يةكطرتنةوةي هةردوو ئيدارةكة و أاضلَةكينصك؟! ... مةهدي غةمبار

له منداڵدانی ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی کوردستانی باشوری به‌هاری 1991 دا، ئازاد کردنی کوردستان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ دایک بوو؟ ده‌کرێت ئه‌مه‌ به‌ سه‌ره‌تای ده‌‌سپیکردنی مێژویه‌کی نوێی مژده‌به‌خش و ده‌روازه‌ی سه‌رفرازی بنرخێنین و هه‌ر له‌م ئاسۆیه‌شه‌وه ده‌بێت هه‌تاوی ئازادی هه‌تا هه‌تایی سه‌ر به‌رز بکاته‌وه؟!

 ئه‌گه‌ر چی به‌ داخه‌وه هه‌ندێک له‌ شار و ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م به‌ختی هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی یاریان بو وه‌کو که‌رکوکی ژیان.

 هه‌ر له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه و له‌ پاش به کۆتا هێنانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ به‌شه‌ زۆره‌که‌ی کوردستان، کورد ناچار بو هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناخێکی نوێی خه‌بات بهاوێت و به‌مه‌به‌ستی پڕ کردنه‌وه‌ی بۆشاییه ئیداری و پارێزگاری و خزمه‌تگوزاری و هه‌مه‌چه‌شنه‌کان بیر له دامه‌زراندنی ئه‌لته‌رناتیڤێکی ده‌زگاکانی سه‌رده‌می به‌عس بکاته‌وه که ئه‌ویش خۆی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی حکومه‌ت و په‌ڕله‌ماندا ده‌بینیه‌وه.

 گه‌لی کورد ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی لا بوو به‌ خه‌ونێک و بۆ هێنانه‌ دی شه‌و ڕۆژی به‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست ده‌ژمارد و هه‌مو دونیای ئاواته‌کانی له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئازادیه‌کی ئه‌ندێشه‌ییه‌وه ده‌بینی که هیچ که‌س و قه‌ڵه‌مێک نه‌یانده‌توانی خۆیان له‌ قه‌ره‌ی وه‌سف کردنی بده‌ن؟!

 ڕۆژگاره‌کان هێنده‌ درێژ بوبونه‌وه بۆمان نه‌ده‌ژمێردران، ئاوی چاوی چاوه‌ڕوانی زۆرینه‌مان داهات و خۆ ئاماده‌کردن و تاسه‌‌مان بۆ ئه‌م ڕۆژه به ئاماده‌کاریه‌ک ده‌چو بۆ گرتنی جه‌ژنێک که هێشتا جه‌ژنی وا نه‌بینرابێت؟!

 ڕۆژده‌ هات وده‌چو ورده ورده که‌شتی خه‌ونه‌کانمان به‌ره‌و که‌ناری نزیک بونه‌وه‌مان له هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌‌مانی ده‌بردین، کۆتره‌ سپێکانمان به‌ ئاسمانی شاره‌وه ده‌بینی و مژدانه‌ی سه‌رۆکه‌کانمان وه‌ک به‌رات به‌ سه‌ر گه‌وره‌و بچوک و دار و به‌ردی کوردستاندا به‌ سه‌خاوه‌‌ته‌وه ده‌به‌‌خشرایه‌وه و به‌ڵێنه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانیشیان وه‌ک ئه‌ستێره‌ی شه‌وی زستانێکی ئه‌موسته‌چاو له ئاسمانێکی ساماڵ و بێ خه‌وشدا ده‌جریوانه‌وه؟ مه‌خابن ئه‌وه‌ی که به‌ خه‌یاڵماندا نه‌هاتبێت هیزرمان په‌ی پێ نه‌ده‌برد ئه‌وه‌بو که بینیمان ؟! !

 ڕۆژ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن و ڕوکردنه‌ سندوقه‌کانی ده‌نگدانمانه؟ ورده ورده تارماییه‌ک به‌ری ئومێده‌کانی ده‌ته‌نی و بۆنی باروتمان ده‌کرد و ده‌نگی میل‌‌هێنانه‌وه‌ و سوار کردنی کڵاشینکۆفه‌کانمان ده‌بیست؟! بۆن کڕوزی سوتانی به‌ڵێنه‌کان و ئه‌و به‌راتانه‌مان به‌ لوتدا ده‌هات که ڕۆژانه‌ و له ده‌یان بڵندگۆی هه‌ناسه‌کانه‌وه ده‌بیسران؟! !

 هه‌ر له‌م ساته‌وه. . که‌وتینه زینده‌ ‌چاڵکردنی خه‌ونه‌کانمان و له‌ت و په‌ت کردنی نامه‌ی هیوای ئازادی؟! ، هه‌ر له‌م ساته‌وه دوا تروسکه‌ی‌ هیوامان کوژایه‌وه و دوا په‌یڤمان بۆ سه‌ربه‌ستی له گه‌رودا قه‌تیس ما و مه‌لۆتکه‌ی ئومێدمان له منداڵدانی ئاواتدا سڕ بوو؟! .

 ئه‌مڕۆ و زۆر له مێژیشه داوا و تکا و نزاکانمان خۆیان له یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌که‌ی کوردستاندا ده‌بیننه‌وه و هه‌موو چاوی هیواکانمان بڕیوه‌ته ئه‌و چرکه‌یه‌ی که تیایدا جاڕی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌که ده‌درێت هه‌رچه‌نده‌ ناو به‌ناو لێره‌و له‌وێش وه‌ها باسێک به‌ر گوێمان ده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵی کوردیه و به‌‌م هۆیه‌شه‌وه ده‌بینه خاوه‌نی ده‌نگ و سه‌نگێکی تر که توانا و کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاوی له گۆڕانی ئاراسته‌ی ڕوداو و پیشهاته‌کاندا ده‌بێت ؟

هه‌رچه‌نده من بۆ خۆم و له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و مێژوه تاڵه‌ی که بینیمان و به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی له‌ ده‌ستدانی به‌رژه‌وه‌ندی و کورسی و پله‌ و پایه‌ی که‌سانێکی زۆر، (نه‌ زۆر گه‌شبینم و نه‌ ڕه‌شبینیش نیم) له یه‌کگرتنه‌وه و یه‌کخستنه‌وه‌ی له‌م جۆره، هه‌رچه‌نده هه‌ق بو چه‌ند ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ئه‌م هه‌نگاوه به‌ دڵ‌سافی و ڕاستگۆییه‌وه بنرابایه، هه‌ق ‌بو زۆر له‌ مێژ بایه پشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاک و حیزبایه‌تی بکرابایه‌ و تاکه جارێک گوێیان بۆ ئه‌و هه‌موو داواو تکاو ڕجایانه بگرتایه که به په‌رۆشه‌وه له‌لایه‌ن خه‌لکانی کوردستان و توێژ و کۆڕ و کومه‌ڵه‌ و که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه لێیان ده‌کراو داوای یه‌کگرتنه‌وه‌یان ده‌کرد و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل له‌ سه‌ره‌وه‌یان دابنرابایه و هێڵی سوریان بۆ خۆیان بکێشابایه پێش ئه‌وه‌ی که‌سانی تر بۆیانی بکێشن ؟

 ئه‌لمانیه‌کان پاش ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر دوو به‌شی و دوو وڵاتیدا، گه‌ڵاڵه بون و کامڵ بونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی پاڵی پێوه‌ نان تا پێکه‌وه دیواری به‌ڕلین بڕوخێنن و ببن به‌یه‌ک خاک و یه‌ک گه‌ل و خاوه‌نی یه‌ک حکومه‌ت و ئاڵایه‌ک.

هه‌رچه‌ند‌ه ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌‌و مه‌ترسیه‌ی که‌ چاوی له‌ ئێمه‌ زه‌ق کردۆته‌وه بۆ ئه‌ڵمانیه‌کان بونیان نه‌بوو ؟!

به‌شێکی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپا توانیان له‌ ژێر ئاڵاو چه‌ترێکدا کۆ ببنه‌وه و ته‌نانه‌ت یه‌ک جۆر دراویش به‌ کار بهێنن؟

 هیوا خوازم ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمکراتی کوردستان به متمانه‌ی ته‌واو و بڕواوه نایانه‌وێت تێکه‌ڵاو ببنه‌وه و ئیداره‌كانیان یه‌ک بخه‌نه‌وه و فشارێکی ده‌ره‌کی پاڵه‌په‌ستۆی بۆ دروست کردون و تینی بۆ هێناون ئه‌وا با 50 ساڵی تر (دوو ئیداره و دوو ئیراده) و دوو حکومه‌ت بین و ئه‌م خۆزگه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌مان هه‌ر له‌ دڵدا بمێنێته‌وه نه‌ک به‌ ده‌ردی ڕابردومان ببه‌نه‌وه و ئه‌و مێژوه تاڵه‌مان بۆ دوپات بکه‌نه‌وه؟! ! !

 

 msh2004@luukku. com 

 بؤ ثةيوةندي لةطةلَ نووسةر: 

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org