خــــةزان ... مةنسوور عةزيزي

 

خه‌زانی ته‌مه‌ن

له هه‌نبانه‌ی خودایه‌كه‌وه ئۆقره‌ی هه‌نیسكی

لێبڕاوه و

قه‌ره‌وێڵه‌ی هه‌ناسه‌ی

شۆخێك

له به‌رواری ده‌نگی مێژووه‌وه

بۆ چركه ساته‌خنكاوی

هزر

ده‌گه‌ڕێ!

تابڵۆیه‌ك روو له نه‌زانی ده‌كا و

به‌ره‌و گه‌مژه‌یی

گاڕانێك

خۆی له خۆڵه‌مێشی

ره‌نگ ده‌گه‌وزێنێ!

تابڵۆیه‌ك روو ره‌شه و

فریشته

تابڵۆیه‌كیش

له مه‌ڵبه‌ندی قات و قڕی ده‌ڤه‌ری

ئاگرداندا

به دوای

هه‌ناسه‌وه‌یه!

سڵ سڵ سڵ!

زمان سڵی له

زاره و

زار سڵی له چاوه و

چاویش له

گوێچكه ده‌ترسێ!

گۆ خڕه‌ی سه‌ری ئه‌م ووشكاییه‌ی

جه‌سته

مه‌ڵبه‌ندی گشت

ئاژاوه‌كانه!

من

ئه‌بم به زمان و تۆش به

گوێ!

ئه‌و به زار و

سێبه‌ریش سڵی له قه‌مته‌ری قه‌ڵافه‌تی

چپه‌یه!

من و تۆ

له ده‌ره‌وه‌ی ده‌روونه‌وه له بازنه‌یه‌كی گوماویدا ده‌ژین!

لاقه‌كانمان له گره‌وی

هه‌نگاوماندایه!

من

له ته‌ڵه‌ی زمانی تۆدا له گیرم و

تۆش

له داخراویی مۆته‌كه ئاسای مندا

مردووی!

به‌ربه‌ست له به‌ر بینه قاقای

ره‌وینه‌وه‌دا بووه به

چقڵ!

پێ

له قووڕاوی مه‌نگی ره‌شچاره‌یه‌كی

ناوه‌ڕاستی ئه‌م

گۆیه‌دا

قه‌تیسی به‌رۆكی گرتووه و

شه‌قام ده‌مامكی گرژی لێداوه!

ووشه‌كان نابێ یه‌كدی بناسن

رسته‌كان نابێ بزێن

نوێكان

ده‌بێ

بمرن

شه‌قام هه‌ر شه‌قامی هزره ووشكه‌كانه و

سه‌رجه‌م وه‌رزه‌كانی نێو فیلمی ئه‌م رۆمانه

وه‌ك فیلمی كێسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن،

هه‌موو ته‌ماوین و

رۆژ له بناوه‌چه‌وه

كوژراوه!

داخۆ بڵێی ئاسمانی ره‌نگی، سبه‌ی ده‌نگه‌كانی ئێمه

هه‌مان شانسی منداڵدانی

دایكمان

نه‌بن كه هه‌روا

ناڕوون و وون و ووشك و تاریك

ده‌مانناسن؟!

من و تۆ له ئاكامی به‌ختێكی سه‌رشێتدا

له ده‌ڤه‌ری هه‌زاران ساڵه‌ی بێسنووردا

خۆمان ناسی و خۆمان گرت و ئێستاشی له گه‌ڵ بێت

بێسنوورین!

جله‌شڕه‌ی ئه‌سپی ئه‌م هه‌واره له گه‌ردنی

تاشه به‌ردێكه‌وه به سه‌ر قادرمه‌ی هه‌سكه‌وه

خۆی له ده‌شتی كاكی به كاكی جیهانی تینوویه‌تیدا

دیوه‌ته‌وه!

من ئه‌ڵێم، واچاكه

بۆ سنوور نه‌گه‌ڕێین!

وه‌ره مه‌مۆ

خۆت له به‌رۆكی شه‌ماڵ بده و

شه‌نگه زینا ده‌لالا ده‌ڤه‌را هه‌ڤپه‌یڤینێ

بخه‌ره دوا سوار و

برۆنه كێله‌كا ڤلاتا

ژوانداره‌تیێ

بێستوونێ

پڕ به ئاسمان له پشت تاریكی

هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كدا گوومان چه‌پكی به‌ستووه

من و تۆش له شه‌وگه‌رانی ژار پڕ به پێستی ئاتێنه‌وه

وه‌ك سوقرات به دوای مردندا

ده‌گه‌ڕێین.. .

له بیرته چۆن له ووشه زێڕینه‌كانی خواوه

ووشه‌ی ئه‌نفالیان كرده مل منداڵانی ئه‌م

وڵاته.. .

مه‌یه

سنووری ئه‌م حه‌زه له پیاڵه‌ی مه‌یه‌كه‌ی

خه‌یام

ناڕوونتره!

مه‌ڕۆ.. .

دوا هه‌وارگه‌ی كۆچی ئه‌م رۆشتنه سنووری خۆی له‌وپه‌ڕی

كێلی گۆڕستان زیاتر،

ناگوازێته‌وه!

وه‌ره

من و تۆ دووباڵی یه‌ك

كۆترین و

به دوای فڕینی یه‌كجاریدا وونین

له‌وه‌ته‌ی هه‌ین هه‌ر له فڕینداین كه‌چی

قه‌ت به لووتكه نه‌گه‌شتووین

خه‌زان ناوێكی ئاشنای ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی

من و تۆیه

خه‌زان خۆمانین!

ئه‌ها، ئاگات لێیه كه ته‌نانه‌ت خۆشمان ناناسین

لاپه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ڵده‌وه و ئاوێنه‌یه‌كی بۆ دانێ

مووچركه‌ی خه‌زانه‌كه‌ی

هه‌ڵه‌بجه‌م

به گیاندا دێت.. .

ئه‌و به‌یانییه، شه‌فه‌قی شه‌وژوانێكی دوێنێ شه‌و

ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشته

ئه‌مشه‌و.. .

لانكه‌یه‌ك بۆ دواجارترین هه‌ناسه بوو به

خۆراكی وێنه ‌هه‌ڵگرێكی گه‌ڕۆك

كۆرپه‌یه‌ك چه‌چه‌ی نایه نێو ده‌ستی باوكی و

عومه‌ری خاوه‌ر، تراژیدیای سه‌ده‌ی بیسته‌م كردی به

په‌یكه‌ر.. .

وه‌ره

وه‌ره با ووشه‌ی كۆچ

 بشۆینه‌وه

با

 سڵ

 له نێوانماندا نه‌مێنێت

من من و تۆ تۆ له دوو توێی ژیانی مه‌دا

بوونه به

 كێچ و

 له كه‌وڵی یه‌كناسینمان كه‌وتوون

تۆ

 له لێواره‌ی سنوورێكی ده‌ستكرده‌وه

 سنوور بۆ من داده‌نێیت و

منیش بوومه به لرفه‌ی لووله‌ی تفه‌نگێك و

وه‌ك گورگێكی برسی به دوای كه‌وڵه‌كه‌ی تۆدا

وێڵم!

مه‌نوو

له ژێر پێڵووی ئه‌و نووستنه‌دا، ته‌رزه شینی هه‌ور ده‌گێڕێ

ئێمه وونین

وونه‌كان نابێ بنوون

داڕشتن له كوێوه ده‌ست پێده‌كا

له یه‌كه‌م داڕشتندا پیاوێك به پێ خاوسی له گه‌ڵ بووه

ژنێك له جوانی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی خۆیدا

نوقمی زوخاو و منداڵێك له‌وه‌ته‌ی هه‌یه

رووت و قووته!

ئه‌م شه‌وگاره له شه‌قامی وونان ده‌چێ

ئه‌م بۆن و به‌رامه‌یه له ناوئاخنی نهێنییه‌كی

جه‌رگبڕدا

 له‌قاوی ده‌ربڕین

 ده‌دا

له ووشه‌نامه‌ی كاروانی جیهانناسیدا

به ئامێزی چاوێلكه‌ی بڤه‌وه

لێكپرژان و تێكه‌ڵ بوونی

ره‌نگ

ده‌بینم!

پۆستاڵی به‌ن به‌ندی توونده پێی پڕ رقی

سه‌ربازێك

له پێشێل كردنی رۆحی ئێسكێكی لیلكدا

شا، یه‌كه‌م نومره‌ی

پێبه‌خشی!

وه‌ره زینۆ

با له ئه‌شكه‌وتی جیهانی ده‌لۆشیدا

تێپه‌ڕین و

كڕنۆش بۆ هه‌رچی جوانه، به‌رین!

ئه‌م گۆڕه‌پانه

له شانۆی جێته‌خت و نشیمه‌ن و پێته‌ختی

شایه‌ك ده‌چێ كه

هه‌ناسه‌ی خۆی ناناسێت!

ئه‌م

ره‌وه

له مردنی كۆچی په‌ڕه‌سیلكه‌كانی بازاڕی

قه‌قنه‌سدا

كپ و ماته!

رۆژ له شه‌و ده‌چێت و شه‌و له رۆژ

من له تۆ ده‌چم و تۆش له من

نا.. . نا.. .

مه‌ناڵه به ده‌ست تاپۆی شه‌وگاری

رۆحه‌وه

من و تۆ له یه‌كدی ده‌چین

چاو له كیشوه‌ری چاوه‌كانی من بكه

چاو له دووڕگه‌ی له‌ته‌پ‌و‌نم مردووی مێلۆدی

كێش و ترپه‌ی ده‌رۆزی

ناخم

ببڕه!

من ده‌رۆزی ناسین ده‌كه‌م.. .

كه‌س نامناسێت

من بۆ هه‌موو كه‌س ده‌مرم

به‌ڵام كه‌س له بۆ من نامرێت!

كایه به مه‌شخه‌ڵانی

سۆز

مه‌كه!

سۆز

 له‌و رۆژه‌ی وا

 ژیان ده‌ستی به ژیان كردووه

هه‌ر

سۆزه!

له هه‌گبه‌ی جیهانی

ئێنتێرنێتدا

سۆز هه‌ر سۆزه‌كه‌ی جارانه!

له زمانی

منداڵێكه‌وه

ده‌تدوێنم!

ئه‌غه‌ی كۆچی سه‌ره‌تایه‌ك و

 هاتنی كۆتاییه‌كت بۆ ده‌كه‌م!

بۆ ده‌بێ له یه‌كه‌م دیتنا

یه‌كه‌م خاڵ

نه‌گاته كۆتایی؟!

بۆ ووشه‌ی "بۆ" هاتۆته كایه بۆ پرسیار؟

له خاڵی ده‌ستپێكه‌وه تا كۆتایی

ووشه به دوای رۆیشتندا ده‌گه‌رێت و

كه‌پوو

به دوای چۆڵه‌وانییه‌وه‌یه!

تۆ ده‌زانی

گزنگ له كام كارواندایه و

خوا له رۆحی كام مرۆڤه؟

رۆژانێك له به‌ر ده‌رگای

به‌زه‌ییدا

خوا بوو به رۆح و ئاده‌م بوو به مه‌كۆی

حه‌وا.. .

كوان؟!

ده‌نگه‌كان ئیدی قوڕگه‌كان ناخوێننه‌وه

له شه‌قامی ره‌شچاره‌ی سێبه‌ردا

سێبه‌ر به دوای تاوا ده‌گه‌ڕێ!

تفت وتاڵی ده‌ڤه‌ری ئه‌ڤین

له شه‌كراوی شاری درۆ سڵ ده‌كات و

كه‌چی تای ته‌رازووی مامه‌ڵه چییان

له قورسیدا خۆی ده‌بینێت!

تا ماوین ده‌بێ ببیسین كه نه‌بیسین

ده‌بێ بڵێین كه نه‌ڵێین

ده‌بێ بڕۆین كه نه‌ڕۆین

له بیرت نه‌چێت.. .

هاوار له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا قه‌ده‌غه‌یه

ئه‌وه نییه هاواری من ته‌نیا به چپه‌وه به لێنووس ده‌گا و

له یاسا و ریسای ده‌ڤه‌ری ته‌زووه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و

به قاچاخ ده‌گاته چاوه‌كانت!!؟

تۆ ئه‌م هه‌نگاوانه ناناسی

ئه‌وان ئێمه باش ده‌ناسن

زۆر له مێژه كه ئێسك و پروسكی هزری ئێمه

له ژێر چه‌كمه‌ی جه‌نده‌رمه‌ی ئه‌واندا

په‌نای بۆ هه‌ڵبه‌سته‌كانی خه‌یام بردووه و

 له وڵاتی پتوركاندا

بووه به قووڕی لاخشتێك و

مشته گڵی نێو گۆزه‌یه‌ك.. .

بچۆره‌ره به عیرفانییه‌تی باباتاهێری عوریاندا

ریش جاران له عیرفانه‌وه بۆ مێژوو و خواو ژن و ژیانی ده‌ڕوانی

ئه‌مڕۆ ریش ئیشداره و

 گیرفان له گره‌وی ریشدایه.. .

كێ ده‌نووسێت با بنووسێت

كه‌پوو هه‌ر به دوای چۆڵه‌وانییه‌وه‌یه‌و

شه‌مشه‌مه كوێره‌ش

 تا شه‌و هه‌بێ حاشای له نێوچاوی

رۆژه!

كچه لێو ئاڵه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری ناسین،

له‌م ده‌ڤه‌ره،

له‌م ووشكاییه،

له‌م ده‌شته كاكی به كاكییه‌ی

كه‌ناره‌دا

گۆزه‌كه‌ی سه‌رشانی تۆ

ئاشنای هیچ ته‌رواڵه‌یه‌ك نییه!

بڕۆ له شیرین بپرسه

تا بۆت باس كا:

 چۆن پیره ژنێ بوو به دێوه‌ڵووكه‌ و

حه‌زی فه‌رهادی برده گۆڕ!

ئه‌و گۆزه‌یه‌ی سه‌رشانی تۆ

نرخی گه‌لێ گرانه و كه‌سیش ناتوانێت بیكڕێت

كه‌س ناتوانێت

 له كوانووی حه‌زه‌كانیا بیپارێزێت.. .

راسته هه‌موو شته‌كان له‌م هه‌رێمه به شاراوه‌یی له دایك ده‌بن

به‌ڵام ووشه‌ی حه‌ز، شاردنه‌وه ناناسێت و

له ئاكامدا له سێداره‌ی ده‌ده‌ن.. .

هه‌ر دوێنێ بوو

 من و تۆ

 به شه‌قامی رۆحی ته‌ڕی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا

پیاسه‌ی پیاڵه‌ی لێومان شل كردبوو.. .

ئێستا قه‌قنه‌س، تاكه مه‌لی باڵ هه‌ڵفڕی ره‌ش روومه‌تی

كۆچباری بنه‌به‌ستوو نه‌بێت،

كه‌پووش له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا نییه!

ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی من و تۆ و.. .

برا به‌شن له گه‌ڵ

مه‌رگا

ئایین، حه‌ز، بیره شڵه‌ژه‌ره‌كه‌ی مامه ماركس

ده‌مامك، روو، ئاگر، ئاو.. .

هه‌موو سه‌ریان له كه‌لاكی یه‌ك كردووه و

من.. .

تۆ.. .

ئه‌و.. .

ئێمه.. .

ئێوه.. .

ئه‌وان.. . ، شانۆ.. . ، درۆ.. . ، مه‌رگ.. .

و.. .

25. 11. 2004 ی زایینی

 

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org