تةوقة ناكةم، طوناحة! ... هصمن عةبدولَلآ

دوای کوژرانی رۆژنامه‌ڤانی هۆڵه‌ندی (تێیۆ فان خۆخ) به‌ ده‌ستی جحێڵێکی ئیسلامیی توندڕه‌و، پێده‌چێت قۆناغێکی نوێ له‌ پێکه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش له‌ نێوان خه‌ڵکی هۆڵه‌ندی و بێگانه‌کاندا له‌و وڵاته‌ ده‌ست پێبکات، دوایین بوویه‌ره‌کان هیچ دڵخۆشکار نین، سوتاندنی مزگه‌وت و که‌نیسه‌ و قوتابخانه‌ی ئایینی له‌ وڵاتێکدا که‌ نه‌ک هه‌ر بانگه‌شه‌ ده‌کات به‌ڵکو به‌ کرده‌وه‌ش سه‌لماندوویه‌تی وڵاتی ئازادیی ڕاده‌ربرینه‌ زه‌نگێکی خه‌ته‌رناکه‌و پێویسته‌ به‌ جددی وه‌ربگیرێن، کاردانه‌وه‌ی نوێی حکومه‌تیش سنوور دانان و ڕێکخستنی سیستمێکی نوێیه‌ بۆ هه‌ڵسوکه‌وتکردن ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا که‌ هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ن، یه‌کێکی هۆڵه‌ندی و یه‌کێکی ئه‌و وڵاته‌ی لێیه‌وه‌ هاتوون (له‌ بیر مه‌که‌ن بکوژی فان خۆخ دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌بوو!!) .

 

 

 

 

 

دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو گروپێک که‌ پێکهاتبوون له‌ په‌نجا وتارخوێنی مه‌غریبی به‌ ناوی جڤاکی مه‌غریبییه‌وه‌ ڕوویان له‌ وه‌زیری گونجاندن و سروشتیبوون (کاروباری په‌نابه‌ران) ی هۆڵه‌ندی کرد و دیمانه‌یه‌کیان ده‌گه‌ڵ سازدا، دیاره‌ ئه‌و دیداره‌ بۆ زۆرتر لێتێگه‌یشتن و بۆچوون پێشکه‌شکردن بوو، به‌ڵام هه‌ر زوو بێده‌ره‌نجام ده‌رچوو، یه‌کێک له‌ مه‌لاکان ئاماده‌ نه‌بوو وه‌ڵامی ده‌ستراکێشانی وزیری په‌نابه‌ران بۆ ته‌وقه‌ کردنێک بداته‌وه‌، چونکه‌ به‌ پێی بڕوای وی و به‌ پێی شه‌رع حه‌رامه‌!!، خانمی وه‌زیریش به‌رسڤی بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌: (پێموایه‌ من و تۆ یه‌کسانین – وه‌ک یه‌کین -!) .

* * *

من ئه‌و هه‌واڵه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی (دی تێلێخراف) ی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا خوێنده‌وه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا و وێرای وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی خانمی وه‌زیر (ریتا فێردۆنک) که‌ تیایدا ده‌ستی بۆ ته‌وقه‌ درێژ کردووه‌ و مه‌لای به‌رامبه‌ریشی حاڵه‌تی به‌رهه‌ڵستیکردن به‌ ده‌موچاویه‌وه‌ دیاره‌، به‌ مانشێتێکی گه‌وره‌ش نووسرابوو: ته‌وقه‌ له‌ گه‌ڵ فێردۆنکدا ناکرێت!، دوای دیتنی ئه‌و دیمه‌نه‌ سه‌رم به‌رز کرده‌وه‌ و ده‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌ی له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدا به‌ره‌و ئه‌مسته‌ردام ده‌ڕۆیشتین که‌وتمه‌ باسکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، پێموابوو ئه‌و مه‌لایانه‌ ڕۆڵێکی خراپیان له‌یزیوه‌ له‌ ناشیرینکردنی ڕووی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی و ده‌مگوت: مرۆڤ هێنده‌ کراوه‌نه‌بێت که‌ بتوانێت ده‌گه‌ڵ ژنێکدا ته‌وقه‌ بکات، حه‌یفه‌ لێره‌ بژیت.. به‌ڵام کابرای هۆڵه‌ندی به‌ له‌سه‌رخۆیی پێی گووتم: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ شته‌که‌ بڕوانه‌، ئێره‌ وڵاتێکه‌ تۆ ئازادیت چۆن بیر ده‌که‌یته‌وه‌، بۆیه‌ش ته‌وقه‌ بکه‌ی یان نه‌یکه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خۆته‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لێره‌ وه‌زیرێک ده‌یه‌وێت کاری (گونجاندن) بکات که‌ ته‌نانه‌ت نازانێت به‌ پێی دینی ئیسلام ژن و پیاو پێکه‌وه‌ ته‌وقه‌ ناکه‌ن!!، که‌سێک کولتوره‌کان نه‌ناسێت چۆن ده‌توانێت پێکه‌وه‌ بیانگونجێنێت؟!.

* * *

وا باوه‌ر ده‌که‌م که‌ خانمی وه‌زیر بۆیه‌ ئه‌و کاره‌ی کردووه‌ تا بۆ خه‌ڵکی هۆڵه‌ند بیسه‌لمێنێت که‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ توندانه‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی بێگانه‌ ده‌یگرێته‌ به‌ر هه‌ڵه‌ نین و له‌ ڕاستیدا له‌ گونجاندنیان له‌ کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا نائومێد بووه‌.

به‌ڵام قسه‌ی کابرای هۆڵه‌ندیم به‌رده‌وام له‌ گوێدا ده‌زرنگێته‌وه‌ که‌ گوتی:

که‌سێک کولتوره‌کان نه‌ناسێت چۆن ده‌توانێت پێکه‌وه‌ بیانگونجێنێت؟!.

www.hemnabdulla.blogspot.com

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org