چیرۆكه‌شیعر/ عه‌بدول شارباژێڕی
كه‌ژ زستان بوو
به‌فرانبار بوو
ڕێبه‌ندان بوو.
ڕه‌شه‌مێ بوو
وه‌یشوومه بوو.
زستان تۆف و با و بۆران بوو
زستان توێ توێ ههڵكورمان بوو.
ده‌ور ده‌وری جانه‌وه‌ری و
به‌ندایه‌تی ڕووی زه‌مان بوو
به‌رهه‌م به‌ری سایه‌ی قامچی و
زه‌بر و زه‌نگ و تێهه‌ڵدان بوو.
مرۆڤ كۆتی ههڕاجخانه و
ده‌ستا و ده‌ستی خاوه‌نكار بوو.
كۆمه‌ڵ چین چین سه‌رو خوار بوو.
نه‌دار له هه‌ر كونجێ بوایه،
كۆشكهڵه بوو
دیل‌و داماو ڕووته‌ڵه بوو.
دارا دیوه‌خانی گه‌رم، تۆغیانی بوو
پۆشته‌و په‌رداخ تێر و پڕ بوو
زستان سه‌خت و ناگه‌هان بوو
سه‌ختی به‌رگی چیاكان بوو.
چیا خاكی وڵاتێ بوو
كوردستان بوو.
وڵات زێدی میلله‌تێ بوو
كورد زمان بوو.
* * *
ئه‌م ڕازه داستانه
كێشه‌یه سه‌ودایه
به‌رایی گڵۆڵه‌ی ئازار و جه‌فایه.
ڕۆژ هات ڕۆی
وڵات له‌ژێر سایه‌ی پاشا بوو
پاشاكه‌ش زوحاكی زۆردار بوو
دێوه‌زمه‌ی خوێنمژ بوو
ناوناخی مه‌ڵبه‌ندی دڕنده و ده‌عبا بوو.
ئهوێكه ئه‌ڵقه له گوێیه‌كی ئه‌هریمه‌ن
بۆ لاوی چیاكان تا بڵێی
وه‌ك زه‌روو تینووی خوێن.
چیا له تهمێكا نوقم بوو
ته‌م په‌ڵه هه‌ورێكی زۆر تاڵ بوو
له زه‌ریای ناسۆرا هه‌ڵ ئه‌چوو
به ئاسمانی ژینا سه‌رتاپا گیر ئه‌بوو.
ئه‌بووه یه‌ك زریان
ڕه‌هێڵه‌ی خه‌ماوی ئه‌باران
دنیای دڵ له ناویا ون ئه‌بوو
كه‌شتی هه‌ست بێبهندهر
بیر و هۆش بێ سه‌ر و شوێن ئه‌بوو.
دار و ده‌سته‌ی ئهژدههاكیش
وه‌ك درنج و گورگ و ڕێوی و
به‌رازی ڕه‌ش.
ڕۆژێ نه‌بوو
یه‌خه‌ی به‌رده‌رگایه نه‌گرن.
ڕۆڵه‌یه‌كی پاكی بێخه‌وش بهرخۆنهدهن
له به‌ر پێی زوحاكا بێسه‌ر نه‌كه‌ن.
بۆ قاوه‌ڵتی له مێشكه‌كه‌ی
جووتێ ماری پێ تێر نه‌كه‌ن.
ڕۆژێ نه‌بوو
خه‌رمانی هیوای ده‌روونی
خانه‌واده ئاگر نه‌ده‌ن.
جه‌رگی دایك، جه‌رگی باوك
له ژێر سایه‌ی كێردی زوحاك
توێ توێ نه‌كه‌ن.
مه‌شخه‌ڵانی شین‌و ڕۆڕۆ به‌رپا نه‌كه‌ن
چه‌په دوكه‌ڵ له ئاسمانی زێد به‌رنه‌ده‌ن.
* * *
میلله‌ت چین و توێژه‌كانی
یه‌كه یه‌كه لاوه‌كانی
له به‌رچه‌قۆی قه‌سابا بوون.
له چاوه‌ڕوانی مه‌رگا بوون.
دهستدارهكان
چینی دارا و مل هوڕهكان.
زه‌رووی ڕه‌نجی هه‌ژاره‌كان.
ده‌ست له‌سه‌ر سنگ
له‌به‌ر باڵای زوڵما كهچو چه‌ماوه بوون.
نهترهبردوو، چاوه‌ڕوانی ڕۆشانیی بوون...
هه‌ژاره‌كان
زه‌حمه‌تكێشه نه‌داره‌كان
هه‌تا بڵێی داخ له دڵ بوون.
هه‌روه‌كو چه‌ك له‌سه‌ر پێ بوون
جه‌رگ ئهقرچا،
ناخ ئهخرۆشا،
خوێن ئهجۆشا.
پاڵه‌وانی ڕهنجدهرهكان
كاوه‌ی ئاسنگه‌ری مه‌ردان
ڕۆڵه‌ی هه‌ڵكه‌وتووی قاره‌مان.
ئازایانه هاته مه‌یدان.
كه‌وته ناو چین وتوێژهكهی
وتی:
ئه‌م زوڵمه هه‌تا كه‌ی..؟!
كارگه‌ر، جوتیار
ڕه‌نجده‌ر، هه‌ژار.
تاكه‌ی تاكه‌ی
تاكه‌ی زوخاو
دڵۆپ...دڵۆپ
تا سه‌ر ئێسكمان زه‌فه‌ر به‌رێ؟
تاكه‌ی شمشێری زۆرداری
توێ توێ جه‌رگ و دڵمان به‌رێ؟
تاكه‌ی ئاوا هه‌موو ڕۆژێ
گورگی زوحاك هه‌نگاو بنێ
به‌رخێ به‌رێ مل بشكێنێ
سه‌ری به‌رخ بپه‌ڕێنێ
كڵپه‌ی ناخی ئه‌و خوێن خۆره دامركێنێ؟
ئه‌ی كوانێ شوان؟!
ئه‌گه‌ر ههروابێ ده‌سه‌ڵات،
سه‌ر كز و مات، چیمان لێكهن
هه‌ر سه‌ر شۆرش كه‌ین
چۆنمان باركه‌ن هه‌ر مل بنێین
كه‌واته ئێمه ئاژه‌ڵین!!
نا نابێ نا
نا نابێ نا
* * *
له كاتێكا
سه‌رما وسۆڵه پشتی ئه‌شكا
به‌فرو زوقم ئه‌توایه‌وه.
دار‌و دره‌خت چرۆی ئه‌كرد
گژ و گیا ئه‌بوژایه‌وه.
نێرگز چاوی ئه‌كرده‌وه
زه‌وی خۆی ئه‌ڕازانده‌وه.
چه‌م و كانی ئه‌ژیانه‌وه.
كه‌و قاسپه قاسپی خۆی نه‌كرد
مه‌ل له ئاسمان سه‌مای ئه‌كرد.
زستان له كه‌ل ئاوا ئه‌بوو
به‌هار له ئاسۆوه دیار بوو.
هاڵهكۆك سه‌ری ده‌ر ئه‌كه‌وت
ساڵێكی نوێ به‌ڕێ ئه‌كه‌وت.
كاوه به خۆی و چه‌كوشه‌كه‌ی
له پێشه‌نگی شاڵاوا بوو
چه‌وساوه‌كان به‌دوایه‌وه
به داس و پاچ و چه‌كوش و
تیر و كه‌وان و
ڕمه‌وه..
بهركۆشهكهی ئاڵایان بوو.
نه له‌شكری كۆشكی زۆردار،
نه قووله‌ی به‌رز،
نه شوره و نه دار و دیوار،
خۆیان ئه‌گرت له بهریانا.
چۆكیان دادا.
كاوه‌ی نه‌به‌ز
ڕۆڵه‌ی ڕابه‌ری زه‌حمه‌تكێش
به سه‌ر لاشه و كه‌لله سه‌را
بازی ئه‌دا
په‌یتا په‌یتا ئه‌چوونه پێش
تا پاسه‌وان دوایان بڕا.
كاوه‌ی نه‌به‌ز و قاره‌مان
مه‌ردی مه‌یدان
هه‌ڵیكوتایه ناو دیوان
مێشكی ئه‌ژده‌های پژان
سه‌ركه‌وته بان
به هێمای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌وه
له سه‌ر كۆشكا
مهشقهڵانی گڕ به‌رز بۆوه
په‌یتا.. په‌یتا
له سه‌ر به‌رزی و لوتكه‌ی گردۆڵكهكان
ئازر مهشقهڵانی ئه‌سه‌ند
مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی كاوه‌ی
به ئاقار و دوور ئه‌گه‌یاند
ئه‌و ڕۆژه بوو به رۆژی نوێ
بوو به نه‌ورۆز.
ڕاپه‌ڕینی چه‌وساوه‌كان
سه‌ركه‌وتنیان
بوو به وانه
بۆ گه‌لی كورد
بۆ میلله‌تان
بوو به داستان.
|