info@kurdistannet.org

كاتي بلآوكردنةوة بة كاتي ناوةندي ئةوروثا

www.kurdistannet.org

www.kurdistannet.org

ئازادي بيركردنةوة و دةربأيني بؤضووني جياواز .... ثؤلآ سةعيد

 

به‌خت ئه‌و كورسیییه‌‌یه كه له‌ناكاودا قووتبۆته‌وه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ ویستی ئه‌وا ده‌توانێت له‌نێوانی دوو كه‌سی تردا دابنیشێت.    گیۆرگ بێرناردشۆ

 

خۆزگه‌ به‌ختی كوردیش وه‌های ده‌كرد، ئه‌گه‌ر هاتوو تاكێكی كورد بۆچوونێكی جیاوازی بۆ لێكدانه‌وه‌‌كان هه‌بوو ئه‌وا كورسیییه‌كی به‌تاڵی له‌ نێوانی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتدا بۆ دانیشتن ده‌ستبكه‌وتایه. سته‌مه‌ ئیمڕۆ به‌ زمانی ڕه‌خنه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیه‌تی ده‌سته‌ڵاتێكی زاڵدا بدوێیت و تاوانی پابه‌ندبوونی به‌ره‌ی دووهه‌می دژت نه‌داته پاڵ. هه‌ر دوژمن ناحه‌زی كورده، كه ئه‌وانیش پێكهاتوون له‌ ئه‌ندامه‌ شۆڤێنیسته‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌ستانه‌ی خاكی كوردستانیان داگیركردووه، جا ئایا بوونیان ئه‌گه‌ر له‌ناو پۆسته‌كانی ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت، یان وه‌ك هاووڵاتیییه‌ك ڕوومان به ڕوویانه‌وه ببێت. به‌ڵام مه‌خابن ئێمه‌ی كورد ئه‌گه‌ر ململانێی بیروبۆچوونیشمان له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا هه‌بێت ئه‌وا هه‌مانكات به‌ چاوی ڕه‌قیب نیگای یه‌كتر ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ش مه‌خابن كه كلتووری ده‌سته‌ڵاتێكی زاڵی وه‌كوو به‌عسه له ده‌روونماندا جێگای خۆی كردۆته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی درك به‌خۆمان بكه‌ین، چونكه هه‌ر به‌عس ده‌یگووت ئه‌وی له‌گه‌ڵم نه‌بێت دوژمنمه. چما ئێمه‌ی كورد كه‌‌نگێ دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتر بووین؟ ته‌نها ئه‌و ڕۆژگاره‌ شوومانه‌ نه‌بێت كه له‌سه‌ر داوای داگیركه‌رانی خاكی كوردستان ده‌ستمان به‌خوێنی ئاڵی یه‌كدی سوور ده‌كرد. خۆزیا فێرده‌بووین به‌ زمانی دیالۆگ و هۆش له‌گه‌ڵ یه‌كدی بدوێین. خۆزیا ڕێگامان له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كلتووری شه‌ڕ و دیكتاتۆریی و شۆڤێنیانه‌ی وڵاته‌ دراوسێكانمان بۆ ناوخاكی كوردستان ده‌گرت. خۆزیا بچێك زیاتر چیكڵدانه‌مان بۆ ته‌ماشاكردن و گوێگرتنی بۆچوونی جیاواز و ڕه‌خنه‌ گه‌وره‌تر ده‌كرد. كه به وڵاتی سووریادا تێده‌په‌ڕیت وێنه‌ی باوك و كوڕی ئه‌سه‌د چاوت ده‌ردێنن، وه‌ك چۆن سه‌رده‌مانی به‌عس وێنه‌ی سه‌ددام هه‌راسانی ده‌كردیین. ئیمڕۆ مه‌خابن ئه‌و ڕه‌وشته‌ ڕوویكردۆته‌ سه‌ردارانی كوردیش كون و قووژبنی داموده‌زگاكانی وڵات و سه‌رشه‌قامه‌كان و هۆڵه‌کان و ... هتد. پڕ بووه له وێنه‌ی سه‌ردارانی كورد، ئه‌مه‌ش ڕشتنی ڕه‌نگێكی زاڵه له ده‌سته‌ڵاتدا، كه ده‌كرا خودی سه‌ردارانی كورد ڕێگایان بۆ ئه‌م دۆسه خۆش نه‌كردایه. به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وانیش خودی خۆیان مه‌یلی ئه‌م ڕه‌وشته‌یان هه‌یه هه‌ربۆشه بێده‌نگیییان له‌م كاره‌دا هه‌ڵبژاردووه. ئیمڕۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌موو پارتێكی كوردیی به