فڵچه‌

                                              به‌ختیار شێخ مسته‌فا

 خوێنه‌ری هێژا ...ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌یخوێنیته‌وه‌ باسی جۆره‌كانی فڵچه‌ی نیگاركێشان وچۆنێتی به‌كارهێنانی نییه‌ , هه‌روه‌ك چۆن باسكردنی فڵچه‌ی پێڵاو بۆیاخكردن وفڵچه‌ی ددان شتن نییه‌, به‌ڵكو فڵچه‌یه‌كی تره‌ , فڵچه‌یه‌كی نه‌بینراو كه‌ ته‌نها له‌ڕێگه‌ی جۆری ئه‌و به‌رهه‌مه‌وه‌ كه‌پێ ی ئه‌نجامدراوه‌ ده‌توانی بیناسیته‌وه‌.

با زۆر له‌سه‌ری نه‌ڕۆم , چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌وكه‌سانه‌ نه‌بیت كه‌ هاتوچۆی ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌یت بۆ كاری هونه‌ری , ئه‌وا ئاسان نییه‌ بزانیت باسی كام فڵچه‌یه‌ ده‌كه‌م , منیش نامه‌وێت له‌وه‌ زیاتر بابه‌ته‌كه‌ ئاڵۆز بكه‌م .به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وتیش چه‌ند جارێك ڕێت بكه‌وێته‌ یه‌كێك له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ , ئه‌وا تێبینی ده‌كه‌یت كه‌ ده‌رهێنه‌ر وئاماده‌كارو كامێرامان و هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌ چه‌ند سه‌رقاڵن , سه‌رقاڵیه‌ك كه‌وا ده‌كات هه‌میشه‌ فڕكانیان بێت , ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ئه‌و داماوانه‌ تا ئێستا هه‌ر به‌شتێك كارده‌كه‌ن كه‌ كه‌ پێی ده‌وتریت به‌هره‌ یان زۆر جار پێ ی ده‌ڵیین (سه‌لیقه‌) ! نه‌ك خوانه‌خواسته‌ كاركردن به‌ میتۆده‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌ له‌جیهاندا ده‌خوێنریت , چونكه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت به‌رگوێمان نه‌كه‌وتووه‌ كه‌سێك له‌مانه‌ به‌ دیداری ده‌زگایه‌ك یان ئه‌كادیمیایه‌كی هونه‌ری جیهانی شاد بووبن .

گه‌ر بمانه‌وێت سه‌رچاوه‌ی سه‌رقاڵی ئه‌م كارمه‌نده‌ هونه‌رییانه‌ بزانین , ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئه‌مان ..هه‌ر هه‌مویان.. ده‌بێت فریای به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ چالاكیه‌كی سیاسی وهونه‌رى و وه‌رزش و دیدارو كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكان بكه‌ون . هه‌ر بۆیه‌ش به‌گوێره‌ی ڕاده‌ی گرنگی بابه‌ته‌كان له‌م وڵاته‌دا , كاری هونه‌ری له‌به‌رماوه‌ی ئه‌و كاتانه‌دا ئه‌نجام ده‌دریت كه‌خه‌به‌رێكی سیاسی یان دیدارو كۆبونه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كان له‌ گه‌رمترین كاتیدا نییه‌ , ئیدی ئه‌و كاتانه‌ هه‌لێكی گه‌وره‌یه‌ تا كلیپه‌كه‌ی فڵان یان مه‌شهه‌دی ژماره‌ فڵانی فیساره‌ دراما (نه‌جات) بدرێت , كاتێكیش له‌كاكی ده‌رهێنه‌ر یان كامێرامان ده‌پرسرێت " جا فریا ئه‌كه‌ویت ؟" له‌وه‌ڵامدا گورج ده‌ڵێت " ئا هیچ نیه‌ فڵچه‌یه‌كی لێده‌ده‌م " !!

ئیتر ڕۆژان ده‌ڕواو فڵچه‌ لێدان به‌رده‌وامه‌ , هه‌ر گۆرانیه‌و به‌ (فڵچه‌) ته‌واو ده‌كرێت , هه‌ر درامایه‌و فڵچه‌ی خێرای لێده‌دریت . واهه‌ستده‌كه‌م هه‌موان له‌ ناخی خۆیاندا ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ن كه‌ ئایا ده‌رفه‌تێك هه‌یه‌  له‌م وڵاته‌دا تا كارێك به‌شێنه‌یی به‌رهه‌مبهێنرێت , , بڕواناكه‌م كه‌سیش چاوه‌ڕێ ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بكات , چونكه‌ كوڕ ئه‌و كوڕه‌یه‌ بتوانێت زۆرترین به‌رهه‌م به‌ (فڵچه‌ لێدان) به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت .

ئه‌م باره‌ به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت سنووری ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌بڕێت و باز ده‌دات وده‌گوازرێته‌وه‌ بۆستۆدیۆ وكۆمپانیا ئه‌هلییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان , له‌ناوئه‌وانیشدا به‌نمونه‌ كاری ئاماده‌كاری میوزیكه‌ , چونكه‌ میكانیزمی به‌رهه‌مهێنان له‌مانیشدا ته‌نها به‌وشێوه‌یه‌یه‌ كه‌ گۆرانیبێژێك ئاوازه‌كه‌ی ده‌داته‌ ده‌ست میوزیككارێك و ئه‌ویش به‌ماوه‌ی یه‌ك دوو سه‌عاتێك میوزیكه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌ده‌ده‌كات , و به‌یه‌ك دوو سه‌عاتیش بۆی تۆمار ده‌كات و , ئاو بێنه‌و ده‌ست بشۆ!

هه‌موو ده‌سمان ده‌شۆین و له‌و كاتانه‌دا كه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان له‌ سه‌ر كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ بیانییه‌كان نیه‌ , به‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كاندا ڕاده‌گوزه‌رین و ده‌بینه‌ بینه‌رو بیسه‌ری كۆمه‌ڵێك گۆرانی كوردی , كۆمه‌ڵێك گۆرانی به‌فڵچه‌ دروستكراو , كه‌له‌گه‌ڵ بینینی ناوی ده‌رهێنه‌ره‌كانیدا , ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌م وه‌بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ ( هیچ نییه‌ فشه‌یه‌ , به‌فڵچه‌ ده‌یكه‌م !!)

خوێنه‌ری به‌ڕێز ئێستا ده‌توانیت له‌وه‌ بگه‌یت كه‌ ئه‌م هه‌موو گۆرانییه‌ چی یه‌ كه‌شه‌وانه‌ له‌ڕێگه‌ی شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی من وتۆ ده‌كرێت و هینده‌ جێ فڵچه‌ی پێوه‌یه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ چاومان كوێر ده‌كات !

 

muzic@kurdistannet.us

چاپیكه‌

كاتی بڵاوكردنه‌وه 

www.kurdistannet.org

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter