هه‌ڵوێسته‌ى جه‌ماوه‌ر له‌ له‌ به‌دواداچوونى موزيك و گۆرانيدا

 

                                                                                                 زۆزك قه‌ره‌داغى

ئه‌وه‌ى كه‌ گوێگره‌ يان خوێنه‌ره‌ يان ته‌ماشاكه‌ر و .... كاتێك سه‌رنجى به‌رهه‌مێك ده‌دات له‌هه‌چ بوارێكدا بێت ، هه‌يشه‌ ده‌ڕوانێته‌ خاڵى كۆتايى و سه‌ره‌تاكانى بنياتنان و سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌كانى بوون كارى ئه‌و نابێت و كێشه‌يه‌ك نيه‌ كه‌  جه‌ماوه‌ر سه‌رقاڵ بكات، چونكه‌ جه‌ماوه‌ر له‌دواى سه‌رقاڵبوونيان به‌ كۆمه‌ڵێك گرفتى ڕۆژانه‌ى خۆياندا روو له‌ گۆرانيه‌ك درامايه‌ك، سه‌يركردنى وێنه‌يه‌كى زه‌يتى ... ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى هێور بوونه‌وه‌يان ، وه‌يان له‌بيركردنى ئه‌ركى قورسى رۆژانه‌يان ، دواجار كاريان به‌ دروستبوونى كايه‌كانى هونه‌ره‌وه‌ نيه‌ ته‌نها دوو ووشه‌ نه‌بێت (خۆشه‌، ناخۆشه)، كه‌واته‌ ئه‌ركى ئێمه‌ى هونه‌رمه‌نديش ده‌بێت به‌دوو به‌شى سه‌ره‌كيه‌وه‌ (جه‌ماوه‌ريى،  هونه‌ريى) ، له‌م دوو به‌شه‌ سه‌ره‌كيه‌دا زۆر پۆلێن و به‌شى سه‌ره‌كيترى لێده‌بێته‌وه‌ كه‌ بێگومان هه‌مووى به‌دواى يه‌كدا ده‌توانێت موزيك و گۆرانى بريتى بێت له‌و هونه‌ره‌ى كه‌ بيسه‌ر بڵێت خۆشه‌. ئێمه‌ به‌درێژايى ره‌وتى هونه‌ريمان وشه‌ى (خۆشه‌)ى جه‌ماوه‌رمان به‌گرنگترين بڕوا و متمانه‌ داناوه‌ به‌بێئه‌وه‌ى هه‌ڵوێسته‌مان له‌سه‌ر چۆنێتيى ئه‌و چێژه‌ جه‌ماوه‌ريه‌ كردبێت ، بێگومان جه‌ماوه‌ريش هه‌موو جۆره‌ ئاره‌زوويه‌كى تێدايه‌ له‌ باش و خراپ له‌ خۆش و ناخۆش ، به‌لآم تاكو ئێستا زۆرينه‌ى به‌رهه‌مه‌كان به‌ته‌نگ زۆرينه‌وه‌ بوون كه‌ دواجار زۆرينه‌ى بيسه‌ره‌ ناته‌ندروسته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ ، هه‌وڵمان نه‌داوه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى گوێچكه‌ خراپه‌كان ، كه‌ گرنگترين هۆكارى ئه‌و هه‌ڵه‌يه‌ش تێكه‌ڵكردنى فۆرمى كاركردن بووه‌ ، وه‌كو دروستكردنى سيديه‌ك كه‌هيچ ڕيزبه‌نديى و يه‌كسانيه‌ك له‌ دوا به‌ دواى به‌رهه‌مه‌كاندا نه‌بووه‌ ، بۆنمونه‌ سێ گۆرانيى به‌ كه‌له‌پوريى دواتر سێ گۆرانيى تر به‌مۆركى موزيكى شارى يان ئۆركێسترايه‌كى تێكه‌ڵ و دوور له‌ زۆرێك له‌ بنه‌ماكانى ئۆركێستراسيۆن ، لێره‌دا ئه‌گه‌ر بڕوانينه‌ به‌رهه‌مێكى