13-05-2011 04:57


 


زۆر به‌ڕێز كاك مه‌سعوود بارزانی‌, سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دێموكراتی‌ كوردستان!
زۆر به‌ڕێز مام جه‌لال, سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كیه‌تیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان!


هه‌واڵی‌ دوو كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ له‌ رۆژی‌ جه‌ژنی‌ قوربان, جه‌ژنی‌ خۆشی‌‌و گه‌ردن ئازادیی‌ گه‌لی‌ موسوڵمانی‌ كورد‌و موسوڵمانانی‌ هه‌موو جیهان‌دا كه‌ بوو به‌هۆی‌ شه‌هید‌و برینداربوونی‌ سه‌دان كه‌س له‌ سه‌ركرده‌‌و تێكۆشه‌رانی‌ پارتی‌‌و یه‌كیه‌تی‌‌و هاونیشتمانانی‌ بێدیفاعی‌ كورد له‌ شاری‌ هه‌ولێر, ویژدانی‌ هه‌موو مرۆڤێكی‌ به‌ویژدانی‌ هه‌ژاند‌و رق‌و بێزاریی‌ هه‌موو دڵسۆزانی‌ كوردی‌ بزواند. له‌و نێوه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ شه‌هیدبوونی‌ چه‌ند سه‌ركرده‌ی‌ وه‌ك سامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان, شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین, سه‌عد عه‌بدوڵڵا, شاخه‌وان عه‌باس, خوسره‌و شێره‌‌و كادره‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كیه‌تی‌, به‌ خاسارێكی‌ گه‌وره‌‌و قه‌ره‌بوو نه‌كراو داده‌نرێ‌.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ ناخی‌ دڵمه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی‌‌و هاوده‌ردیم پێشكه‌شی‌ ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز‌و رێبه‌رایه‌تی‌‌و سه‌رجه‌م تێكۆشه‌رانی‌ هه‌دوو حیزبی‌ برا‌و بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ شه‌هیدانی‌ دوو تاوانی‌ تیرۆریستیی‌ رۆژی‌ جه‌ژنی‌ قوربان ده‌كه‌م. بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزانه‌ به‌هه‌شتی‌ به‌رین‌و باوه‌شی‌ به‌زه‌یی‌ خوا‌و به‌رده‌وامیی‌ رێگاكه‌یان‌و, بۆ برینداره‌كانیش چاكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زووتر به‌ئاوات ده‌خوازم.
برایانی‌ سه‌ركرده‌!
هاوكاتیی‌ ئه‌م دوو تاوانه‌ چه‌په‌ڵه‌ دره‌ی‌ده‌خا كه‌ دوژمنانی‌ ئاشتی‌‌و ئازادی‌‌و دێموكراسی‌ ده‌یانه‌وێ‌ تۆڵه‌ی‌ هه‌وڵی‌ یه‌كڕیزی‌‌و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ كورد له‌ دوو حیزبی‌ پێشڕه‌وی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراق بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ له‌ كاتێك‌دا ئه‌نجام دراون كه‌ پارتی‌‌و یه‌كیه‌تی‌ له‌ هه‌موو كاته‌كانی‌ پێشوو زیاتر لێك نزیك بوونه‌وه‌. ئاواتی‌ من‌و هه‌موو دڵسۆزان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌م تاوانه‌ دژی‌ ئینسانی‌یه‌ نه‌توانێ‌ هه‌وڵی‌ دڵسۆزانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ دوو لایه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ دوو ئیداره‌‌و ریزه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان په‌ك بخا, به‌ڵكوو خوێنی‌ شه‌هیدانی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ببێته‌ ئه‌و مه‌ره‌كه‌به‌ كه‌ په‌یمانی‌ ئاشتی‌‌و ته‌بایی‌ یه‌كجاریی‌ پێ‌ ئیمزا بكرێ‌.
سه‌ربه‌رزی‌ بۆ شه‌هیدانی‌ رۆژی‌ جه‌ژنی‌ قوربان, سڵامه‌تی‌‌و چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان‌و سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌باتی‌ هێزه‌ نیشتمانی‌یه‌كان له‌ پێناوی‌ وه‌دیهێنانی‌ ئازادی‌‌و دێموكراسی‌‌و فیدرالیزم‌دا.


له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وپه‌ڕ‌ی‌ هاوده‌ردی‌


براتان عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن ‌زاده‌
سكرتێری‌ گشتیی‌
حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

13/11/1382 هه‌تاوی‌
2/2/2004 زایینی‌