زماني ئةستانداردي كوردي و ثصويستي هةنووكةيي!!! ساقي بارزاني

 

 دیارده‌ی دزێو و دوژمنكاریی‌یانه‌ی سه‌رده‌می دژایه‌تی زمان و كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی به‌ ڕواڵه‌ت به‌سه‌ر چووه‌، كه‌‌ به‌شێك بوو له‌ پرۆسه‌ی درێژه‌خایه‌نی نه‌هێشتنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان. زۆر جاریش به‌ نهێنی و ئاشكرا سه‌رجه‌م داگیركه‌رانی كوردستان هاوكاری یه‌كیان كردووه. له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌ركی ڕووناكبیران و نووسه‌ران به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ بوو‌ به ئه‌لته‌رناتیڤی‌ بایه‌خ دان و پیرۆز ژماردنی‌ ووشه‌ی كوردی له‌ چوارچێوه‌ی خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕۆشنبیریدا.

پاش ئازادی باشووری كوردستان، سانسۆر و دژایه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی زمانه‌وانی و كولتوری نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ وناراسته‌وخۆی حكومه‌ته‌كان له‌و به‌شه‌ی كوردستان نه‌ما، به‌ڵام كێشه‌ ده‌ره‌كی‌یه‌كانی نێوان ده‌سته‌ڵات داره‌كان و حیزبه‌كان جێ‌گۆڕكێ كران به‌ كێشه‌كانی ناوه‌كی و بوونه‌ فاكته‌ری دابه‌ش بوونی كوردستان به‌ دوو بلۆكی بادینان و سۆران ! و دواتر به‌شدار بوونیان له‌ پێشبڕكێ‌یه‌كی نابه‌جێ‌ی شه‌ڕی ئایدۆلۆژیای پووچه‌ڵ، كه‌ زیان ته‌نیا له‌ خۆیان و له‌ كورد كه‌وت.

له‌ سه‌رده‌می به‌عسیش دا تاكه‌ بلووكێك هه‌بوو كه‌ به‌ یه‌ك ناسناو ده‌ناسرا، تاكه‌ كوردستانێكیش هه‌بوو كه‌ ناوی نرابوو شیمالی عێراق. . . و به‌عسیش له‌ خوڵقاندنی گیر و گرفت بۆسه‌ركوت‌كردنی بزاڤه‌ ڕۆشنبیری‌یه‌كان كه‌م ته‌رخه‌می نه‌ده‌كرد. ئه‌گه‌ریش مۆڵه‌تی به‌ڕۆژنامه‌ یان گۆڤارێكی كوردی بدابایه‌ مه‌رجه‌كانی سانسۆر و كۆنترۆلیشی له‌ گه‌لیا ده‌چه‌سپاند تا بتوانێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاریان بێنێ، یا وا بێ‌نرخی ده‌كرد كه‌ هیچ تێشكی نه‌ته‌وه‌یی، فیكری، شۆڕشخوازی تیا به‌دی نه‌كرێت.

دوای ڕمانی به‌عس، باشووری كوردستان كه‌وته‌ ژێر ڕكێفی حیزبه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام به‌یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی زمانه‌كان و بلووكی بادینان و سۆڕان به‌ند بوو به ‌یه‌ك گرتنی ده‌سته‌ڵاته حیزبی‌یه‌كان و هه‌نگاونان ڕووه‌و هه‌ڵدێری زمانی یه‌كگرتووی كوردیش په‌یوه‌ست بوو به‌ یه‌ك بوونی هه‌رێمه‌كان !! ئێستاش له‌م قۆناغه ناسكه‌دا كه‌ مێژووی كورد پتر پێویستی به‌ یه‌كگرتنی حیزبه‌كان و هه‌رێمه‌كانی كوردستانه هه‌تا به‌هێزتر شیاوی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمنانی ببێت، پێداویستی زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی پتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ! حیزبه‌كانی كوردستان ده‌سته‌ڵاتی حیزبی له‌ فراوانخوازی كوردی و یه‌كگرتنی نه‌ته‌‌وه‌یی گرنگتر ده‌زانن و داخوازی گه‌ل و مێژوو پشت گوێ ده‌خه‌ن ! ئایا ئه‌گه‌ر زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی خوڵقابا پێ نه‌ده‌چوو دژایه‌تی هه‌رێمی و زمانی له‌ نێوان كورد دا له‌ ناو بچوایه؟ كه‌ ئه‌مه‌یان دوواكه‌وتووترین و كوشنده‌ترین دیارده‌یه‌ بۆ پاشخستنی كورد و به‌رده‌وامی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوانیان ! ڕاسته‌ ئه‌مه‌یان له‌ كاتی به‌عس زۆر ئاسته‌م بوو. به‌عس به‌ هه‌موو هێز و توانای به‌رهه‌ڵستی ده‌كردین و بوار پێك‌هێنان له‌و قۆناغه‌ خنكێنه‌رانه‌دا زۆر ئا‌سته‌نگ بوو، به‌ڵام ئایا ئێستا كه باشووری كوردستان خاوه‌نی ده‌سته‌ڵاتێكی كوردی‌یه، ناكرێ لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵێنه‌ری پسپوڕ له‌ بواری زمانه‌وانی و مێژوو له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی كوردستان پێك بهێنرێ تا كو زمانیێكی ئه‌ستانداردی كوردی دابنرێ؟. . . نه‌خاسمه‌ ئێستا كه‌ له‌ عێراق كوردیش هاوسه‌نگی زمانی عه‌ڕه‌بی‌یه‌ و گه‌لی كوردیش هاوسه‌نگی عه‌ڕه‌ب (ئه‌گه‌ر سیستانی تا كو ئه‌و كاته‌ پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه‌!!) خۆ ناكرێ له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی زمانی بادینی یان سۆڕانی شه‌ڕێكی ناوخۆی تر بكه‌ین !! ئایا ناكرێ كه‌ خۆمان ده‌رك به‌م كێشه‌‌یه‌ بكه‌ین و هه‌نگاوی پوزیتڤ و شاڕه‌زایانه‌و جیددی بۆهه‌ڵبنێین ؟!؟!؟ پێش ئه‌وه‌ی كه‌ عاڕه‌به‌كان دیسان بڵێن " ئێوه‌ له پێشدا له‌ گه‌ل خۆتان ڕێك كه‌ون" خۆ ئه‌و كاته‌ش ناكرێ پاره‌ی بادینان * له باكوری‌ باشوری كوردستان به‌كار بهێنرێ و دراوی سۆڕانیش له‌ باشوری باشوری كوردستان به‌كار بهێنرێت ! یا خود خۆ ئه‌ویش به‌ نۆره‌ نابێت ! چوار ساڵ گشت گۆڤار و ڕۆژنامه‌و زمان و دراو و یاسا فیفتی به‌ فیفتی بێیت و چوار ساڵ به‌ بادینی بێت و چوار ساڵ به‌ سۆرانی !! ئایا ده‌توانین هه‌ر چوارساڵ به‌ گۆڕینی سه‌رۆكی كوردستان پاشكۆكه‌كانیشی گشت بگۆڕین ؟؟؟ یا خود كتێبه‌كانی بادینان له‌ بادینان بخوێنرێنه‌وه‌ و سۆڕانیش له‌ سۆڕان !! وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش بێ‌ئاگا له‌ نووسه‌ران و ڕۆشه‌نبیرانی به‌شه‌كانی‌تری كوردستان بین كه‌ بڵێین‌ هه‌موو باشووری كوردستان هێنده‌ی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌ نووسه‌ری تیا نی‌یه‌ !!! خۆ ئه‌مه‌ش شه‌ڕێكی ناڕاسته‌وخۆیه‌ كه‌ نووسه‌ر و ڕووناكبیر تیایدا به‌شداری ده‌كات. له‌ بری هێور كردنه‌وه‌ و به‌ یه‌ك گه‌یاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی !! له‌ بری له‌ناو بردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی گه‌یاندنی كرمانجی باكوور و باشور بۆشایی نێوانیان به‌رین‌تر ده‌كات. . . . ئه‌مه‌ زاده‌ی بێ‌ئاگایی نووسه‌رانمانه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستان به‌ هۆی دیكتاتۆریه‌تی ته‌نگی حیزبایه‌تی و پرۆپاگه‌نده‌ی نیگه‌تیڤی ده‌سته‌ڵات داره‌كان !! ڕۆشنبیران ئه‌ركی سه‌رشانیان له‌ بیر دهكه‌‌ن، یاخود ده‌یكه‌نه‌ قوربانی دیدی ته‌نگ و پاشكه‌وتووی هه‌رێمچێتی و خێڵه‌كی و گه‌ڕه‌كچێتی. . . . ئێستا كه‌ ده‌رفه‌ت ڕه‌خساوه‌ با هه‌موو لایه‌ك به‌ دڵسۆزی و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌ هه‌نووكه‌یی‌یانه‌ بكۆڵینه‌وه‌ ! ئه‌گه‌ر به‌شه‌كانی‌تری كوردستان مۆڵه‌تی گه‌شه‌ سه‌ندنیان پێ نادرێت له‌و بوارانه دا، با باشووری كوردستان ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زمانه‌وانی، فه‌رهه‌نگی، زانستی بۆ به‌شه‌كانی تری كوردستان.

ساقی بارزانی

ڤیرجینیا - ئه‌ـریكا

www. klawrojna. com