له‌و چه‌شنه‌ له‌وانه‌يه‌ هه‌ردوو جۆرى جه‌ماوه‌ر له‌ده‌ست بدات ، زۆرجار كه‌ هونه‌رمه‌ند باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ بۆ گوێگرى كورديى زياتر ڕوو ده‌كه‌نه‌ هونه‌رى بێگانه‌ ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ يه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌ بچووكه‌كان ، زۆرجار كه‌ بيسه‌رى كورديى له‌دواى گۆرانيه‌كى موعين ئه‌سفه‌هانيه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر گۆرانيه‌كى كورديى وه‌كو بابه‌تێكى كۆميديى سه‌يرى ده‌كات .. بۆ ؟ ئايا ميللۆديى كورديى چێژى گوێگرى ناشكێنى ؟ كه‌ زۆركه‌س واده‌زانێت .. بێگومان نه‌خێر چونكه‌ هه‌موو ميلله‌تانى دنيا خاوه‌نى ميللۆديى چێژبه‌خشن ... ئه‌ى بۆچى موعين ئه‌سفه‌هانى خۆشتره‌ زياتر گوێي لێده‌گيرێت ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى موعين كاتێك بيرده‌كاته‌وه‌ كارێك له‌گه‌ڵ سه‌نتيزايزه‌رێكدا بكات ده‌گه‌ڕێت به‌دواى باشترين و باوترين جۆرى ئه‌و ئامێره‌ ، به‌لآم لاى خۆمان جۆرى ستۆديۆكه‌ ده‌يسه‌پێنێت به‌سه‌ر گۆرانيبێژدا ... ئه‌ى بۆچى ده‌نگى خۆش ده‌رده‌چێت ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ستۆديۆدا مايكێك به‌كارده‌هێنرێت كه‌ گونجاو بێت بۆ جۆرى ئه‌و چينه‌ ده‌نگه‌ و ته‌نها مايكێك بۆ هه‌موو جۆره‌ گۆرانيبێژێك و ئامێرێكى موزيكيى به‌كار ناهێنرێت ... دواتر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نايابه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ... وه‌كو له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م پێدا له‌هه‌موو كايه‌كاندا  بيسه‌ر په‌يوه‌نديى به‌وه‌وه‌ نيه‌ كه‌ ئه‌و زه‌حمه‌تانه‌ى له‌ تۆماركردنى ته‌نها پێنج ده‌قيقه‌ى گۆرانيه‌كدا هه‌يه‌ چه‌ند زۆره‌ و چه‌ند ماندوو بوونى ده‌وێت ته‌نها ووشه‌ى خۆشه‌و ناخۆشه‌ى له‌سه‌ره‌ ، چونكه‌ وه‌زيفه‌ى ئه‌و نيه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بزانێت به‌ ڕێكه‌وت له‌ به‌رنامه‌يه‌كى تيڤيه‌كدا هونه‌رمه‌ندێك باسى ده‌كات ، به‌لآم له‌وانه‌يه‌ ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌ گۆرانيبێژ ده‌سكه‌وتى مادديى دياريى كراو نيه‌و هه‌تا له‌دنيادايه‌ قازانج و زه‌ره‌رى خۆى نازانێت ، ئه‌مه‌ به‌تايبه‌تيى له‌ ڕۆژهه‌لآت و تايبه‌تتريش له‌ كورددا ..

