دةهؤلَي جةنط ... شادمان سالَح

 

 حه‌زناکه‌م وابێت، به‌ڵام پێده‌چێت قوڵبونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی نێوان نه‌ته‌وه‌کانی که‌رکوک و بێ ئومێد بونی کورد له‌ ڕوشی ئه‌وشاره‌و ته‌داخولاتی ئیقلیمی و ڕوداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و شاره‌، که‌رکوکی کردبێته‌ بۆمبێکی ته‌وقیتکراو و، ته‌قینه‌وه‌ی له‌ ئانوساتا بێت‌ ، گه‌ر زوو ئاوێکی سارد نه‌کرێت به‌وپشکۆیانه‌ی که‌ له‌ کۆڵانه‌کانی ئه‌وشاره‌وه‌ خه‌ریکه‌ کڵپه‌ده‌سێنن، و شه‌ڕێکی ناوخۆ ده‌قه‌ومێنن .

سه‌ره‌ڕای هه‌موو موجامه‌له و قسه‌ دره‌وشه‌وه‌کان و، سه‌ره‌ڕای ناونانی شاری که‌رکوک به‌شاری پێکه‌وه‌ ژیان و‌، شاری برایه‌تی و‌، نمونه‌یه‌کی بچوکی عێڕاق، . . . . . . . هتد. ، زیاتر گوێبیستی ده‌هۆڵکوتانی جه‌نگ ده‌بین وه‌ک له‌ سه‌مفۆنیای ئاشتی. ئه‌شێ دانونه‌کوڵانی نوێنه‌ره‌کانی "کورد و تورکوومان و عه‌ره‌ب" له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌وشاره‌ پێکه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت، که‌ناتوانن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی کۆببنه‌وه‌ و گرفته‌کانییان چاره‌سه‌رکه‌ن، ئه‌وه‌تا زۆربه‌ی نه‌بێت به‌شێکی زۆری کۆبونه‌وه‌کان نابه‌سترێ به‌هۆی به‌شداری نه‌کردنی ئه‌ندامه‌کانی، یاخود هاتنه‌دره‌وه‌ی نوێنه‌ره‌کان له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا.

هه‌روه‌ها له‌نیوناوه‌ندی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردیدا هه‌ستکردن به‌له ده‌ستچونی شارێکی کوردی وه‌ک که‌رکوک یا له‌ده‌ست ده‌چێت له‌ داهاتودا به‌دی ده‌کرێت، ئه‌م نائومێدیه‌ بوو وای له‌ سه‌رکردایه‌تی کورد کرد، که‌ له‌تازه‌ترین لیدواندا باس له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی جه‌نگ بکات له‌ پێناوی که‌رکوکدا ، ئه‌وه‌ش له‌ لێدوانه‌که‌ی بارزانیدا له‌ 7/9 ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ گه‌ر زۆرینه‌ش نه‌بێت زۆر له‌ شه‌قامی کوردی متمانه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌‌ له‌ق بووه، چونکه‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر "سه‌رکردایه‌تی کورد" هه‌ڕه‌شه‌ی کرد به‌ به‌شداری نه‌کردن له‌ حکومه‌تی تازه‌ی عێڕاقیدا، گه‌ر به‌ئاشکرا باس له‌مافه‌کانی کورد نه‌کرێت له‌ بڕیاره‌که‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا، به‌ڵام به‌دڵی کوردیش نه‌کرا و، چاوسورکردنه‌وه‌که‌ش‌ که‌سی نه‌ترسان و، سه‌رکردایه‌تی کوردیش هیچی نه‌کرد.

ئاشکرایه‌ هه‌ندێ لایه‌ن و ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام له‌ خۆشکردنی ئاگری جه‌نگدان، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک کاری بۆده‌که‌ن، یه‌کێک له‌و ئامرازانی به‌کاری ده‌هێنن تیرۆرکردنی که‌سایه‌تیه‌کانی ناو شاری که‌رکوکه، ‌که‌ هێنده‌ی مه‌به‌ست نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ناو که‌رکوکدا هێنده‌ مه‌به‌ست که‌سه‌ تیرۆرکراوه‌که‌ نیه‌، باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ تیرۆر کردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و شاره‌یه‌ له‌ مانگی ڕابردودا.

پێده‌چێت ترسناکترین‌ ده‌هۆڵژه‌نین له‌وێوه‌ ده‌ستپێبکات که‌ به‌ هۆی قه‌ڵه‌م و به‌ناو هیومانیسته‌کانه‌وه‌ لێده‌درێت، به‌تایبه‌تی له‌م دوواییانه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێت ، ئه‌وه‌تا ته‌نها نزیک بونه‌وه‌یه‌ک له‌ ڕۆژنامه‌یکی وه‌ک (bizturkmeniz) به‌ ئاشکرا بۆنی باروت ده‌کرێت، یاخود ئه‌و داواکردنانه‌ی که‌ له‌ هه‌ندێ لایه‌نه‌ تورکمانییه‌وه‌ ده‌رده‌چێت که‌ نه‌ک شاری که‌رکوک به‌ڵکو هه‌ولێریش به‌شارێکی تورکمانی ناوده‌به‌ن، لێدوانه‌که‌ی سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکمانی شاهیدێکی تره‌، که‌ له‌به‌رواری 11/9 دا ده‌ڵێت " که‌رکوک دڵی کوردستان نییه‌، به‌ڵکو که‌رکوک چه‌قۆیه‌که‌ له‌ دڵی کوردی ده‌چه‌قێنین" .

گه‌ر گوێبیستی هه‌واڵه‌کانی که‌رکوک بکه‌ین، ئه‌وا زه‌نگی شه‌ڕێکی ناوخۆ له‌ گوێماندا لێده‌دات گه‌ر گوێی خۆمانی لێ که‌ڕ نه‌که‌ین. با ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت عه‌ره‌به‌هاورده‌کانیش قسه‌یان هه‌یه‌، و خۆیان به‌خاوه‌نماڵ ده‌زانن عه‌ره‌به‌کانی که‌ش پشگیریان ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ نه‌بوو غازی یاوه‌ر له‌ که‌رکوکدا پێی ووتین "حه‌زناکه‌م گوێم له‌ ووشه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌بێت"، ئه‌ی ده‌بێت به‌چی بانگیان که‌ین تا سه‌رۆک "یاوه‌ریش" زویر نه‌بێت؟

shadmansalih@hotmail. com

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org

Hit Counter