یه‌كچاو ته‌ماشای وه‌رزی ڕه‌خنه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕووی ده‌میان ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ر لایه‌نێك ئیدی بێ پێچ و په‌نا ئه‌ندامانی ئه‌و لایه‌نه‌ ڕه‌خنه‌گره‌كه‌ به دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆیان ده‌زانن و به‌پێی ویست و سه‌لیقه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خۆیان به‌ره‌یه‌كی دژی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن و نالۆگیكانه‌ تێیده‌هاون. ئه‌گه‌ر هاتوو ڕه‌خنه‌گر ڕووی ده‌می كرده سه‌وز ئه‌وا لای هه‌وادارانی سه‌وز ڕه‌خنه‌گر كادێرێكی بزێوی پاراستنه. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر ڕووی ده‌می كرده‌ زه‌رد، ئه‌وا لای ئاشقانی زه‌رد ڕه‌خنه‌گر ئه‌ندامێكی چالاكی ده‌زگای زانیاریی‌یه. ئیمڕۆ ده‌بێت گۆڕانێك به‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونانه‌دا بێت، هه‌تا زیاتر بوار بۆ كۆمه‌ڵگای تسیڤیل و دیموكرات خۆش بكه‌ین. ده‌شێت ئه‌ندامێكی سه‌وز یان زه‌رد هێنده ڕۆشنگه‌ر بێت ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ له لایه‌نه‌كه‌ی خۆشی بگرێت به‌ره‌و باشتر بوون. نه یه‌كێتیی نیشتیمانیی نه پارتی دیموكرات هیچ كامێكیان موڵكی نه‌ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانیین نه به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیین. ئه‌م پارتانه‌ له‌سه‌ر ئۆقیانووسی خوێنی گه‌شمرده‌كانی خاك پێكهاتوون و ڕاگیراون. ڕه‌نجی شانی خه‌ڵكانی پاڵه‌ و ڕه‌نجده‌ران و كرێكارانی شار و جووتیاری لادێ و خوێندكاران و ڕۆشنگه‌رانی وڵاته. ئاره‌قه‌ی ته‌وێڵی ماندووبوونی پێشمه‌رگه‌ و چۆڕاوگه‌ی خوێنی گه‌شمرده‌یه. خۆڕاگریی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزانه‌یه كه ڕۆژێك له ڕۆژان سه‌ری بڵندیان بۆ فاشت شۆڕنه‌كردووه، به‌ڵام مه‌خابن ئیمڕۆ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ له هه‌مووان هه‌ژارتر و له هه‌مووان فه‌رامۆشكراوترن. بۆیه نه سه‌ردارانی كورد نه‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی كورد له‌م لایه‌نانه‌دا ناكرێت ڕێگایان بۆ خۆشبكرێت كه بوونیه‌تی ده‌سته‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ها بۆ مه‌رامی خۆیان به‌كار بهێنن. ده‌شێت سه‌ردارانی كورد خۆیان درك به‌و ڕاستیییه‌ بكه‌ن و هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌ نه‌كردنیان بده‌ن. دوژمنانی كورد هه‌موو كات ویستوویانه كورد له ڕێگای فه‌رهه‌نگیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و هۆشیارییی و زمان و ..هتد. ونبكه‌ن ئه‌گه‌ر پێشیان نه‌كرا ئه‌وا بۆشاییی تێبكه‌ن. مێژووی پارتێكی كوردیی ته‌نها له قه‌واره‌ی 58 ساڵێك زیاتر تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا بۆشایییه‌كی گه‌وره‌ی كلتووری ڕامیاریی‌یه له كۆمه‌ڵگای كوردیی دا. بۆیه ده‌بێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه وه‌ها بكرێت كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دوو پارته كه موڵكی گه‌له نه‌‌گ چه‌ند كه‌سانێك به‌ره‌و باشتر بوون ببرێت. هه‌تا له سه‌د ساڵی داهاتدا وه‌چه‌ی نوێ ڕوویان بێت شانازیی به‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوومانه‌وه بكه‌ن. با ڕۆشنبیر و ڕه‌خنه‌گری كورد كورسیی‌یه‌كی هه‌بێت له‌نێوانی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتی سه‌وز و زه‌رددا، با ده‌سته‌ڵاتی زه‌رد و سه‌وز به‌و چاویلكه‌یه‌وه ته‌ماشای ڕووناكبیران و ڕه‌خنه‌گرانی كورد نه‌كه‌ن، كه ئه‌وی خۆیان بیانه‌وێت ته‌نها ئه‌وه‌ی پێ ببینن. با ناوی پیرۆزی "گه‌شمرده" بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی پارتایه‌تیی به‌كار نه‌هێنین. تاوانه له هه‌موو بۆنه‌ و باسێكدا بۆ داخستنی ده‌می ڕه‌خنه گۆڕ و خوێنی گه‌شمرده‌كانی وڵات بێنینه‌وه‌ به‌رگوێ و چاوی جه‌ماوه‌ر. ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ی ده‌سته‌ڵاتی سه‌وز و زه‌رد له ڕووناكبیرانی كوردیان گرتووه سه‌نگه‌رێكه به چه‌كی خوێنی شه‌هیدانه‌وه سه‌نگه‌رێكه به چه‌كی ئابڕوو كه‌سایه‌تیی شكاندنه‌وه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا لاوازیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵات ده‌رده‌بڕێت به‌رانبه‌ر به ڕه‌خنه. ڕه‌خنه‌گر دوژمنی سه‌رسه‌ختی بوونتان نییه، ڕه‌خنه‌گر دڵسۆزی قۆناغه‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریییه. هیچ ڕه‌خنه‌گرێكی دڵسۆز نییه، حه‌ز به پێشكه‌وتنی خاكی كوردستان و ژییانێكی پڕ هاڕمۆنیی بۆ كۆمه‌ڵگای كوردیی نه‌كات. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی به‌ڕێزانی سه‌وز و زه‌رده‌وه كه ڕه‌خنه‌گرانی كوردی دانیشتووی ئه‌وروپا به دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردایه‌تیی و گه‌لی كورد و پارته‌كان ده‌زانن. لایه‌نگرانی ده‌سته‌ڵاته‌ كوردیییه‌كان له كوردستان ڕۆژنامه‌وانیی كوردیی له هه‌نده‌ران و سایت و ماڵپه‌ڕه‌ كوردیییه‌كان له ئه‌وروپا، به سه‌كۆیه‌كی به‌ره‌ڵاییی و به‌دوور له بنه‌ماكانی ڕۆژنامه‌وانیی و ڕه‌وشت ناوزه‌د ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌دڵنیایی‌یه‌وه ئه‌و وتاره‌ به‌نرخ و به‌پێزانه‌ی هێنده‌ی له ماڵپه‌ڕ و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ كوردیی‌یه‌كانی ئه‌وروپاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر به ده‌گمه‌ن له ڕۆژنامه‌كانی وڵات دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. چ نه‌بێت گه‌ش و هه‌وای ئازادیی و دیموكراتیی له ڕۆژنامه‌وانیی كوردیی له ئه‌وروپادا زیاتره‌ وه‌ك له وڵات. له وڵات هه‌تا لایه‌نگران و ئه‌ندامان و لێپرسراوانی پارته‌كان وه‌ستا بێت، نووسه‌رێكی بێ لایه‌ن ده‌گمه‌ن ڕێگای ده‌درێت له یه‌كێك له گۆشه‌كانیاندا به‌رهه‌مێكی بكه‌وێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر. ئێمه‌ هه‌موومان ده‌گه‌ڕێین بۆ ئه‌و كورسیی‌یه‌ی كه له‌نێوانی ده‌سته‌ڵاتی سه‌وز و زه‌رددا جێگایه‌كی بۆ بكرێته‌وه هه‌تا ڕووناكبیرانی كورد له‌نێوانی هه‌ردووكیاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتیمان له‌سه‌ری دابنیشن.

                                                                                                                                    

07.08.04