13-05-2011 05:14

تیرۆری ئازادی.... ئاراس شێخ نه‌جمه‌دین

 

چۆن ده‌توانی بڕوا بكه‌یت گه‌لێك بۆ هه‌تایی  ژێر ده‌سته‌بێت، كه‌باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ ئازادی هه‌بێت، وه ئاماده‌ش بێت له‌ پێناویدا قوربانی بدات.

هه‌بوونی ئازادی هیوایه‌كه‌ ئاواتێكه‌ كه‌گه‌لی كورد به‌درێژایی مێژوی وڵاتی داگیركراووی هه‌وڵی بۆ ده‌دات،وه  خه‌بات له‌پێناویدا ده‌كات،چونكه‌ ده‌زانن ژیان بێ ئازادی مه‌حاڵه‌و پڕه له‌ ته‌نگه‌ژه‌و لێڵایی.وه دڵنیان كه‌ ژیان بێ ئازادی هیچ مانایه‌كی نیه، هه‌ر بۆیه‌ به‌قه‌د مانای ته‌واوی ئازادی ئازادییان خۆش ده‌وێت.

خۆشه‌ویستی لای كورد بۆ ئازادی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه كه مناڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ بێ ئازادییه‌، كاتێك ژیان پێشوازی ژین به‌خشینیان لێ ده‌كات  ناوی ئازاد ده‌درێ به‌ گوێیانداو ده‌یان كه‌نه‌ هه‌ڵگری ناوێك كه‌ پێی بناسرێن.

جگه‌ له‌ناونانی مرۆڤی كورد به‌ناوی ئازاد،بگره گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و پارك و قوتابخانه‌و زۆر جێگای تر،ناوی ئازادیان پێوه‌لكاندون بۆ ڕێزگرتن له‌ ئازادی و به‌رز ڕاگرتنی دروشمی ئازادی .

گه‌لی كورد بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی هه‌میشه له‌ هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانی داندا بوه،بۆ ساتێكیش له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئازادی نه‌وه‌ستاوه،ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كوردیش دروشمی سه‌ره‌كیو داوای سه‌ره‌كیان ئازادی بووه بۆ مرۆڤه‌كانی كورد،تا له‌ سایه‌ی ئازادیدا ژیان به‌ڕێ بكه‌ن.

زۆرترین قوربانیه‌ك كه‌گه‌لی كورد له‌ پێناو ئازادیدا دابێتی،له‌سه‌ره‌تایی هه‌شتاكان تا كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بووه،ئه‌ویش به‌قوربانی دانی هه‌شت هه‌زار بارزانی بێ سه‌روشوێن و پێنچ ‌هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌دوهه‌شتاو دوهه‌زار ئه‌نفالكراو،ئه‌وه‌ش له‌ دژی دامركاندنه‌وه‌ی داواكانی كوردو نه‌هێشتنی ئازادییه‌كانی.

به‌ڵام كورد له‌‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تراژیدیایه‌دا چۆكی نه‌داو،بگره‌ هه‌موو چه‌ند ساڵێكی كه‌م تێپه‌ڕ بوون به‌سه‌ر قوربانیه‌كانیدا له‌ ڕاپه‌ڕینێكدا به‌دوژمنه‌كانی وت من بێ ئازادی ناتوانم بژیم و ده‌بێت وڵاتم ئازاد بێت.

له‌به‌هاری 1991دا گه‌لی كورد له‌ كوردستانی باشوردا به‌ ئازادییه‌كانی شادبوو ،له‌ئه‌نجامی ئه‌م ئازادییه‌دا هه‌موومان خۆشه‌ویستیمان بۆئازادی له‌جاران زیاتربوو،چونكه‌ ساڵانێكی دوورو درێژ ته‌نیا وه‌ك ووشه ده‌مان ناسیو هه‌میشه‌ وه‌ك هیوایه‌ك خۆی ده‌نواند،به‌ڵام كاتێك ئازادی بووبه‌ به‌شێكی ڕاستی ژیانی مرۆڤه‌كانی كورد،ئیتر ئاماده‌یی زیاتر لای گه‌لی كورد دروستبوو بۆ به‌رده‌وامبوونی خه‌بات له‌پێناویداو هه‌وڵدان بۆ گه‌وره‌كردنیو پاراستنی، ئاخر فێر بووین به‌ئازادی بژین به‌ئازادی ڕه‌خنه‌بگرین و به‌ئازادی ڕه‌نگه‌كان بناسین.

كاتێك كه‌ مۆته‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆش له‌ئازادیدا سه‌رسنگی گرتبووین،ته‌نها هیوایه‌ك كه‌هه‌مان بوو‌ ‌بوونی ئه‌و ئازادییه‌بوو كه‌ خه‌مه‌كانی  تا ئاستێك كه‌م ده‌كردین،ترسی سه‌ره‌كی ئه‌و شه‌ڕه‌ش كه‌گه‌لی كورد لێی ده‌ترسا له‌ده‌ست دانی ئازادی بوو.

گه‌لی كورد بۆ به‌دیهێنانی ئازادی ئاماده‌بو‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ شه‌هیدی به‌كۆمه‌ڵ بدات،زیندانی به‌كۆمه‌ڵی هه‌بێت،ڕه‌وی به‌كۆمه‌ڵ بكات.

ڕۆژی 1-2-2004كاتێك گوێبیستی ئه‌و ڕووداوه‌ خه‌مناكه‌ پڕكاره‌ساته‌ خوێناوییه‌بووم گوێم لێبوو كه‌ كورد جارێكی تر به‌كۆمه‌ڵ شه‌هید ده‌كرێت،پێش ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌م كه‌كێن ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌م كاره‌وه‌ن،وه‌ئه‌نجام ده‌رانی ئه‌م كاره‌كێن،بێ دودڵی له‌وه‌دڵنیا بووم كه‌سانێكن كه‌چاویان به‌ئازادی كوردستان هه‌ڵنایه‌،بۆیه‌كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن نه‌ك ته‌نها ده‌یان كه‌س یان سه‌دان كه‌س بگره‌ ئه‌وه‌نده ناخیان بۆگه‌نه‌ به‌رامبه‌ر به‌كوردو ئازادییه‌كه‌ی و سه‌روه‌رییه‌كانی،كه‌ئاسایی بێت لایان ته‌واوی كورد له‌ساته‌ وه‌ختێكدا شه‌هید بكه‌ن.

دڵنیابووم له‌وه‌ی كه‌ نێتیان ته‌نها بۆ له‌ناوبردنی په‌رله‌مانو ده‌سه‌ڵاتی كوردو به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌یه‌تی،كه‌بۆته‌ جێگای هیواو متمانه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد،دڵنیابووم له‌وه‌ی ده‌‌یانه‌وێت كه‌ئیتر ئێمه‌ نه‌توانین دروشمی نه‌ته‌وه‌بوونی خۆمان به‌رز ڕابگرین،زانیم مه‌به‌ستیان داگرتنی ئاڵای كوردستان و شكاندنی به‌ها پیرۆزه‌كانێتی.

ویستیان به‌شه‌هید كردنی كۆمه‌ڵێك دڵسۆزی كورد له‌داواكانمان پاشگه‌ز ببینه‌وه....

به‌ڵام من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی دڵڕه‌قو نامرۆڤه‌وه،ئاوا بۆ كاره‌ساتو شه‌هیدبووانی یه‌كی شوبات ده‌ڕوانم،كه‌كۆمه‌ڵێك مرۆڤی كورد به‌یه‌كه‌وه خوێنییان به‌خشی به‌خوێن به‌خشینیان نه‌مامه‌كانی ئازادیمانیان گه‌وره‌تر كرد،به‌شه‌هیدبوونیان داواكانی ئێمه‌یان بۆ ئازادی برده‌ قۆناغێكی تره‌وه،ئاخر هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وان بۆ ئازادی مرۆڤه‌كانی كورد بووه‌و وه‌به‌ڵێنیان دابوو له‌پێناو ئازادیدا ده‌بێت خوێن بده‌ن،خوێنێكیش له‌ده‌ماری مرۆڤی بیرئازاددا بڕژێت دڵنیام به‌ڕژانی خوێنیان هه‌زاره‌ها مرۆڤی ئازادیخواز دێنێته‌ ناو كۆڕی ئازادیخوازان.

