ت و پێشكه‌وتنی هزری و رۆشنبیرێتی گه‌لی خۆمان ده‌ده‌ین.

له سه‌ره‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌وه، هێزانێك هه‌ن كه پێیان ده‌ڵێین: حیزب یان پارت یان به‌ره و. . .

به ئاماژه دان به‌و ناوانه و بیر له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی كوردی كردنه‌وه، ئه‌وه‌مان زۆر به روونی له لا روون ده‌بێته‌وه كه ئێمه‌ی كورد گه‌ر نه‌یاریش له نێومان نه‌با، بۆ خۆمان هێزێكی زۆر بزووتین له پێناو له ناوبردنی خۆمان. له یه‌كخستنه‌وه‌ی پارله‌مانی كوردستاندا، كاك مه‌سعوود و مام جه‌لال زۆر به ئاشكرا هه‌ر یه‌كه‌و به نۆبه‌ی خۆیان ئاماژه‌یان به‌وه دا كه جه‌نگی برا كوژی تاوانی ئه‌وانی تێدا نه‌بووه و گه‌ر دادگایه‌ك هه‌بێت دادگاییان بكات، ئه‌وان بێتاوان ده‌ر ده‌چن. ئه‌م ده‌ربڕینه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌كه، به تایبه‌ت ئێران و توركیه له هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه كاریگه‌ر بووه و ناچار بوونه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ مانه‌وه‌ی خۆی په‌نا به‌رێته به‌ر داوای یارمه‌تی له وڵاتێكی دراوسێ. زۆر سه‌یره، پارته كوردییه‌كان، پێشڕه و ئه‌رك له سه‌رشانی گه‌ل، كوردستانی و نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی بیر ده‌كه‌نه‌وه، كه چی له لایه‌كی دیكه‌وه یه‌ك بڕیاری توركان ده‌كاته یاسا و یه‌ك له ئاخونده‌كانه‌وه ریسا وه‌رده‌گرێت. جگه له دانیشتنی واشنتیۆنی نێوان كاك مه‌سعوود و مام جه‌لال، ده‌توانین بڵێین ئال و گۆڕه‌كانی پاش 11ی سیپتامبر، گه‌وره‌ترین هه‌لیان بۆ كورد سازی كه به‌و داوایه بگات وا سه‌دان ساڵه خه‌ونی پێوه ده‌بینێت. سوێند خورا له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه و به‌ڵێنی ئه‌وه درا كه به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بخرێته پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تاكه كه‌سییه‌وه. به‌ڵام ئایا حیزبه‌كان تا چه‌نده پابه‌ند بوونه به‌و سۆزه‌ی كه دایان به گه‌ڵ؟ ئایا گه‌ل تا چه‌نده لێیان رازییه؟ كوا ده‌سكه‌وته‌كان؟ وه‌ك سه‌رۆك قه‌زافی ده‌ڵێت: كورد هه‌ر عێراقییه‌كه‌ی جارانه و ئێستا ده‌لێن ئه‌وه‌نده وه‌زیرمان هه‌یه، خۆ زۆر جاری دیكه كورد خاوه‌ن وه‌زیر بووه له ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیدا. كوا ئه‌و یه‌كگرتنه كه ماڵی كورد یه‌كبخات؟ ئایا پارتی دێمۆكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی تاكه‌ی پێش به‌وه ده‌گرن كه ماڵی كورد یه‌كگرێته‌وه؟ له چالدۆران و لۆزاندا بێگانه وڵاتی ئێمه‌ی دابه‌ش و له‌ت له‌ت كرد، كه‌چی لێره رێبه‌ران و پێشڕه‌وان و ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌له‌كه‌مانن كه ماڵی كوردیان شێواندووه.

له مێژووی گه‌لی مه‌دا به پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان، كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كیمان لێكراوه، بۆ خۆشمان ده‌ستمان ناوه‌ته كه‌لاوه‌ی یه‌كدی و یه‌كگرتنمان له گه‌ل نه‌یاره‌كه‌مان پێ باشتر بووه له یه‌كگرتن له گه‌ڵ خۆماندا. ئه‌وه بووه كه، وه‌ك دارده‌ست، جاش و نۆكه‌ر ئه‌وه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان پێیان دیكته كردووین، به دژ براو خوشك و وڵات و گه‌لی خۆمان، به كارمان هێناوه.

گه‌ر جاران پارتی دێمۆكرات و یه‌كێتی نیشتمان پێیان وابوو كه وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ناهێڵن ماڵی كورد یه‌كبخرێت، ئه‌وڕۆ زلهێزێكی وه‌ك ئامریكا هاوپه‌یمانی كورده و هیچ پاساو و به‌ربه‌ستێكیش ناتوانرێ بهێنرێته‌وه بۆ گه‌ل كه، بۆ ماڵی كورد یه‌كناخه‌نه‌وه. گه‌لی كورد له باشوور ئه‌و دوو پارته‌یا‌ن وه‌ك سه‌ركرادیه‌تی سیاسی خۆیان دان پێدا ناوه و ملكه‌جی بڕیاره‌كانیانن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه گه‌لی كورد لایه‌نگری دوو له‌ت بوونی باشووری كوردستانن. هیچ پاسا و بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئیداره‌یه، كه‌چی هه‌ر جاره و له پێش چاوی خه‌ڵكدا داده‌نیشن و له پشت په‌رده‌ی گومانه‌وه ده‌دوێن و پاشان هه‌ر جاره و شتێك به خه‌ڵك ده‌لێن.

باشووری كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی هه‌لی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه بۆ سه‌ربه‌خۆ بوون، ئه‌وه‌نده‌ش مه‌ترسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن. یه‌كه‌م و پیسترین هه‌ڕه‌شه، جه‌نگی برا كوژی و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی ماڵی كورده. دووه‌م، چاوی ته‌ماعی وڵاتانی ده‌وروبه‌ره له لایه‌ك بۆ سامان و به‌روبوومه‌كه‌ی و له لایه‌كی دیكه بۆ رماندنی باوه‌ڕی كورد به سه‌ربه‌ستی. له لایه‌كی دیكه‌وه گه‌ر كورد له باشووری كوردستان، ئه‌مجاره‌یان به داوا ره‌واكانی خۆی نه‌گات، له چوارجێوه‌ی یاسا و بیری مافی شارۆمه‌ندی و عێراقی بووندا، كه‌سایه‌تی وڵاتی و نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ری زمانی و كولتووری و فه‌رهه‌نگی خۆی له ده‌ست ده‌دا و ده‌بێ به به‌شێكی تێكه‌ل بوو و تاواوه له نێو عێراقی عه‌جه‌مدا.

ئه‌زموونی باشووری كوردستان كارتێكه‌ری زۆر گرنگی له ئه‌زموون و شۆڕشی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌یه، كه‌واته نه‌هامه‌تییه‌كان ته‌نیا پارچه‌یه‌ك له كوردستان ناگرنه‌وه، به‌ڵكو چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌گرنه‌وه. له‌م تاقی كردنه‌وه نوێیه‌دا كه وه‌ك هه‌ل بۆ كورد هه‌ڵكه‌وتووه، نابێ پارته كوردییه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و بۆ خۆی و حیزبه‌كه‌ی و بۆ گیرفانی رێبه‌ره‌كه‌ی خۆی هه‌وڵ بدات. له گه‌رمه‌ی جه‌نگی دژه تیرۆردا كه قازانجه‌كانی گه‌لی كوردی پێوه به‌نده، جارێكی دیكه جۆرج بۆشی كوڕ، ده‌نگی هێنایه‌وه و ئه‌م به‌ره‌یه‌ش له لایه‌ك هاوپه‌یمانی كوردن و له لایه‌كی دیكه‌وه ئاشنا به دۆزی كوردن له‌مڕۆدا و له رێڕه‌وێكیشه‌وه به ناوچه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕن كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردیش خۆیان له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه. سه‌ركردایه‌‌تی كورد نابێ دۆزێكی وا پێك بێنێت كه ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ك ئامریكا به دوای دۆستێك یان ئاڵترناتیڤێكی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ هاوپه‌یمانه‌تی. له بیرمان نه‌چێت كه ئه‌مجاره‌یان گه‌ر كورد بدۆڕێت، رقێكی گه‌وره‌تر له لایه‌ن گه‌لان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ر به دژی رواوه و رووی له زیادی كردووه و به دڵنیاییه‌وه ره‌وتی دواخستنمان و كوشتن و بڕینمان روو له په‌ره‌سه‌ندن ده‌كا. گه‌ر شتێكی ئاواش روو بدات ته‌نیا و ته‌نیا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به‌رپرسیاره. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه توركیه به هه‌موو هێزێكییه‌وه، واته هێزی دیبلوماسی و سه‌ربازی له هه‌وڵدایه بۆ له خشته بردنی كورد.

سه‌ركرادیه‌تی سیاسی كورد له باشووری كوردستان نابێ سه‌ر له كورد بشێون و رێباز و داواكانیان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه. هه‌ڵبژاردنه‌كان و كێشه‌ی كه‌ركووك و رۆیشتن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی له پێش كورده. با سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كارێك نه‌كه‌ن كه كورد جارێكی دیكه ئه‌نفال بكرێ و شیمیایی لێبدرێت. ئه‌وه بزانن گه‌ڕ به‌و ره‌وته بتانه‌وێت رێبه‌رایه‌تی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه‌یه بكه‌ن و قه‌ت نه‌هێڵن كورد بڕیاری خۆی بدات، رۆژێك دادێت كه سه‌رجه‌م ژیانی تێكۆشانیشتان له پێناو سه‌ربه‌ستی گه‌له‌كه‌ماندا، خه‌ڵك حاشای لێده‌كا و باستان ده‌به‌نه كۆركۆره‌ی ئاشی.

به هیوای ئه‌وه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له باشووری كوردستان به داواو ویستی گه‌له‌كه‌مان له باشووردا بچنه‌وه‌و به پراتیك ئه‌و ده‌قه گرنگه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تاكه‌كه‌سی، ره‌چاو بكه‌ن و بیكه‌ن به پێڕه‌و! !

 

 

04. 11. 2004

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org