زۆرجار موزيككاران ده‌ڵێن موزيك لێره‌ بيسه‌ر و جه‌ماوه‌رى نيه‌ له‌وانه‌يه‌ به‌رهه‌مى سيديى بلآوبكه‌ينه‌وه‌ كه‌سێك لێينه‌پرسێته‌وه‌ ... بێگومان وايه‌ ... بۆ ؟ چونكه‌ له‌كۆنه‌وه‌ هه‌ميشه‌ گرنگيمان داوه‌ به‌ گۆرانيى و موزيكى بێ ووشه‌مان فه‌رامۆش كردوه‌ ... زۆر هونه‌رمه‌ندمان له‌كۆندا پارچه‌ موزيكيان تۆماركردووه‌ و خستويانه‌ته‌ كۆتايى به‌رهه‌مێكى گۆرانيه‌وه‌ زۆر جار به‌ ناته‌واويش لێى بڕڕاوه‌ ، وه‌كو پڕكردنه‌وه‌ى كاسێته‌كه‌ ئه‌و موزيكه‌يان خستۆته‌ په‌ڕاوێزه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ خۆى له‌ خۆيدا به‌كه‌م پيشاندانى موزيكه‌ .

 زۆرن ئه‌و كێشه‌ هونه‌ريانه‌ ئه‌بنه‌ هۆى له‌ده‌ستدانى گوێگر ... زۆرجار چاوه‌ڕێ كردنى جه‌ماوه‌ر بۆ به‌رهه‌مى كه‌سێكى به‌ناوبانگ و تێپه‌ڕبوونى ماوه‌يه‌كى له‌ڕاده‌ به‌ده‌ر به‌سه‌ر ڕيكلامى بلآوبوونه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ گوێگر تووشى وه‌ڕسيى ده‌كات و له‌بيرى ده‌كات و ڕووده‌كاته‌ كارێكى حازربه‌ده‌ست ، ڕه‌نگه‌ بلآوكردنه‌وه‌ى ڕيكلامى به‌رهه‌مێكى نوێ بۆ ماوه‌يه‌كى دوور و درێژ بۆ وولآتێكى ئه‌وروپى گونجاوبێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆرێك شاكارى به‌رز و ئاستى به‌رزى تێدا پێشكه‌ش كراوه‌ و ئێستا بۆ هونه‌رمه‌ندانى جيهانى كه‌ زۆرينه‌يان به‌ ئاستێكى زانستيى به‌رزه‌وه‌ هونه‌ر پێشكه‌شده‌كه‌ن هونه‌ره‌كه‌يان ديار و به‌ناوبانگه‌ و پێويستيان به‌ پيشاندانى جوانترين رووى ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌يه‌ بۆ زياتر بيسه‌ر ڕاكێشان ، به‌لآم به‌ بڕواى من له‌وانه‌يه‌ بۆ به‌رهه‌مێكى كورديى كه‌ ته‌نها له‌ناو  ميدياى كورديدا بانگه‌شه‌ى بۆده‌كرێت و يان هه‌ندێكجار له‌ سلێمانيى و هه‌ولێر زياتر ناڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ ، پێويستى به‌ چه‌ند مانگێك ڕيكلام نيه‌ ، گرنگه‌ ئه‌وه‌ش بزانين كه‌ هونه‌رى جوان پێويستى به‌و هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌يه‌ نيه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ژێر زه‌يشه‌وه‌ ده‌ربچێت هه‌موو سه‌ر زه‌ويى پێيده‌زانن ، مه‌رجيش نيه‌ كه‌سايه‌تيه‌كه‌ كۆن و زۆر به‌ناوبانگ بێت ئه‌گه‌ر تازه‌بوو ئه‌وا له‌ دووهه‌مين هه‌وڵيدا هه‌موو خه‌ڵكى به‌دووى ده‌كه‌ون ئه‌گه‌ر چى له‌هه‌ر جێگه‌يه‌كدا بێت .

كه‌واته‌ ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و هونه‌ره‌ى كه‌ ئێمه‌ پێشكه‌شى ده‌كه‌ين به‌ هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانيه‌وه‌ گه‌وره‌ترين پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌نها و ته‌نها جه‌ماوه‌ره‌ جونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌مێكى ته‌واو هونه‌ريى پێشكه‌ش ده‌كات هه‌ميشه‌ له‌ دواى متمانه‌ى هونه‌رمه‌ندان و مامۆستايانى هونه‌ره‌وه‌ چاوه‌ڕێى هوڵوێسته‌ى جه‌ماوه‌ره‌ ، دواجار به‌بڕواى من بيسه‌ر له‌هه‌ركوێيه‌ك بێت حه‌ز به‌ هه‌موو جۆره‌ موزيك و گۆرانيه‌ك ده‌كات به‌مه‌رجێ چۆنێتيى به‌جێگه‌ياندنه‌كه‌ى له‌ ئاست ئاره‌زووه‌كانى جه‌ماوه‌ردابێت  ، ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌رهه‌مى جاد و هونه‌ريى بۆ گوێى جه‌ماوه‌رى كورديى قورس بێت ، به‌لآم دواجار  هه‌رده‌بێت به‌ره‌و گۆڕانى بنه‌ڕه‌تيى بڕوات ، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و له‌ هه‌موو جێگه‌يه‌كيشدا  بيسه‌رى مامناوه‌نديى و خراپيش هه‌يه‌ ، ئه‌گه‌ر نه‌بوايه‌ ئه‌وا باشه‌كان جيانه‌ده‌كرايه‌وه‌ ، به‌لآم جوانترين شۆڕشێكى هونه‌ريى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى حه‌زه‌كانى جه‌ماوه‌ر بريتيه‌ له‌ جياكردنه‌وه‌ى فۆرمه‌كانى موزيك و گۆرانيى و تێكه‌ڵ نه‌كردنى ستايڵى جياواز ، كه‌ ئه‌مه‌ له‌هه‌موو جيهاندا به‌وه‌ تاڕاده‌يه‌ك چاره‌سه‌ركراوه‌ سه‌ده‌ له‌دواى سه‌ده‌  به‌جۆرێك له‌ خزمه‌ت جه‌ماوه‌ر و دواڕۆژى هونه‌ريدا بوبێت ، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ينه‌ مێژووى سه‌رده‌مه‌ زێڕنه‌كانى هونه‌ر ده‌بينين گۆڕنكاريه‌كان به‌جۆرێك بوون كه‌ خزمه‌تيان به‌ڕه‌وتى زانستى موزيك و گۆرانى كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا به‌جه‌ماوه‌ر ، واتا هيچ كاميان به‌ته‌نها ناگاته‌ ئه‌نجامێكى زيندو .

 هونه‌رمه‌ندى بليمه‌تى ئه‌ڵه‌مانى لۆدڤيك ڤان بێتهۆڤن ووتويه‌تى :

  من ئاواز بۆخۆم داده‌نێم و ده‌بێت ته‌نها به‌دڵى خۆم بێت ....پێيان ووت بۆ ؟ ووتى چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌دڵى خۆم نه‌بێت ئه‌وا به‌دڵنياييه‌وه‌ به‌دڵى جه‌ماوه‌ريش نابێت .

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter