|
كورد لةسةر خاكي خؤي لةناو دةولَةتي سوريادا .... ياسين فةقص سةعي |
|
دوابه‌دوای ڕاپه‌ڕینه جهماوەریهكهی كوردستانی سوریا‌و ڕەشهكوژیی هاووڵاتیانی كورد له‌لایه‌ن پیاوانی ڕژێمی بهعسهوە، جارێكی دیكه له هه‌زارەی سێهه‌مدا دوژمنانی ئازادیی‌و دیموكراتی‌و مافه‌كانی مرۆڤ، به ئاگرو ئاسن په‌لاماری خه‌ڵكی سیڤیلی كوردستان دەدەن. وەك مێژوو خۆی دوبارە بكاته‌وە، جارێكی‌تر دەوڵه‌ت له‌شكركێشی دەكاته سه‌ر جه‌ماوەر، جارێكی‌تر به‌ناوی كاروباریی ناوخۆوە دەست دەخه‌نه بینی ئازادیخوازانی كورد‌و كوشتن‌یان بۆ دەزگا داپڵۆسێنهرەكانی به‌عس حه‌ڵاڵ دەكهنو به دەیانو سه‌دان كورد ڕاپێچی زیندانه‌كان دەكرێن. وەك ئه‌وەی به‌سه‌ر سهدامو ڕژێمه‌كه‌ی هات، چیرۆكی دنیایه‌كیتر بێت‌و دووربێت له واقیعی سوریای بهعسییهوە، له‌بری ئه‌وەی دەوڵه‌ت له‌ڕێی دەزگا مهدەنییهكانیهوە چارەسه‌ری كێشه‌كانی هاووڵاتیان بكات‌و هێزەكانی ئاسایش بۆ پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتیان ته‌رخان بكات‌و له ئاستی هوشیاریو مۆڕاڵی سهردەمدا بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بپارێزێ، كه‌چی وەك سوپا دڕندەكانی سه‌دە تاریكه‌كانی مێژوو، بێشهرمو سڵكردن له هیچ بنه‌مایه‌كی مه‌دەنی، دەوڵه‌ت فه‌رمانی كوشتن‌و گرتن به سوپا دەدات‌و ئه‌وانیش وەك كاسه‌لێسی دەسهڵات جێبه‌جێی دەكه‌ن. . كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، بوونهوەرێكی چه‌وساوەی ئهشكهنجهدراوو داگیركراوە، گه‌لێكه له‌سه‌ر خاكی خۆی دەژی، به‌ڵام له هه‌موو مافێكی ئینسانی بێبهشكراوە. . كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، له‌وەته‌ی هه‌یه هاووڵاتی نییه، نه هاووڵاتی پله یه‌كه نه پله سفر، وەك بیانییه‌كی ڕەزاقورسو مشه‌خۆر پێناس كراوەو له كۆی دام‌و دەزگاكانی دەوڵه‌تدا تاسه‌رئێسقان پهراوێزكراوە. . كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، ئاوارەیهكه له ناو ماڵ‌و گوند‌و شاری خۆیدا، لهدایكدەبێ بێشوناسه، مناڵ دەبێ مافی خوێندنی نییه، گه‌ورە دەبێ نایه‌ڵن بچێته زانكۆ، پارەی دەبێ نایه‌ڵن پارچه زەوییهكی هه‌بێ، وەك بێگارێك دەیبه سه‌ربازیی به‌ڵام كه بریندار بوو بۆی نییه له بیمارستانی دەوڵه‌تدا چارەسه‌ر بكرێ، كاتێك كه خودا‌ش ژیانی لێدەسهنێتهوە دەوڵه‌ت بڕوانامه‌ی مردنی ناداتێ، چونكه لای دەوڵه‌ت ئه‌و لهدایكنهبووە ئیتر چۆن دەمرێ؟! كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، بوونهوەرێكی وەهمییه، دەژی‌و دەمرێ بێئهوەی به‌عس هه‌ستی پێبكات، به‌ڵام كاتێك كه دەنگی ناڕەزایی بهرزدەكاتهوە، كاتێك ڕادەپهڕێ ئینجا به‌عس هه‌ستی پێدەكات‌و وەك ناشیرین‌ترین دوژمنی خۆی مامه‌ڵه‌ی دەكات. . له هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌و گوندێكی كوردستانی سوریادا گۆڕستانێكی پڕ گۆڕ هه‌یه، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی دەوڵهتیی له‌سه‌ر ژیان‌و مردنی ئه‌و مرۆڤگه‌له نییه، گه‌ر له دنیای دیموكراتیه‌تدا «سه‌گ» دەبێ شوناسی باری ته‌ندروستی ههبێو مرۆڤ دەبێ ڕێز له مافی گیانله‌به‌ران بگرێ، ئه‌وا له سوریای به‌عسدا كورد هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئاستی سه‌گ؟! دیارە خۆشیان نه‌گه‌یشتونه‌ته ئاستی مرۆڤ دەنا ڕێزیان له مافی گیانله‌به‌ران دەگرت! كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، جوتیارێكه هه‌ژارو مرۆیهكه زۆر ماندوو، به‌ڵام له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌و جوتیاری عه‌رەب له‌لایه‌ن دەوڵهتهوە هاوكاریی‌و هاریكاریی دەكرێو ئامێری كشتوكاڵی وەردەگرێ‌و زەنگین دەبێو ئاسودە دەژی، كه‌چی خاوەنماڵه كوردەكه شه‌كه‌تبووی دەستی ژیانه‌و هه‌ر ههژارەو نانی شێوی نییه بیخوا ! ئه‌م نا عه‌داله‌تیه له قاموسی به‌عسدا نه‌بێ له‌هیچ كون‌و كه‌له‌به‌رێكی تاریكی ئه‌م سه‌ر زەوییه باوی نه‌ماوە. . كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، له‌یه‌ك كاتدا هه‌م مرۆیهو هه‌م سهراب، هه‌م هه‌یه «كاتێ داوای مافه‌كانی دەكات»و دەوڵه‌ت سه‌ركوتی دەكات، هه‌م نییه « كاتێ بێدەنگهو ملكه‌چی دەسه‌ڵاته»و دەوڵه‌تیش له په‌راوێزی ژیاندا فڕێیدەدات. . كورد له سه‌ر خاكی خۆی له‌ناو دەوڵه‌تی سوریادا، بوونهوەرێكه له دوكه‌ڵ یان له نوور، له‌وانه‌یه لای خودای پهروەردگارو له تۆمارە موقهددەسهكانی ئاسمان‌و دەفته‌ری تێبینیی مهلائكهتهكانی خێر‌و شه‌ڕدا تۆماركراوبن «ئه‌مه‌ش گریمانه‌یه‌كی شهرمنو لاوازە»، به‌ڵام لای به‌عس مه‌خلوقاتێكی سه‌رابیی بێوجودن، بوونهوەرێكی دووڕەگن له بوون‌و نه‌بوون، به‌دڵنیا له تۆمارگه‌ی دەوڵه‌تی سوریادا، له بن هیچ پۆل‌و ڕەگهزو چهشنو جۆرێكدا ناویان بۆ ماف‌و ئازادیی تۆمارنه‌كراوە، زۆر بهدڵنیایهوە له بن هه‌موو سه‌ردێڕی پۆل‌و ڕەگهزو چهشنو جۆرەكانی دوژمن‌دا، له كۆی تۆمارگه‌ی دەزگا سیخوڕیه‌كانی به‌عسدا، هه‌ر كوردەو دەیانجار ناوی خۆی‌و باب‌و باپیری بۆ ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان‌و كوشتن‌و تۆقاندن تۆماركراوە «ئه‌مه‌ش گریمانه‌یه‌كی زۆر حاشاههڵنهگرو به‌هێزە». ئه‌م تراژیدیا ئینسانییه هه‌تا كه‌ی؟ ئه‌م دەستدرێژیو چهوساندنهوەو سه‌ركوتكردنه هه‌تا كه‌ی؟ ئه‌م دوژمنایه‌تیه‌ی شۆڤێنیستانی عه‌رەب له‌گه‌ڵ گه‌لی ئازادیخوازیی كورددا هه‌تا كه‌ی؟ ئه‌ی دنیای زانست‌و سه‌ردەمی عه‌وله‌مه‌و قۆناغی چوونه سه‌ر مهریخو دامودەزگا مرۆڤدۆسته‌كان‌و بزووتنه‌وە مهدەنیو شارستانییه‌كان هه‌تا كه‌ی گوێتان له هاواری كورد نییه؟! هه‌تاكه‌ی مافه‌كانی ئێمه دەكه‌ن به قوربانی بهرژەوەندیهكان ؟! * * * * * * * * * * * به‌لژیكا 16ی مارتی 2004
|
||