خامنةئي بةعةرةبي دةدوصت ... مةنسوور عةزيزي

 

له به‌ره‌ی نوێ و به جه‌مسه‌ر بوونی لایه‌نگرانی تیرۆر، خه‌باتێك له لایه‌ن " مجتهد " و" فقیه " ه ئیسلامییه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكردووه كه مرۆڤایه‌تی وه‌بیر جه‌نگی سه‌لیبی و سه‌رده‌مانی مێژووی سه‌لاحه دینی ئه‌یووبی ده‌خاته‌وه.دوو ماڵی شیعه و سوننه، ئه‌مڕۆ له یه‌ك به‌ره‌ی گوماویدا بوونه به یه‌ك و دژ به هاتنی رۆژئاوا به گشتی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئامریكا به تایبه‌تین له ناوچه‌كه‌دا.

پاش هاتنه سه‌ركاری ئاخونده‌كان له ئێران، ویستیان ماڵ و بیری شیعه‌گه‌ری به جیهاندا بڵاو بكه‌نه‌وه و ناوه‌ندی هزری ئیسلامی كه هه‌مان مه‌كه‌یه، بخه‌نه ژێر ركێفی خۆیان.پاش هاتنه سه‌ر كاری رژێمی كۆماری ئیسلامی جه‌نگی عێراق و ئێران ده‌ستی پێكرد و له جه‌رگه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌دا سه‌رجه‌م وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پاڵپشتی به هێزی سه‌دام بوون و به "عزالعرب" یان دا‌ده‌نا.واته له‌و ده‌مه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا عه‌ره‌ه‌به‌كان له بیری سه‌ركه‌وتنی دوباره‌ی قادسییه‌دا بوون و ئاخونده‌كانیش له هه‌وڵی بڵاو كردنه‌وه‌ی بیری شیعه ویستی.له هزری ئیسلامی سه‌له‌فی جیهادییه‌وه، شیعه‌كان موسڵمان نین و جێگایان دۆزه‌خه.هه‌رو‌ا له روانگه‌ی بیری شیعه ویستیه‌یه‌وه سوننییه‌كان موسڵمان نین و به پێی ویستی پێغه‌مبه‌‌ر هه‌ڵس و كه‌وت ناكه‌ن.

سه‌رده‌م وای كردووه كه سوننه ببێ به شیعه و شیعه ببێ به سه‌له‌فی و له هه‌مبه‌ر هێزێكه‌وه بوه‌ستن كه ده‌یه‌وێت دێموكراسی زاڵ بكات به سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.له هه‌مبه‌ر عه‌ره‌ب و دووڕگه‌ی عه‌ره‌بیدا، ده‌بێ بڵێین كه ته‌نیا بیری سه‌له‌فی جیهادی نه‌بێت، سه‌رجه‌م وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان له هزری ئه‌وه‌دان كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان به به‌رژه‌وه‌ندی ئامریكاوه ببه‌ستنه‌وه و حوسنی موباره‌ك كه ئه‌گه‌ر جێی جه‌مال عه‌بدولناسری گرتبێته‌وه، شه‌و ورۆژ له بیری ئه‌وه‌دایه، ئامریكا ئه‌ركێكی پێ بسپێرێت و پاشان مافه ده‌ستی پێبدات.به‌ڵام كه دێینه سه‌ر باسی ئێران و دۆزی ئێران له‌م سه‌رده‌مه، ده‌بینین هێزێكی توتالیتاری و دیكتاتۆر، له ژێر په‌رده‌ی ئیسلام و بۆ ئامانجه تایبه‌تییه‌كانی خۆی، ده‌یه‌وێت ببێ به ژاندارمی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست.پاش خومه‌ینی، خامنه‌ئی ده‌یه‌وێت رۆلی رێبه‌رایه‌تی جیهانی ئیسلام بگێڕێت و هه‌ر راست له پاش ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی بۆش بۆ جارێكی دیكه، خامنه‌ئی بوو به عه‌ره‌ب و ئه‌مجاره ئێدی راسته‌و خۆ پێی نایه قۆناغی ئوسامه گه‌ری و قامكی مردن له پێناو ئیسلامی دژ به ئامریكا راكێشا.

 به‌ڵام ئایا خامنه‌ئی كوێی دێشێت كه ئاوا زوو بوو به عه‌ره‌ب و ووشه و و ووته‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانی روو كرده ئامریكاو بوو به هزری به بیری به نه‌جات، بۆ جیهانی ئیسلام.

ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران به بڕوبیانووی به‌ره‌ی چاكسازی خواز و ووتووێژی شارستانییه‌ته‌كان و...، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر جیهانی خسته سه‌ر كار و ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی تا ده‌هات بیری ئازادی خوازی و نووسین و راده‌ربڕین له چوارقوژبنی وڵاتی ئێران ده‌كوژران، ده‌به‌ستران و له نێو ده‌بران.رووكردی هه‌ڕه‌شه‌كانی خامنه‌ئی زیاتر ترسی ناوه‌كی وڵاتی ئێران به گشتی باس ده‌كات.ده‌سه‌ڵاتی 25 ساڵ ته‌مه‌نداری كۆماری ئیسلامی كه ئێستا مستێك ئاخووند به ویستی دڵی خۆیان ده‌خۆن و ده‌به‌ن و ده‌سووتێنن و ده‌نۆشن، ئایا هه‌ره‌شه‌یه‌كی گه‌وره نییه له ناوه‌وه بۆ خودی خامنه‌ئی؟ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه نه‌ته‌وایه‌تی و كولتوری و فه‌رهه‌نگییه‌كان، ئایا هه‌ره‌شه نین بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران؟ به كاربردنی نزیك به 5 ملیارد دولار بۆ ده‌ست گه‌یشتن به چه‌كی ناوه‌كی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییه‌وه و یارمه‌تی دانی باند و گورۆپ و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، له كاتێكدا كه بێكاری و برسێتی و ژیانی مه‌ژی و مه‌مره سێبه‌ری داخستووه به سه‌ر وڵاتدا، ئایا هه‌ڕه‌شه نین بۆ له ناو بردنی رژێم له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه؟

ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ئه‌مجاره‌ی خامنه‌ئی له كاتێكدایه كه بۆش، هه‌روه‌ك باسمان كرد، جارێكی دیكه ده‌نگی پێدراوه له لایه‌ن ئامریكاییه‌كانه‌وه.كاروانی ئاڵ و گۆڕه‌ نوێیه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌وانه‌یه ئاقاره‌كه‌ی له ئێرانه‌وه ده‌ست پێبكات.ماوه‌یه‌كه دیبلوماسی سوریه‌یی و ئامریكی له په‌ره‌سه‌ندندایه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه په‌لاماردانی سوریه وه‌ك وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌ش له كاتێكدا كه چاوه‌ڕوانی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین له ده‌سه‌ڵاتی ئامریكا ده‌كرێت، شتێكی دژواره.هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی له ئێران، زۆر له بارتره.له به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لانی ئێران به گشتی، له‌وه زیاتر توانای وه‌زاڵه هاتنیان نییه و پێشوازی له نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كه‌ن.دووه‌م له به‌ر ئه‌وه‌ی دێمۆكراسی به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئێراندا بڕه‌وی پێنادرێ و باس له مافی مرۆڤ و ئازادی ده‌نگ ده‌ربڕین له ئێراندا، هه‌مووی درۆیه.له ئاست دۆزی ئابووریشه‌وه، ئێران له پله‌یه‌كی زۆر نزمی توانای ئابوریدایه و رێژه‌ی بێكاری و بێ به‌رنامه‌یی و نالایقی كاربه‌ده‌ستان، زۆر له سه‌ره.له ئاست كێشه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌یانه‌وێت به هه‌رشێوه‌یه‌ك كه بووه ده‌ستیان به چه‌كی ناوه‌كی بگات، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئێسلامی ئێران وه‌ك تێرۆریست و تیرۆریست په‌روه‌ر له لیستی ره‌شی ئامریكادایه و هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌ره.بنه‌ما وباسێكی دیكه‌ش كه زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه كه وڵاتانی رۆژئاوایی ئێرانێكی خاوه‌ن چه‌كی به‌ هێز و توانا له بواری به‌رگری و هێرشه‌وه، قه‌ت به سنگێكی فراوانه‌وه وه‌ر ناگرن.

لێره‌دایه كه ده‌بینین وڵاتانی ئوروپیش هاوده‌نگ ده‌بن له گه‌ڵ ئامریكا له هه‌مبه‌ر ئێران و كێشه‌كه‌یدا.ناوچه‌كه‌ش، وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، هێزێكی ئه‌وتۆی تێدا نییه كه پێش له‌وه بگرێت ئامریكا ده‌ست بخاته نێو دۆزی ئێرانه‌وه.

ئاكامه‌كه له‌وانه‌یه ئه‌وه بێت كه رژێمی كۆماری ئیسلامی كه تا دێت و ته‌ریك ده‌بێته‌وه، له‌وانه‌یه یه‌كه‌م ئاڵ و گۆڕی ئه‌مجاره‌ی له ناوچه‌كه دا‌ بۆ ببێت به به‌ش و هه‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بێت كه خامنه‌ئی هێنابێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه به عه‌ره‌بی له نوێژی جومعه‌دا هاواری لێ به‌رز بێته‌وه و په‌نا بۆ جه‌مسه‌ر به‌نی ئیسلامی به‌رێت.

مه‌نسوور عه‌زیزی

05.11.2004

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org