وشه‌یه‌ک له‌ په‌راوێزی ئه‌لبومه‌ نوێکه‌ی له‌یلای فه‌ریقی دا

                                  هاوار به‌رزنجی

 

له‌یلا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانی خۆی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی هونه‌رییدا بسه‌پێنێت به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌که‌ی. له‌ ڕاستیدا له‌یلای فه‌ریقی زۆر زیره‌کانه‌ سودی له‌ ئه‌زمونی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی بینی و توانی له‌وه‌شدا سه‌رکه‌وتوو بێت که‌ نه‌بێته‌ کۆپییه‌کی تری مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی و ناسری ڕه‌زازی.

ئه‌لبو‌مه‌کانی پێشوی شاهیدی ئه‌و ڕاستیه‌ن که‌ له‌یلا کاری جدی کرد و جه‌ماوه‌ریش پێشوازی له‌و کارانه‌ کرد.سیدییه‌‌کانی پێشوی له‌یلا که‌ به‌رهه‌می ده‌ست و په‌نجه‌ی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی وه‌کو زاهید بریفکانی و ب. دیلان و ئاکۆ عه‌زیز بوون تا ڕاده‌یه‌کی باش کار له‌ سه‌ر مه‌ودا ده‌نگییه‌کانی له‌یلای تێدا کرابوو ، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌لبومی (ئه‌وین و ئازار) ورده‌کارییه‌کی باشی تێدا کرابوو له‌ پێناوی هه‌ڵنه‌خلیسکان به‌ره‌و تێکچوونی تام و بۆکوردییه‌که‌ی، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ به‌رهه‌می پێشوتریدا  هونه‌رمه‌ند (زاهید بریفکانی) تا ڕاده‌یه‌کی باش کاره‌کانی خوێندبۆوه‌ و زیره‌کانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌کاندا کردبوو.

له‌یلا له‌ دواهه‌میین ئه‌لبو‌میدا که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر که‌وته‌ بازاڕه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌وته‌ی شکاند که‌ پێشتر کاری له‌سه‌ر کردبوو ئه‌مجاره‌یان ئه‌زمونێکی نوێ ی تاقیکرده‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌ وڵاتی میسر تۆمارکرد و هونه‌رمه‌ند یه‌حیا ئه‌لموجی ئه‌رکی رێکخستن و ئاماده‌کردنی گۆرانیه‌کانی خسته‌ ئه‌ستۆی که‌ سه‌رجه‌میان ئاوازی هونه‌مه‌ند هه‌ڵکه‌وت زاهیر بوون.

له‌یلا له‌م به‌رهه‌مه‌شدا به‌ وێنه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی تری هه‌موو وزه‌و توانا ده‌نگییه‌کانی خۆی به‌کارهێنا به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ لاوازی میلۆدی له‌ لایه‌ک و نه‌خوێندنه‌وه‌ی پێویستی ئه‌لموجی بۆ کارێکی کوردی له‌لایه‌کی تر هه‌وڵه‌کانی له‌یلای پوچه‌ڵ کرده‌وه‌.

هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ ئاوازه‌کانه‌ دووباره‌بونه‌ویه‌کی زۆر سه‌یری تێدا ده‌بینرێت به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی ریتمه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ساده‌یی و سواوی بڕگه‌ میوزیکییه‌کان و تێکستی گۆرانییه‌کان.

له‌ ڕووی ئاماده‌کردنیشه‌وه‌ ئاماده‌کار هیچ ڕه‌چاوی  تایبه‌تمه‌ندی کوردیانه‌ی گۆرانیبێژه‌که‌ی نه‌کردووه‌ (ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن ده‌ڵێم گۆرانیبێژ نه‌ک ئاوازه‌کان چونکه‌ ئاوازه‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک عه‌ره‌بین ئاو لێڵ ناکه‌ن! ).

له‌یلا له‌م سیدییه‌دا ده‌ڵێت (گوێم لێ بگرن) کاتێک ده‌مانه‌وێت گوێ بگرین میوزیک له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌و جێگه‌یه‌ که‌ ده‌نگی له‌یلای تیا ده‌بیستین زیاتر له‌ سترانێکی میاده‌ حناوی و نه‌جات سه‌غیره‌ ده‌چێت تا سترانێکی کوردی به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌رچه‌ند له‌یلا بیه‌وێ خۆی قورتار بکات ده‌ربازبونی نیه‌!

به‌ ڕای من قبولکردنی ئه‌و ئاوازانه‌ له‌ لایه‌ن له‌یلای فه‌ریقیه‌وه‌ زیاتر موجامه‌له‌ و سودمه‌ند بوونه‌ له‌ ده‌سکه‌وته‌ مادییه‌کان نه‌ک هه‌ڵبژارده‌یه‌کی هونه‌ریانه‌ چونکه‌ به‌ڕێز هه‌ڵکه‌وت زاهیر جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ڕاوێژکاری سه‌رۆکی حکومه‌ته‌ هیچ پێشینه‌یه‌کی هونه‌ری سه‌رکه‌وتوی ئه‌وتۆی نییه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ڕازی بێت به‌وه‌ی سه‌رجه‌م گۆرانییه‌کانی له‌ ئاوازی ئه‌و بێت!

من گله‌ییم له‌ له‌یلا نییه‌ که‌ ده‌ستی به‌ خێری خۆیه‌وه‌ نه‌ناوه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌ک کارێکی هونه‌ری قبوڵ کردووه‌ به‌ڵام ده‌کرا هونه‌رمه‌ندێکی کوردی ده‌ست نیشان کردبا بۆ سه‌رپه‌رشتکردنی ئه‌لبومه‌که‌ تا که‌مێک له‌و بۆن و به‌رامه‌ عه‌ره‌بییه‌ بیپاراستایه‌ که‌ تێکه‌ڵی بووه‌ .

هیوادارم چیتر هونه‌رمه‌ندان نه‌که‌ونه‌ گێژاوی ده‌رکردنی سیدی له‌و جۆره‌و تکام هه‌یه‌ تکای برایانه‌ش له‌ کاک هه‌ڵکه‌وت که‌ ده‌ستبه‌رداری ئاوازی له‌و چه‌شنه‌ ببێت ، با ساڵی ئاوازێک دووان دابنێت به‌ڵام هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت لانی که‌م چه‌ند ساڵیک بمێنێته‌وه‌.

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter