(یادێک بۆ په‌ری زه‌نگه‌نه‌)

 

به‌ختیار شێخ مسته‌فا

   له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی ڕوداوێكی هاتوچۆوه‌ هه‌ردوو چاوه‌كانی له‌ده‌ستدا , تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ڕۆشنایی به‌دوو چاوانی نه‌بینی , به‌ڵام بۆ هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك ئه‌و ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌كاری هونه‌ری زه‌حمه‌ت بوو .

په‌ری زه‌نگه‌نه‌ یان وه‌كو ئێرانیه‌كان پێ ی ده‌ڵێن ( خانمی ئۆپێرا) له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌ستی دایه‌ خوێندنی میوزیك و دواتر خوێندنی ئۆپێرا , هه‌ربۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕوویكرده‌ ئیتاڵیا وئه‌ڵمانیا وپاشان نه‌مسا. دوای نابینابوونیشی زیاتر سووربوو له‌سه‌ر كاری هونه‌ری وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ به‌هه‌موان بسه‌لمێنێ كه‌ كه‌مئه‌ندامی ناتوانێت ڕێگربێت به‌رامبه‌ر به‌و په‌یامه‌ گرنگه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌رقاڵی گه‌یاندنێتی.هه‌ربۆیه‌ له‌نێوان په‌یامی هونه‌رو په‌یامی مرۆڤدۆستانه‌دا, ((په‌ری زه‌نگه‌نه‌)) هه‌ڵمه‌تیكی چری ده‌ستپیكرد بۆ ئاهه‌نگسازدان به‌مه‌به‌ستی كۆمه‌ككردن به‌كه‌مئه‌ندامان له‌هه‌موو جیهانداو له‌وڕووه‌وه‌ چه‌ندین كۆنسێرتی له‌هه‌ریه‌ك له‌ (رۆما, واشنتۆن ,نیویۆرك , سان فرانسیسكۆ, كامبریدج , پاریس , میونیخ , لۆس ئه‌نجلۆس , به‌شیك له‌شاره‌كانی وڵاتی ژاپۆن) ئه‌نجامدا.

 

 

   تواناوبه‌هره‌ی ((په‌ری)) ئه‌وه‌نده‌ بێسنووره‌ که‌ له‌یه‌ك كاتدا زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ , وه‌ك سۆپرانۆیه‌ك به‌شداری ئۆپێراو كاره‌ كلاسیكیه‌كانی ده‌كرد , كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ گرنگترین نمایشی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی له‌وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سازدا كاتێك وه‌ك سۆلیستێك به‌هه‌مڕای (ئۆركیسترای سیمفۆنی فلۆریدا) سیمفۆنیای ژماره‌ نۆی بیتهۆڤنی پێشكه‌شكرد. له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م خانمه‌ به‌توانایه‌ چه‌ندین میلۆدی میللی كوردی وئێرانیی به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی چری , كه‌ تا ئێستاش له‌یاده‌وه‌ریماندا تۆماركراوه‌ وه‌كو سترانه‌كانی (ئه‌سمه‌ر یارم جوانه‌ , له‌یلی باوانم , مه‌ستم مه‌ستم, هاتم به‌بۆنه‌ی خاڵت  ...هتد) چه‌ندین سترانی فارسیش وه‌كو (شكار اهو , توبیو, دختر شیرازی ...هتد) .

له‌دوای شۆرشی ئیسلامی ئێران , به‌وێنه‌ی سه‌رجه‌م كچه‌هونه‌رمه‌نده‌كان خانم زه‌نگه‌نه‌ له‌كاروباری هونه‌ریدا وه‌ستا وپاش هاتنه‌سه‌ر كاری كابینه‌ی خاته‌می وكه‌مێك كرانه‌وه‌ به‌ڕووی دنیادا , په‌ری خانم به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ئاهه‌نگ گێڕان , ئێستا له‌ناو ئێراندا به‌ته‌نها له‌ونمایشانه‌دا به‌شداریده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م بینه‌ره‌كانی ئافره‌تن , به‌ڵام جگه‌ له‌م به‌شدارییانه‌ له‌ساڵانی دوای 2000 وه‌ چه‌ندین كۆنسیرتی له‌ئه‌وروپاو ئه‌مریكاو كه‌نه‌دا سازداوه‌.

ئه‌مڕۆ ((په‌ری زه‌نگه‌نه‌)) سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌رگاكانی هونه‌ر له‌ وڵاته‌که‌ییدا به‌ڕووی مێینه‌دا داخراوه‌ , كه‌چی ناوبه‌ناو ئاماده‌یی هه‌بووه‌ له‌بواره‌ هونه‌رییه‌كه‌دا , هه‌ربۆیه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ڕێگه‌ی ئه‌لبومی (هه‌زار ئاوا) كه‌ له‌ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند (مه‌لیحه‌ سه‌عدی) بوو توانی ده‌نگی خۆی به‌عاشقانی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ , ئه‌گه‌رچی ته‌واوی گۆرانیه‌كانی ئه‌م ئه‌لبومه‌ به‌هه‌مڕای كۆرسه‌ ، چونكه‌ ئیستاشی له‌سه‌ربێت له‌ئێراندا ڕێگه‌ به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌ ناده‌ن كه‌ به‌شێوه‌ی ته‌نها ئافره‌ت ده‌یچڕێت , به‌هه‌رحاڵ ده‌نگی په‌ری له‌م به‌رهه‌مانه‌دا هێنده ده‌رکه‌ته‌و‌ زاڵه‌ كه‌ به‌ئاشكرا ده‌توانی بیناسیته‌وه‌ , ئه‌و جگه‌له‌به‌رهه‌می هونه‌ری هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی وانه‌وتنه‌وه‌ی موزیكه‌ وته‌نانه‌ت هه‌ندیك له‌وانه‌كانی ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئه‌و خانمانه‌ی كه‌ ژنی ماڵن ،په‌ری پێی وایه‌که‌نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌هۆی بوونی كۆمپیوته‌رو ته‌کنۆلۆژیای زانیارییه‌وه‌ ‌ زۆر شت ده‌زانن كه‌دایكان وباوكانیان ئه‌و شتانه‌ نازانن , له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ژنی ماڵیش به‌رده‌وام پشتیان بگیرێت به‌ مه‌به‌ستی زیادبوونی ڕۆشنبیری گشتی وهونه‌ری.

                                 

                  ئه‌ندریا بۆچیللی                             په‌ری زه‌نگه‌نه‌                       ستیڤ وانده‌ر

له‌یه‌كیك له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا سازیدابوو , خانمی زه‌نگه‌نه‌ ئاشكرایكردبوو كه‌ به‌نیازه‌ كۆنسێرتیك سازبدات له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ((ئه‌ندریا بۆچیللی)) و ((ستیف وانده‌ر)) , كه‌هه‌ردووكیان دوو گۆرانیبیژی ناوداری نابینان , (په‌ری)) وه‌ك نوێنه‌ری كیشوه‌ری ئاسیا , ((بۆچیللی)) له‌ئه‌وروپا و ((ستیڤ وانده‌ر)) یش له‌ ئه‌مریكا , ئامانج له‌م كۆنسیرته‌ وه‌ك په‌ری زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵیت ( بانگه‌وازی خۆشه‌ویستییه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كاندا , له‌ڕێگه‌ی میوزیكه‌وه‌ و به‌هاوكاری كه‌سانێك كه له‌ناو كۆمه‌ڵگاكانیاندا به‌ كه‌مده‌ست وكه‌مئه‌ندام ده‌ناسرێن , كه‌چی ده‌توانن په‌یامی خۆشه‌ویستی وئاشتی به‌هه‌موو دنیا بگه‌یه‌نن).

 

‌ بۆ بینینی سترانی( له‌یلی باوانم)  که‌ له‌ سایتی   iranian.com  وه‌رگیراوه‌ تکایه‌ کلیکی ‌ بکه‌و له‌به‌ر قورسی فایله‌که‌ که‌مێک چاوه‌ڕوان به.

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter