13-05-2011 04:34

دیسان ئه‌نفال .... هه‌ردی عه‌ول

 

له‌گه‌ڵ ئه‌و جوانه پاكانه‌ی له‌ده‌ورم مه‌یتیان ڕیزه

                    له‌خوێنا وێنه شێواوین ، به‌ دایكمان بناسێنه !... گۆران

 

كاره‌ساته كاره‌سات!!­ زمان‌وقه‌ڵه‌م‌ و نووسین عاجزن له وه‌سفكردنی ئه‌و تاوانه دڕندانه‌یه‌ هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م نازانم له‌كوێی ئه‌و تاوانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌م وچۆن كۆتای به‌ووشه‌كانم بهێنم . منیش وه‌ک ئێوه‌م براو خوشكانی خۆشه‌ویستم دڵم پره، گریان قوڕگی گرتووم فرمێسك دڵۆپ دڵۆپ له‌چاوم دێته‌خوار.

 ئێمه‌ی ئاواره‌له‌ چوار دیواری ژووره‌كانماندا به‌ته‌نهایی و بێكه‌سی‌ تاكه‌ ترووسكایی چاوه‌كانمان ئه‌و ڕوناكیه‌یه كه‌له وڵاته‌وه له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانمانه‌وه دێته‌ دڵمانه‌وه. به‌ڵام ئێستا دوای كاره‌ساتی پایته‌خته‌كه‌م، شاره دێرینه‌كه‌م، شاری خه‌ڵكی به‌وه‌فاو دڵسۆزه‌كه‌م، هه‌ولێره‌كه‌م شاره‌كه‌ی دڵ وگیانه‌كه‌م ، گوڵی سه‌رسینگی كوردستانه‌که‌م كه‌وته به‌ر ڕه‌شه‌بای جه‌هل‌و ئه‌نفال وسه‌ربڕین وئه‌تك كردن‌ وسوتاندن وقه‌تڵ و عام .

 هه‌ولێره‌كه‌م كه‌وته به‌ر هێرشی میراتگرانی كولله خۆر  و حه‌رباو قۆڕیه‌كانی بیابان. ئاخر چۆن نه‌گریم ، ئاخر خۆ ئه‌و ده‌عباو ده‌عه‌جانیانه‌ی هه‌‌ڵگری عه‌قڵیه‌ت و كلتووری جه‌زیره‌ی عه‌ره‌ب نازانن جوانی مانای چی، كه‌ی له گڕوگاڵی مناڵان تێده‌گه‌ن!؟ چوزانن ژیان چی یه و جه‌ژن و خۆشی چی‌یه‌ و پێكه‌نین چۆنه؟! چوزانن كه‌ژو كێو گوڵ‌و نێرگس وكانیاوو ڕووبار چه‌‌ند جوانه، چووزانن  باران و به‌فر چه‌نده جوانن كه به‌سه‌ر ده‌شت وده‌رو مێرگه‌كاندا ده‌بارێ،

 ئاخر ئه‌وان له لم وتۆزو ڕه‌شه‌باو خۆڵ بارین، دڕك وحوشترالووك گه‌رماوسه‌رابی بیابان زیاتریان نه‌دیوه چاوبرسی و دڕنده‌ن، بۆیه وه‌ك و وه‌حشی و سن وكولله په‌لاماری هه‌مووشتێك ئه‌‌ده‌ن، ده‌خۆن ده‌كوژن ده‌دزن و به‌غیلیان به‌ هه‌موو جوانیه‌ك دێت.

ئاخر ئه‌م دڕندانه چاوه‌ڕێی چییان لێ ده‌كرێ؟؟

 چاوه‌ڕێی ئاوه‌دانی؟!

چاوه‌ڕێی ژیان و گوڵ ڕواندن؟!

 پێكه‌نین؟! جوانی؟!

خۆشه‌ویستی؟!

 مرۆڤایه‌تی؟! هاهاها هاهاهاها .