شه‌هیدبوونی ئه‌وان بیری كورد ئازاد ترو جوانتر ده‌كات كه‌بۆ ئازادییه‌كانیان زیاتر بكۆشن..

ڕوداوی یه‌كی شوبات له‌وه‌ش دڵنیایی كردم كه‌مناڵانی هه‌ولێرو كوردستانم ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵیانا گه‌وره‌ده‌بێت،وه‌ بۆ هه‌میشه له‌ بیری ناكه‌ن،ئاخر ئه‌و ڕوداوه‌ بۆ مناڵانی كورد بووه ما‌یه‌ی خه‌مێك كه‌له‌یاری جه‌ژن و گۆڕینی به‌رگی نوێو جه‌ژنانه‌و سۆزو خۆشه‌ویستی ڕۆژانی جه‌ژنی كردن،ده‌شزانم مناڵانی ووڵاته‌كه‌م له‌وانه‌ خۆشنابن كه‌ بوونه‌ هۆی كاره‌ساتی وا دڵته‌زێن وه‌ تۆڵه‌شیان به‌ چاندنی بیری نوێ لێده‌ستێنن.

ده‌شزانم كه‌هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك بیرده‌كاته‌وه،به‌ڵام تۆڵه‌یه‌ك كه‌ته‌نها بۆ خزمه‌تی وڵاته‌كه‌ی بێت، ئه‌ویش به‌هێنانه‌دی ئاواتی شه‌هیدانی یه‌كی شوبات،بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خزمه‌تی چاكترو ماندوبوونی زیاتر له‌ پێناو وڵاته‌كه‌یاندا پێشكه‌ش بكه‌ن.

ده‌شزانم مامۆستایانی وڵاتم له‌دوای یه‌كی شوباته‌وه وانه‌یه‌ك ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ قوتابیه‌كانیان،كه‌ باسی ئازادی زیاترو خۆشه‌ویستی بۆ وڵاتی تێدا بكرێت،وه‌فێریان ده‌كه‌ن كه‌ده‌بێت هه‌موومان پێكه‌وه له‌ ئاسایشو ئارام ڕاگرتنی وڵاتماندا به‌شدار بین.

لاشم ڕوونه‌ كه‌ ئاسایشو پۆلیسه‌كانی هه‌ولێرو كوردستانم،به‌م ڕوداوه‌ بیریان فراوانترو له‌شیان چالاكتر كارده‌كات بۆ به‌رقه‌راركردنی هێمنیو پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان،وه‌جارێكی تر به‌ڵێن ده‌ده‌ن كه‌ له‌خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی كوردستاندا بن.

ئای كه‌دڵنیاشم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕوداوه‌دا خه‌ڵكی كوردستان چه‌ند له‌جاران زیاتر،ئازادی لاخۆشه‌ویستر ده‌بێتو هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزترده‌بێتو داواكانی زیاترده‌بێتو هیواكانی گه‌وره‌ترو ئاسۆكانیشی ڕوونترده‌بێت،دڵنیاشم بۆبه‌رده‌وامبوونی ژیانیان له‌ئازادیدا ئاماده‌ن قوربانی زیاتربده‌ن خه‌باتی زیاتر بكه‌ن هه‌وڵی زیاتربده‌ن.

چه‌ند دۆڕاون ئه‌وانه‌ی ویستییان به‌ كاره‌ساتی یه‌كی شوبات ئازادیمان تیرۆر بكه‌ن، چونكه‌ بیریان چووبو كه‌له‌مێشكی هه‌ركوردێكدا ئه‌م دوو دێڕه شیعره‌ چه‌سپیوه‌.

          داری ئازادی به‌ خوێن ئاو نه‌درێ قه‌ت به‌رناگرێ

          سه‌ربه‌خۆی بێ فیداكاری ئه‌به‌د سه‌ر ناگرێ                                      3.2.2004