www.kurdistannet.org

 

ضةند قسةيةك لةطةلَ (كةريم خالَدار)دا .... أةحيم سندووسي

 

له‌ ماڵپه‌ڕی‌ "كوردستان نێت"دا نامه‌یه‌كی‌ كراوه‌ی‌ "كه‌ریم خاڵدار" بۆ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێرانم خوێنده‌وه‌. به‌ڕاستی‌ هه‌ركه‌ سه‌ردێڕی‌ نووسراوه‌كه‌یم دیت حه‌زم كرد نامه‌كه‌ی‌ بخوێنمه‌وه‌ تا بزانم "كه‌ریم خاڵدار" چ قسه‌یه‌كی‌ بۆ گوتن به‌ حیزبی‌ دیموكرات هه‌یه‌. ناوبراو باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردوه‌ كه‌ تا ئێستا كومیته‌ی‌ هوله‌ندی‌ حیزب به‌ ناوی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌یه‌وه‌ چه‌ند جار داوای‌ لـێ‌كردوه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ حیزب ده‌ست به‌ تێكۆشان بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و داواكه‌ی‌ ره‌ت كردۆته‌وه‌‌و حازر نه‌بووه‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبێك درێژه‌ پێ‌بدا كه‌ به‌شێك له‌ رێبه‌رایه‌تی‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ قبووڵ‌ نیه‌‌و به‌ تاوانباریان ده‌زانێ‌". هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا "كه‌ریم خاڵدار" وا نیشان ده‌دا كه‌ كاتی‌ خۆی‌، بۆخۆی‌ له‌ حیزبی‌ دیموكرات رۆیشتوه‌‌و، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ دژی‌ حیزبی‌ دیموكرات ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ ئیفشاگه‌ری‌، حیزب له‌ نامیلكه‌ی‌ نێوخۆیی‌ خۆی‌دا، به‌ دوای‌ ریزكردنی‌ كۆمه‌ڵێك تاوان بۆ ناوبراو، ده‌ركردنی‌ ئه‌وی‌ له‌ حیزب راگه‌یاندوه‌.

من نازانم به‌ڕاستی‌ كومیته‌ی‌ هوله‌ندی‌ حیزبی‌ دێموكرات داوای‌ كردوه‌ له‌ ناوبراو ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی‌ حیزب‌و درێژه‌ به‌ تێكۆشان له‌و حیزبه‌دا بداته‌وه‌ یان نا؟ به‌ڵام بڕواناكه‌م ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب، كومیته‌ی‌ حیزبی‌ راسپاردبێ‌ ناوبراو ده‌عوه‌ت به‌ ئه‌ندامه‌تی‌‌و تێكۆشان له‌ حیزب‌دا بكاته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب ئه‌و داوایه‌ی‌ له‌ كومیته‌ی‌ هوله‌ند كردبا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ "كه‌ریم خاڵدار" ئیفتیخاری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داوای‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ داوه‌ته‌وه‌ به‌ كومیته‌ی‌ هوله‌ند! ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ قسه‌ی‌ خۆی‌ به‌ خاوه‌ن ده‌كرد‌و ئیدی‌ پاش ئه‌و هه‌موو تكا‌و ره‌جایه‌ له‌ ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی‌ حیزب، ئه‌ندامه‌تی‌یه‌كه‌ی‌ ره‌ت نه‌ده‌كرده‌وه‌. له‌به‌ر هۆیه‌كی‌ دیكه‌ش پێم وانیه‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ ئێستای‌ حیزبی‌ دێموكرات، داوای‌ ئاوا له‌ كه‌ریم خاڵدار بكا. زۆربه‌ی‌ نزیك به‌ ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ ئێستای‌ حیزب كه‌ریم خاڵدار‌و رابردووه‌كه‌ی‌ زۆر باش ده‌ناسن، ده‌زانن ناوبراو كاتی‌ خۆی‌ له‌به‌رچی‌ له‌ حیزب ده‌ركرا. جگه‌ له‌مه‌ش له‌وه‌ دڵنیان كه‌ "كه‌ریم خاڵدار" ئه‌و كه‌سایه‌تی‌یه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حیزبی‌ دێموكرات‌دا نه‌بێ‌، ئه‌و حیزبه‌‌و جووڵانه‌وه‌ی‌ كورد، زیانێكی‌ گه‌وره‌یان پێ‌بگا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌بوونی‌ له‌ حیزبی‌ دێموكرات‌دا، زۆریش به‌ قازانجی‌ ئه‌و حیزبه‌یه‌. من وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ قه‌دیمیی‌ حیزب ئه‌م چه‌ند قسه‌یه‌ به‌ ئاگاداریی‌ كه‌ریم خاڵدار ده‌گه‌یه‌نم نه‌ك وه‌ك وته‌بێژێكی‌ حیزب. به‌ڕاستیش نازانم ده‌فته‌ری‌ سیاسی چ وه‌ڵامێكی‌ بۆ ناوبراو هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب داوای‌ ئه‌ندامه‌تیی‌ له‌ كه‌ریم خاڵدار كردبێ‌، كارێكی‌ هه‌ڵه‌ی‌ كردوه‌‌و هیچ پاساوێك هه‌ڵ‌ ناگرێ‌.

كه‌ریم خاڵدار ده‌ڵێ‌ رێبه‌ریی‌ ئه‌وكاتی‌ حیزب "به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناجوامێرانه‌ پیلانی‌ گێڕا تا نه‌توانم وه‌ك فه‌رمانده‌رێكی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ كۆنگره‌ی‌ 6ی‌ حیزب بكه‌م له‌ كاتێك‌دا هه‌ڵبژێردراوی‌ كۆنفرانسی‌ حیزب بووم له‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان". ئه‌م قسه‌یه‌ دوو پرسیار دێنێته‌ پێش: ئه‌تۆ ئیددیعا ده‌كه‌ی‌ كه‌ له‌به‌ر له‌قاودانی‌ شه‌ڕی‌ براكوژی‌ له‌ نێوان حیزب‌و كۆمه‌ڵه‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ نادروسته‌ له‌ لایه‌ن تاقمێكی‌ خۆبه‌زلزان‌و سه‌وداگه‌ره‌وه‌‌و زۆر هۆی‌ دیكه‌، حازر به‌ درێژه‌دانی‌ تێكۆشان له‌و حیزبه‌دا" نه‌بووی‌. باشه‌ كۆنگره‌ی‌ 6ی‌ حیزب رێبه‌ندانی‌ ساڵی‌ 1362 پێك هات. خۆ ئه‌و كات شه‌ڕێك له‌ نێوان حیزب‌و كۆمه‌ڵه‌ له‌ گۆڕێ‌دا نه‌بوو، تا له‌ ترسی‌ ئیفشاگه‌ریت له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌، رێگای‌ هاتن بۆ كۆنگره‌ت لـێ‌ببه‌ستێ‌. كه‌وابوو هۆیه‌كی‌ دیكه‌ هه‌بووه‌ بۆ ده‌ست پێكردنی‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و ته‌مبێ‌ كردنت. ناشتوانی‌ ئیددیعا بكه‌ی‌‌و بڵێی‌ به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ موخالیفی‌ "كورته‌ باس" بووم، بیانوویان پێ‌گرتم. چونكه‌ جه‌نابت‌و باسی‌ سوسیالیزم كوجا مه‌رحه‌با!! هۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌نابت له‌به‌ر چاوی‌ رێبه‌ری‌‌و هه‌موو حیزبی‌ دێموكرات بكه‌وی‌‌و به‌ پێویستی‌ بزانن سزات بده‌ن، هێندێك له‌ كرده‌وه‌كانی‌ خۆت بوو له‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان‌و هتد. من كه‌ لێره‌دا ئه‌و كرده‌وانه‌ ناو نابه‌م، هه‌ر له‌به‌ر ره‌عایه‌ت كردنی‌ خۆت نیه‌. هه‌ر چه‌ند ره‌عایه‌تی‌ حاڵ‌‌و ئه‌حواڵی‌ خۆشت به‌ شتێكی‌ خراپ نازانم. چونكه‌ ئیدی‌ ئێستا ته‌مه‌نێكت لـێ‌رابردوه‌‌و لانی‌ كه‌م لای‌ ماڵومنداڵی‌ خۆت‌و كه‌سانێك كه‌ رابردووت ناناسن رێز‌و حورمه‌تت هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ناوبردنی‌ كرده‌وه‌كانت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی‌ ده‌ركرانت له‌ حیزبی‌ دیموكرات، خۆم ده‌بوێرم، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێم خۆش نیه‌ زۆر له‌ دوژمنان‌و نه‌یارانی‌ گه‌لی‌ كورد‌و جووڵانه‌وه‌ هه‌قخوازانه‌كه‌ی‌، به‌ڵگه‌‌و زانیارییان بۆ دژایه‌تی‌‌و ته‌بلیغات له‌ سه‌ر حیزبی‌ دیموكرات، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ شۆرشگێڕانه‌ ده‌ست بكه‌وێ‌. ئه‌و كرده‌وانه‌ی‌ ئه‌تۆ له‌سه‌ریان له‌ حیزبی‌ دێموكرات ده‌ركرای‌، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ نابن. من كه‌ ئاماژه‌ به‌وان ده‌كه‌م به‌ هیچ جۆر نامه‌وێ‌ بتترسێنم‌و بڵێم ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ له‌ حیزب بگری‌ له‌قاویان ده‌ده‌م. هه‌قی‌ خۆته‌ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێست‌و كرده‌وه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و هه‌ر هێز‌و لایه‌نێكی‌ دیكه‌ بگری‌. به‌ڵام هه‌قت نیه‌ بوختان هه‌ڵ‌ ببه‌ستی‌‌و ئیددیعای‌ بێ‌بناغه‌ بكه‌ی‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوت بێته‌ نێو ناوان. ئه‌گینا منیش وه‌ك ئه‌ندامی‌ حیزب به‌ چاوی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڕوانمه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ كه‌ له‌ نێوان حیزب‌و كۆمه‌ڵه‌‌و دوو باڵه‌كه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات هه‌ڵگیرسان‌و بوون به‌ هۆی‌ رژانی‌ خوێنی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ باشترین رۆڵه‌كانی‌ كوردستان. به‌ڵام زۆر به‌ ناڕه‌وای‌ ده‌زانم ئه‌گه‌ر له‌ هه‌مووی‌ ئه‌و رووداوه‌ ناخۆشانه‌دا، هه‌ر حیزبی‌ دێموكرات مه‌حكووم بكرێ‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ به‌بێ‌ تاوان دابنرێن. جێگای‌ خۆشحاڵیشمه‌ كه‌ رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دێموكرات ـ ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی‌ "رێبه‌رایه‌تیی‌ شۆرشگێڕ"ی‌ جارانیشی‌ پێوه‌ په‌یوه‌ست بێ‌، كۆمه‌ڵێك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ رابردووی‌ خۆی‌ دایه‌به‌ر ره‌خنه‌‌و چاوی‌ پێداخشاندنه‌وه‌.

له‌و بڕوایه‌ش دام ئیفشاگه‌ری‌یه‌كانی‌ كه‌ریم خاڵدار له‌سه‌ر حیزبی‌ دێموكرات له‌ ساڵی‌ 1364دا له‌به‌ر بیروباوه‌ڕ‌و بێزاری‌ له‌ شه‌ڕی‌ براكوژی‌‌و دڵسۆزی‌ بۆ جووڵانه‌وه‌ی‌ كورد نه‌بوو. ئه‌و "ئیفشاگه‌ری‌"یانه‌ی‌ ئه‌و‌و هێندێك ناڕازیی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و كاتی‌ حیزبی‌ دێموكرات، نرخی‌ "به‌ڕێ‌ كران بۆ ئورووپا" بوو كه‌ ده‌یاندا به‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وكات.

ره‌نگه‌ كه‌ریم خاڵدار راست بكا كه‌ كاتی‌ خۆی‌ "رێبه‌رایه‌تیی‌ شۆشگێڕ" بڕیاری‌ ده‌ركردنی‌ ئه‌ویان به‌ ناهه‌ق زانیبێ‌‌و داوایان لـێ‌كردبێ‌ وه‌ك به‌رپرسی‌ كومیته‌ی‌ حیزب (رێبه‌رایه‌تی‌ شۆرشگێر) له‌ هوله‌ند ده‌ست به‌ تێكۆشان بكاته‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ بۆ ململانێ‌ له‌گه‌ڵ‌ قۆڵه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ حیزب په‌نایان ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سانی‌ وه‌ك ئه‌ویش بردبێ‌. من كه‌سانێكی‌ دیكه‌ش ده‌ناسم كه‌ له‌ ساڵانی‌ لێكدابڕانی‌ دوو قۆڵه‌كه‌ی‌ حیزب‌دا، له‌گه‌ڵ‌ "رێبه‌رایه‌تی‌ شۆرشگێر" كاریان ده‌كرد كه‌ كاتی‌ خۆی‌ نه‌ك له‌به‌ر ره‌خنه‌ گرتن‌و دژایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ شه‌ڕی‌ بركوژی‌‌و داكۆكی‌ له‌ دیموكراسی‌، به‌ڵكوو به‌ هۆی‌ كرده‌وه‌ی‌ نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌خلاقی‌ شۆرشگێڕانه‌، له‌ حیزب ده‌ركرابوون. هی‌واش هه‌بوون به‌ ناڕه‌وا، له‌ حیزبی‌ پاڵ‌ پێوه‌نرابوون‌و به‌ نابه‌دڵی‌ رۆیشتبوون، به‌ڵام "رێبه‌رایه‌تی‌ شۆشگێر" داوای‌ تێكۆشانی‌ لـێ‌كردبوونه‌وه‌. من رێزم هه‌یه‌ بۆ ئه‌وان‌و هه‌ر كه‌س هه‌وڵی‌ دابێ‌‌و هه‌وڵ‌ بدا ئه‌و به‌شه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ پێشووی‌ حیزب، بێنێته‌وه‌ نێو حیزب، ده‌ستی‌ ماچ ده‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئاگادارم له‌ هاوڕێیانی‌ "رێبه‌رایه‌تی‌ شۆرشگێر"ی‌ جارانیش كه‌س بۆ وه‌رگیرانه‌وه‌ی‌ كه‌ریم خاڵدار به‌ ئه‌ندامی‌ حیزب به‌داخ نیه‌، یا قسه‌یه‌كی‌ بۆ دیفاع له‌ ناوبراو پێ‌نیه‌.

سه‌رنج راكێشترین به‌ش له‌ نامه‌كراوه‌كه‌ی‌ كه‌ریم خاڵدار، تاوانباركردنی‌ رێبه‌ریی‌حیزبی‌ دێموكرات به‌ سه‌نگه‌ر چۆڵكردن‌و به‌جێ‌ هێشتنی‌ كادر‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ "نه‌كا خوای‌ نه‌كرده‌ به‌ڵایه‌كیان به‌سه‌ر بێ‌‌و گه‌لی‌ كورد بێ‌رێبه‌ر‌وچاوساغ بمێنێته‌وه‌"!

ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ دوو باره‌وه‌ هه‌ر بۆ گاڵته‌ پێكردن ده‌بێ‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ چونكه‌ رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دێمۆكرات ـ به‌ خۆشی‌‌و شانازی‌یه‌وه‌ ـ قه‌ت له‌ كوردستان‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب دوور‌و دابڕاو نه‌بووه‌. كه‌ریم خاڵدار چونكه‌ له‌مێژه‌ ئاگای‌ له‌ كوردستان نیه‌، نازانێ‌ به‌ ژماره‌ی‌ ئێستای‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ریی‌ حیزب، كادری‌ رێبه‌ریی‌ حیزب هه‌ر له‌ سه‌ر خاكی‌ كوردستان‌و زۆربه‌شیان له‌ قووڵایی‌ خاكی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و له‌ شه‌ڕی‌ راسته‌خۆ‌و سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌ر له‌گه‌ڵ‌ هێرشكه‌ران‌و به‌كرێگیراوانی‌ دوو رێژیمی‌ پاشایه‌تی‌‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌دا شه‌هید بوون. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ كوردستان، شه‌هید نه‌بوون، له‌ پێته‌خته‌كانی‌ ئورووپا، له‌و جێگایانه‌ كه‌ تیرۆریسته‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ هیچ حیسێبێك بۆ "دڵسۆز‌و تێكۆشه‌ر‌و كه‌سایه‌تیی‌ وه‌ك كه‌ریم خاڵدار" ناكه‌ن، كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ده‌سڕێژی‌ تیرۆریسته‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌. له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ كه‌سێك رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دیموكرات به‌ سه‌نگه‌ر چۆڵكردن تاوانبار ده‌كا، كه‌ له‌ ساڵی‌ 1364ه‌وه‌ تێی‌ته‌قاندوه‌‌و له‌ هوله‌نده‌وه‌ دڵسۆزی‌ بۆ ئه‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانه‌ ده‌كا كه‌ "رێبه‌ریی‌ حیزب" خۆی‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوه‌‌و له‌ سه‌داقه‌ت‌و نیازپاكییان كه‌ڵكی‌ خراپ وه‌رده‌گرن". كه‌ریم گیان! كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب دوو به‌شن. یا قه‌دیمین‌و وه‌ك من، جه‌نابت له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ناسن‌و ئاگایان له‌ كرده‌وه‌‌و ره‌فتارت له‌ ناوچه‌كانی‌ مه‌هاباد‌و شیمالی‌ كوردستان‌و مه‌رگه‌وه‌ر دا هه‌یه‌. یا لاون‌و تازه‌ هاتوونه‌ته‌ ریزی‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزب. دڵنیابه‌ ئه‌و نه‌سڵه‌ نوێ‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رابردووی‌ تۆ بزانن‌و بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و حیزبه‌ له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی‌ تایبه‌تیی‌ تێكۆشانی‌، كه‌سانی‌ وه‌ك تۆی‌ تێخزا بوو، له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌داخ ده‌بن، له‌لایه‌كیشه‌وه‌ خۆشحاڵ‌. بۆخۆت ده‌زانی‌ بۆچی‌ به‌داخ ده‌بن چونكه‌ كه‌سانێكی‌ وه‌ك تۆ له‌و حیزبه‌دا رۆژێك مه‌یدانیان هه‌بووه‌‌و ئابڕوو‌و پرستیژی‌ ئه‌و حیزبه‌یان خه‌وشدار كردوه‌. به‌ڵام خۆشحاڵی‌یه‌كه‌یان له‌وه‌ ده‌بێ‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ سه‌رئه‌نجام تۆی‌ له‌ ریزه‌كانی‌ خۆی‌دا ته‌حه‌ممول نه‌كردوه‌.

24ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1383