كورد ومسته‌ر بین

                                                                         به‌ختیار  شێخ مسته‌فا

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌شمان ده‌یناسین به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كاتێ ناوی ( رۆن ئه‌تكینسۆن ) ده‌بیستین نه‌زانین كێ یه‌ ،  چونكه‌ ئێمه‌ به‌ناوێكی تره‌وه‌ ده‌یناسین كه‌ (مسته‌ر بین)ه‌ .

(مسته‌ر بین) ناوی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی به‌ریتانی كۆمیدییه‌ كه‌ له‌ساڵی 1990 دا په‌خشكرا و دوابه‌دوای به‌ریتانیا به‌هه‌موو جیهاندا بڵاوبۆوه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ له‌ زیاتر له‌دووسه‌د وڵاتدا فرۆشرا!

 به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م زنجیره‌یه‌ ده‌رخستنی ئه‌و بابه‌ته‌ سادانه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ مسته‌ر بین ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ جیاجیاكانی ((بین)) ده‌خاته‌ ڕوو له‌هه‌ریه‌كێك له‌وبارانه‌دا به‌بێ به‌كارهینانی دایالۆگ ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌مومان نوقمی قاقای پێكه‌نین ده‌كات .

بابه‌ته‌كان هێنده‌ ساده‌و ڕاستگۆیانه‌ ده‌خرێنه‌ ڕوو كۆمه‌ڵگایه‌ك نابینیت -دواكه‌وتووبێت یان پێشكه‌وتوو- پێ ی ئاشنا نه‌بێت ، مسته‌ر بین زۆر به‌ئاسانی له‌توانایدایه‌ ئاسیایه‌ك به‌هێنده‌ی ئه‌فریقییه‌ك وئه‌مریكییه‌ك به‌هێنده‌ی ئه‌وروپیه‌ك بهێنێته‌ پێكه‌نین ، له‌كاتی بینینی ئه‌ڵقه‌كانی ئه‌م زنجیره‌یه‌دا پێویستمان به‌ ژێرنووس وكۆمینته‌ری نییه‌ ، ئه‌و به‌شێوه‌یه‌ك نزیكه‌ لێمان ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشمان به‌ ئاسانی له‌ به‌زمه‌كانی مسته‌ر بین ده‌گه‌ن وبه‌هه‌مان شێوه‌ی ئێمه‌ ئه‌وانیش نوقمی قاقای پێكه‌نین ده‌بن.

ئه‌تكیسنۆنی ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م زنجیره‌یه‌ كه‌هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی سیناریۆكه‌یه‌ له‌پاڵ چه‌ند نووسه‌رێكی تردا ، پێویستی به‌ بابه‌تی ئاڵۆزو فه‌لسه‌فی نه‌بووه‌ ، پێویستی به‌دانانی هێماو ئایكۆنی تایبه‌ت نه‌بووه‌ ، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی به‌س بووه‌ ڕۆبچیته‌ ناو قوڵایی ناخی مرۆڤه‌كان تاله‌وێوه‌ ڕاستگۆیانه‌ وێنه‌كانی خۆمان نیشانداته‌وه‌ بێ هیچ ماكیاژو ڕتوشێك ، ئاخر كۆڵه‌‌كه‌یه‌كی گرنگی كۆمیدیا ووتنی ڕاستییه‌كانه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی كات ئه‌وه‌ ووتن و ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانه‌ كه‌ هه‌ندیك جارفرمێسك و زۆر جاریش خه‌نده‌مان پێده‌به‌خشن !

به‌ڕای من به‌شێكی زۆری سه‌ركه‌وتنی مسته‌ر بین پابه‌نده‌ به‌و ساده‌ییه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێدا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ناونیشانێك ببه‌خشینه‌ ئه‌م زنجیره‌یه‌ ده‌بێت (ساده‌یی) بێت له‌هه‌موو بواره‌كاندا ، ساده‌یی له‌ سیناریۆ ...  له‌به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌رییه‌كان ... له‌ جوڵه‌ ... له‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیا وبه‌كارهێنانی بودجه‌ی قه‌به‌وقورس ، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌و توانیویه‌تی هه‌موو ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ به‌كه‌مترین بڕ به‌كاربهێنێت و سه‌ره‌نجامیش گه‌وره‌ترین جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ستبهێنێت .

لێره‌وه‌ ده‌توانم بڵێم وانه‌یه‌ك كه‌ پێویست بكات هونه‌رمه‌ندان  و به‌رهه‌مهێنه‌رانی لای خۆمان له‌ مسته‌ر بینه‌وه‌ فێری ببن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی گه‌وره‌ترین بودجه‌و پێشكه‌وتوترین ته‌كنۆلۆژیا له‌به‌رده‌ستماندا بێت ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی  یه‌ك پێویستمان پێیه‌تی ووردبونه‌وه‌و قوڵبونه‌وه‌یه‌ له‌ناخی خۆمان وله‌وه‌ی له‌ده‌وروبه‌رماندا ده‌گوزه‌رێت ، به‌ڕای من ئه‌م تێڕوانینه‌ ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ كۆمیدیا به‌ڵكو تاڕاده‌یه‌كی زۆر بۆ ژانره‌كانی تریش ڕاسته‌ ، ڕه‌نگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م خراپ نه‌بێت تا له‌و ڕاستییه‌ بگه‌ین كه‌ ده‌یان فیلم و درامای ته‌له‌فزیۆنی سه‌ركه‌وتوو به‌ شێوازێكی زۆر سه‌ره‌تایی به‌رهه‌مهاتوون و ئێستاشی له‌سه‌ربێت وه‌ك هونه‌ریكی ناوازه‌ سه‌یر ده‌كرێن ، هه‌ر بۆیه‌ تێگه‌یشتنی ئه‌و ڕاستییه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ بۆ دروستكردنی به‌رهه‌مێكی هونه‌ری باش له‌چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌و تازه‌ترین ته‌كنۆلۆژیادا بین  و نه‌بوونی ئه‌وانه‌ بكه‌ینه‌ پاساوی ئه‌و ژماره‌  زۆره‌ له‌به‌رهه‌می لاواز كه‌ ساڵانه‌ په‌خشی ده‌كه‌ین!!

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter