سه‌ردانه‌كه‌ی ڕیكخراوی خاچی سوری نێو ده‌وڵه‌تی بۆ لای سه‌دام زیاتر ڕوی مرۆڤایه‌تی سپی كرد!! ... مه‌هدی خالید خه‌مبار

 

 ڕه‌نگه سه‌ردانی كردن یان نه‌كردنی سه‌دام له‌لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌وه به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه نه‌جێگه‌ی پرسیار بێت و نه‌جێگای ڕه‌خنه‌ و قێزهاتنه‌وه‌ش به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به مایه‌ی سوپاسگوزاری و ده‌ست خۆشی كردنی ده‌زانن، به‌تایبه‌ت به‌لای شۆڤێنیه‌كانی عه‌ره‌ب و ئه‌وانه‌شی كه‌ سه‌ر و سامانی عێراقیه‌كانی كردبوه قورگیانه‌وه !!

به‌ڵام نه‌ك به‌لای گه‌لی كورد به‌گشتی و كه‌سانی خه‌ساره‌مه‌ند به‌ده‌ستی ئه‌م نامرۆڤه‌ و ڕژێمه خوێنڕێژه‌كه‌ی كه تا بنه‌قاقایان له‌خوێن ڕێژیدا نوقوم بوبو !به‌لای خودی منه‌وه گرینگ نه‌بوو ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ له كاتی خۆشیدا به‌هه‌مان شیوه ته‌نانه‌ت سه‌ردانی تاكه‌گیراوێكی سیاسی كوردیشی له گرتوخانه‌ جۆراو جۆره‌كانی ئه‌م ڕژێمه بكردبایه‌و و دوو له‌ نهێنیه‌كانی سه‌دامی بۆ مرۆڤایه‌تی ئاشكرا بكردبایه‌ و سوكه داكوكیه‌كی له‌و سه‌دان تۆمه‌ته به‌ ناڕه‌وایه‌ بكردبایه‌ كه ڕۆژانه به‌مه‌به‌ستی له سێداره‌دان ده‌درانه پاڵ ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد له قه‌سابخانه‌كانی خودی ئه‌م (دیلی جه‌نگه) به‌سزمانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی هه‌موو ده‌رگاكانی به‌زه‌یی بۆی خستۆته سه‌ر گازی پشت !! هه‌ر به‌فه‌رمانی ئه‌م زاته‌موباره‌كه‌بوو كه له ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا به‌ به‌كاربردنی چه‌كی كیمیاوی قه‌ده‌غه‌كراو توانی پتر له 5000مرۆڤی كورد له شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بێ گیان و زیاد له 7000یشی شه‌ل و كوێر و سه‌قه‌ت بكات كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری به‌نێو چه‌وانی مرۆڤایه‌تیه‌وه ده‌مێننه‌وه، پاش ئه‌وه‌ش بڕیاری ئه‌نفالكردنی 182000كه‌سی تری له‌ژن ومناڵ و په‌كه‌وته‌ ده‌ركرد و دواتریش بێ گوێدانه هیچ عورف و عاداتێكی مرۆڤایه‌تی هه‌مویانی زینده‌چاڵكرد و له بیابانه‌كانی خواروی عێراق و ده‌یان شوێنی‌تردا گۆڕ وونی كردن و پێشتریش و له‌بڕیاری مه‌رگه‌ساتێكی تریدا 10000مرۆڤی‌تر له پیره مێرد و میردمناڵانی بێ تاوانی بارزانی به‌ده‌ردی ئه‌مان بردبوو. ئه‌مه‌و جگه‌ له هه‌زاران تاوان كه مرۆڤ ناتوانێت له چه‌ند دێرێكدا باسیان لێوه بكات و دڵنیاینیش كه نه‌مرۆڤایه‌تی و نه‌ جیهانی كه‌ڕ و لاڵی ئه‌و كات لێیان بێ ئاگا بوبن و نه‌ئه‌وانه‌ش لێیان بێ تاوان بن كه‌ ئه‌مڕۆ ناچارانه فرمێسك بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌مان ده‌ڕیژن !! و خۆیان ده‌خه‌نه قاڵبی ئێمه‌وه، وه‌ك ئه‌وه وابێت كه له‌وه‌ته‌ی كورد خه‌بات له‌دژی ڕژێم ده‌كات ئه‌مانیش له هاوشانمانه‌وه سه‌نگه‌ریان گرتبێت و ئه‌وان نه‌بوبن كه له گوله‌باران كردنی ڕۆڵه‌كانماندا كێبڕكێیان كردبێت و له وێرانكردنی ووڵاته‌كه‌ماندا ماندوبونیان نه‌زانیبێت و هه‌ر ‌ئه‌و گه‌وره‌ئه‌فسه‌ر و ده‌ره‌جه‌دارانه نه‌بوبن كه‌ تا گڵۆڵبونه‌وه‌ی سه‌دام به‌ره‌و سه‌ره‌نوێلكی مێژو چاره‌نوسیان یه‌كخستبوو و هاوبیربون له داڕشتنی پلانی قڕكردنی گه‌لی كورد و جێ‌به‌جێ كاری قۆناخه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌نفالیش نه‌بوبن و له پای هه‌ڵمه‌ت و په‌لاماره‌كانیان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی بێ دیفاعی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌م (ئه‌سیر حه‌رب) ه‌ بێ گوناحه‌وه كه هێنده فه‌قیر بوو به‌سزمانه نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت پارێزگاری له خودی خۆی بكات له كاتی ته‌نگانه‌دا !، كه‌چی به‌‌تۆپه‌ڵ (نۆت‌ئه‌ل شه‌جاعه) ی ده‌كرد به‌به‌رۆكیاندا و دڵنیام كه ئیستاش به‌هه‌مان تێڕامانی جارانیانه‌وه ناخیان

هه‌ڵس و كه‌وتمان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و به‌نیازی وه‌رگرتنی نۆت‌ئه‌ل شه‌جاعه‌ی ترن!! تا له‌م قۆناخه‌شدا له به‌رۆكیانی بده‌ن و سه‌رشانیانیان پێده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن

منیش له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ڕێكخراوی خاچی سوری جیهانی بۆ لای بكوژی گه‌له‌كه‌مان سه‌دام حسێن وه‌ك كوڕی شه‌هیدێك ده‌ڵێم، چۆن توانیتان وا به خۆ گێلكردن و چاونوقاندنتان له‌ئاست ئه‌م هه‌موو تاوانه و به‌سه‌ر هه‌زاران لاشه‌ی گۆر وونبوه‌كانی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا باز بده‌ن و سه‌ردانی گه‌وره‌ترین تاوانباری ئه‌م سه‌رده‌مه بكه‌ن، له‌وانه‌شه بڵێن ئه‌ی بۆ پێشتر كورده‌كان له به‌غدا سه‌ردانیان كرد و لاملیان ماچ كرد ؟ ده‌ڵێم ڕێكخراوێكن له‌پێناوی مرۆڤایه‌تیدا دروست بونه و ئه‌وانه‌ی كه كورد ئه‌نجامی داوه له‌و ڕۆژگارانه‌دا بوه كه به‌ڕاستی جینۆسایدی نه‌ته‌ویی له‌ خواروی كوردستاندا ده‌ستی پێ كردبوو، بۆ پیش گرتن له‌و تراژیدیایه و له‌پێناوی پێش گرتن له سه‌پۆڵی قر كردنی مرۆڤه‌كانی كورد، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له كاته‌دا به پێویستی زانی هه‌رچیان بۆ بكرێت بیكه‌ن !!

به‌ڵام ئه‌مڕۆ هیچ پێویست نه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌پێی هه‌ندێك بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندن كارێكی باشیان نه‌كردبێت و به‌ تایبه‌ت له‌ پاش به‌راورد و كێشانه‌كردنیان له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌كورد كرابوو، ئه‌و خوێنه زۆره‌ی كه له جه‌سته‌ی گه‌لی كورد به‌ده‌ستی ئه‌م جه‌لادانه ڕژابوو، ئه‌و. . . ئه‌و. . . . به‌ڵام پێویست نه‌بوو ئێوه بێن و لاساییان بكه‌نه‌وه !! ئێوه له‌ پێناوی پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان دروست بونه نه‌ك بۆ بارو بۆكردن و یارمه‌تی دان تاوانبارانی جه‌نگ له كاتی ده‌ستگیركردنیان له كونه مشك و حه‌شارگه‌كانیاندا !!

 لێم مه‌گرن و دڵ به‌ ئازارم كه‌ ده‌ڵێم ده‌ك ڕوتان ڕه‌ش بێت  ده‌ك تف و نه‌فره‌تی سه‌دان دایكی شه‌هید و ده‌یان ڕۆڵه‌ی ئه‌نفال كراو و 5000قوربانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو زینده‌به‌چاڵه‌كانی گه‌له‌كه‌متان لێ بێت !! به راستی ڕوی مرۆڤایه‌تیتان به‌م سه‌ردانه‌تان بۆ لای ئه‌و دڕنده‌یه سپی كرد و هه‌تا مابن‌‌ئه‌م شه‌ره‌فه‌گه‌وره‌یه‌تان بۆ ده‌مێنێته‌وه !!

وه له‌وانه‌شی كه سه‌رباری ئه‌نجام دانی ئه‌و هه‌موو تاوانه قێزه‌وه‌نانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌م نه‌فره‌ت لێكراوه‌وه‌وه كه‌چی بێ شه‌رمانه به (گیراوی جه‌نگی) ناو ده‌به‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، دیاره ئه‌ویش هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و كه‌سی چاوه‌ڕوانی دادگایی كردنی ئه‌م به‌سزمانه و به‌سته‌زمانه‌كانی تر نه‌كات و یه‌ك یه‌ك ده‌ڵێن فڵان مرد ! چۆن مرد خوا ده‌زانێت و زۆرمان له‌و جۆره مردنانه بیستوه و بینیوه !

mshwani@hotmail. com