گوزارشتى مۆسيقا

                                                                         زۆزك قه‌ره‌داغى

گوزارشتى مۆسيقا يه‌كێكه‌ له‌ كتێبه‌كانى د.فوئاد زه‌كه‌ريا ، كه‌يه‌كێكه‌ له‌ نوسه‌ر و ره‌خنه‌گره‌ به‌ناوبانگه‌كانى ميسر ، له‌م بواره‌دا گه‌لێك لێكۆڵينه‌وه‌ و كتێبى به‌چاپ گه‌ياندوه‌ .

 كتێبى گوزارشتى مۆسيقاش يه‌كێكه‌ له‌ كتێبه‌ ناسراوه‌كانى زه‌كه‌ريا كه‌ نوسه‌رى كورد حه‌مه‌ كه‌ريم عارف وه‌ريگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كورديى و  ژماره‌ 13 ى چاپكراوه‌كانى پرۆژه‌ى  يانه‌ى قه‌ڵه‌مه‌ كه‌ له‌مانگى شه‌شى 2006 دا كه‌وتۆته‌ به‌رديده‌ى خوێنه‌ران .جێگه‌ى ده‌ست خۆشيى و ڕێز و سوپاسه‌ بۆ نوسه‌رێكى وه‌كو كاك حه‌مه‌ كه‌ريم عارف كه‌وه‌كو ئه‌ركێكی‌ رۆشنبيريى هه‌ستاوه‌ به‌ وه‌رگێڕانى كتێبێكى موزيكيى ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ زياتر ئه‌ركى موزيسيانێكى ڕۆشنبيره‌ ، هيوادارم نمونه‌ى هه‌ر زۆر بێت .

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ينه‌ ئه‌م كتێبه‌ ده‌بينين كۆمه‌ڵه‌ بابه‌تێكى زۆر گرنگى به‌شێوه‌يه‌كى كورتكراوه‌ له‌سه‌ر گوزارشت  ( ده‌ربڕينى )موزيكيى له‌خۆگرتوه‌ كه‌ پێويستيه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌ندان كه‌ رۆشنبيريه‌كى ئه‌وتۆيان له‌م باره‌يه‌وه‌ هه‌بێت ، من هه‌ميشه‌ وتوومه‌ موزيسيان ئه‌وه‌نده‌ى پێويستى به‌ پرۆڤه‌و گوێگرتن و بابه‌تى تيۆريى موزيك هه‌يه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش بگره‌ زياتر پێويستى به‌بابه‌تى له‌م چه‌شنه‌يه‌ وه‌كو ( مێژوو ، ڕه‌خنه‌ ، گوزارشت ، ئه‌ندێشه‌ ، .... هتد ... ) چونكه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ زۆر به‌رفراوانن و بابه‌تێكى سه‌ره‌تايى ناو هونه‌رى موزيك نيه‌ ڕه‌نگه‌ هونه‌رمه‌ندێك ببێت به‌ ژه‌نيارێكى زۆر به‌توانا به‌ڵام له‌پاش چه‌ندين ساڵ ڕاهێنان و فێربوون تواناى تێگه‌يشتنى گوزارشتى هه‌بێت ، هه‌روه‌كو چۆن دانه‌رێكی‌ ئۆركیسترالى له‌دواى كۆمه‌ڵێک باکگراوند و هه‌وڵدانى هونه‌ريیه‌وه‌ ده‌توانێت ببێته‌ پسپۆر ، واتا به‌هره‌يه‌ك نيیه‌ له‌يه‌كه‌م رۆژى فێربوونى موزيكه‌وه‌ ده‌ستنيشان بكرێت ، بابه‌تێكى وه‌كو ئه‌م كتێبه‌ش بۆ هونه‌رمه‌ندێكى كامڵ و خاوه‌ن ئه‌زمون ده‌بێت ، ڕه‌نگه‌ كه‌سێك ئه‌مه‌ به‌ بابه‌تێكى ئه‌وتۆ نه‌زانێت ، به‌ڵام فێربوونى موزيكژه‌نين و تيۆره‌كانى ژه‌نينى موزيك زۆر ئاسانتر هونه‌رمه‌ند فێرده‌بێت و نزيكده‌بێته‌وه‌ له‌ هاوكێشه‌ى كيميا و حيساباتى ماتماتيك ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ تێگه‌يشتن  له‌ بابه‌تى گوزارشتى موزيك  بۆ هونه‌رمه‌ندێكى تازه‌  گرانبێت ، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌يوه‌نديى به‌ ئاستى هونه‌رى ووڵاته‌كه‌وه‌ هه‌يه‌ ، د . فوئاد زه‌كه‌ريا ئه‌م بابه‌ته‌ى له‌ئاست باڵاى موزيكى ميسريدا پێناس كردوه‌ له‌ كاتێكدا بۆ موزيكى ميسريى ڕه‌نگه‌ بابه‌تێكى تازه‌ بووبێت به‌هه‌مان چه‌شنى موزيكى كورديى ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ كه‌مانچه‌ژه‌نێكى تازه‌پێگه‌يشتووى ڤيه‌ننا بابه‌تێكی ئاسان بێت ، چونكه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ لاوه‌ مامۆستاكه‌ى كۆمه‌ڵه‌ ئه‌زمونێكى زۆر بێوێنه‌و پشت ئه‌ستورى وه‌كو مۆتزارتى بۆ به‌جێماوه‌ و سه‌رچاوه‌يه‌كى ئيستاندارد و زيندوى وولاته‌كه‌ى خۆيه‌تى ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ خوێندكاران به‌و رۆشنبيريه‌ گۆشده‌كات ، كه‌ دواجار له‌وانه‌يه‌ خوێندكاره‌كه‌ى پرسيارێكى ئه‌وتۆى له‌لا دروست نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ داهێنان و گوزارشت و هه‌تا دوايى ... به‌ڵام بۆ دۆخێكى وا ناجێگيرى موزيكى كورديى كه‌جارێ قه‌باره‌ و وه‌زيفه‌ى گروپه‌كانى موزيك نازانين و به‌ پێى بارو دۆخ هه‌ر ساڵه‌ى به‌جۆرێکه‌ و تاڕاده‌يه‌كى زۆر دوورين له‌ دنياى ده‌ره‌وه‌ و تێگه‌يشتنمان له‌هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ خه‌ريكه‌ به‌سه‌رده‌چێت ،  لێکۆڵينه‌وه‌ى له‌م جۆره‌ نه‌ك هه‌ربۆ تازه‌ خوێندكاران بگره‌ بۆ هونه‌رمه‌نده‌ فه‌رميى و خاوه‌ن پيشه‌كانيش بابه‌تێكى پێويست و تازه‌يه‌ ، ئه‌گه‌رچى  د . فوئاد زه‌كه‌ريا باس له‌ كێشه‌كانى ناو ستايلَ و تيپ و جۆرى موزيكى ميسريى ده‌كات له‌ده‌وروبه‌رى ساڵه‌كانى 1940 بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ى كورد له‌و قۆناغه‌دا ده‌ژين و زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ى وروژاندويه‌تى زامى ناو موزيكى كورديشه‌ و پێويستى به‌ چاره‌سه‌ره‌ ، لێره‌دا د. زه‌كه‌ريا بۆ به‌زانستيى كردنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان موزيكى جيهانى به‌ نمونه‌ باسكردوه‌ ، كه‌ ته‌نها رێگه‌ چاره‌ى بابه‌ته‌كانه‌ ، بۆنمونه‌ هاتوه‌ و باس له‌ تێكه‌ڵکردنى مۆرك و جۆره‌كانى موزيك ده‌كات و ڕه‌‌خنه‌ده‌گرێت له‌و هونه‌رمه‌ند و گۆرانيبێژانه‌ى كه‌ جياوازی جۆره‌كانى موزيك نازانن و كاريشى له‌سه‌رده‌كه‌ن بۆنمونه‌ زه‌كه‌ريا باس له‌ كه‌له‌پور ده‌كات به‌دوو شێواز ، يان ئه‌وه‌ى گۆرانى ناو گوند و دێهاته‌كانه‌ و ده‌ستكاريى نه‌كراوه‌ يان ئه‌وه‌ى دانراوه‌ و هه‌ردوكيشى پێكه‌وه‌ به‌ گروپى موزيكى ميلليى ده‌ژه‌نرێت ، لێره‌دا ڕه‌خنه‌ له‌ تێکه‌ڵ كردنى گۆرانيى كه‌له‌پوريى و تێكه‌ڵكردنى له‌ رووى ئامێڕبه‌نديه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ستايله‌دا نه‌گونجاوه‌ و به‌زۆر جێگه‌ى بۆدروستده‌كرێت ، جگه‌ له‌ مۆركى ووتن و ژه‌نين و ... كه‌ به‌ڕاستيى ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌ كێشه‌يه‌كن يه‌كسانه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌‌وتى ئێستاى موزيكى كورديدا ، و به‌ خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌لاى هه‌مووان دروستده‌كات .

خۆزگه‌ سه‌رجه‌م  موزيسيانان رۆشنبيرێكى باش بوينايه‌و به‌رهه‌مى تازه‌ له‌ چاپكراو و ده‌نگ و ڕه‌نگ به‌سه‌رماندا گوزه‌ری نه‌ده‌كرد ، ئێمه‌ واتاى موزيك نازانين بۆيه‌ ده‌ڵیێن ده‌نگی سازه‌كه‌مان خۆش ده‌رنايه‌ت ، ئێمه‌ ناتوانين بچينه‌ ناو ئه‌ندێشه‌ى موزيكه‌وه‌ له‌ كاتيى ژه‌نيندا بۆيه‌ده‌ڵێین جێگه‌كه‌مان ناخۆشه‌ ، ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ قبوڵ ناكه‌ين بۆيه‌ ده‌ڵێین موزيكه‌كه‌مان مۆركێکى خۆشى نيه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌‌گه‌زانه‌ هه‌مووى  بوونه‌ شياو ئه‌وا  دواجار ده‌بينه‌ ئه‌فرێنه‌ر و بناغه‌ بۆ موزيكى كورديى و نه‌وه‌ى داهاتوو داده‌نێین.

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter