له‌ بوارى موزيكى كورديدا كاركردن به‌شێوازى پسپۆرِيى زۆر لاوازه‌

 

زۆزك قه‌ره‌داغى

 

رِه‌نگه‌ كاركردنى ئه‌مرِۆى ئێمه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ند  ئه‌نجامه‌كه‌ى بۆ نه‌وه‌ى داهاتوو بێت ، به‌ڵام تاكو ئێستا نازانين ئه‌و داهاتوه‌ى كه‌ده‌چێته‌ به‌رده‌م نه‌وه‌ تازه‌كانمان چۆنه‌و چ پێگه‌يه‌كى ده‌بێت ؟ له‌وانه‌يه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵى به‌دواداچونى ئه‌نجامه‌كانى داهاتوى هونه‌ر بده‌ين له‌م بوار و قۆناغه‌دا گه‌لێك ئاڵۆز بێت ، به‌ڵام هه‌ميشه‌ له‌ كايه‌كانى هونه‌ردا ئاڵۆزيى له‌ بنياتنانى ئه‌فراندندا كارێكى ئه‌وه‌نده‌ قورس و گران نه‌بووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست نيشانى رِێباز و هۆكارى ئاڵۆزيه‌كه‌ى كرابێت ، له‌م قۆناغه‌دا موزيكى ئه‌وروپى گه‌لێك له‌پێشن و دروست بوونى سه‌ده‌كانى هونه‌ر له‌ پێناو بوژاندنه‌وه‌ى گوێچكه‌ى بيسه‌ر و ئه‌فراندنى موزيسياندا كه‌وتۆته‌ گه‌رِ . يه‌كێك له‌و خاڵه‌ بنچينه‌ييانه‌ى كه‌ بونه‌ته‌ رِێكخستنه‌وه‌ى هونه‌ر و هۆكارى بنه‌رِه‌تيى بۆ سه‌قامگيركردنى پێگه‌ و ئه‌ركه‌كانى هونه‌ر بونى پسپۆرِيه‌ له‌ناو بواره‌كانى هونه‌ردا ، به‌واتايه‌كى دى ئه‌گه‌ر موزيك بكه‌ين به‌نمونه‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌شێكى زۆرى لێده‌بێته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌ميان ته‌واوكه‌رى يه‌كترين وه‌كو (  موزيكژه‌نين ، دانانى موزيك ، مامۆستاى رِاهێنه‌ر ، رِابه‌رى موزيك – مايسترۆ - ، رِه‌خنه‌گرى موزيك ، توێژه‌ره‌وه‌ ، نوسه‌رى موزيك  ، .. هتد ... ) .

له‌م به‌شانه‌ى سه‌ره‌وه‌شدا هه‌ريه‌كێكيان به‌هه‌ند وه‌ربگرين چه‌ند به‌شێكى سه‌ره‌كيى لێده‌بێته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ موزيكژه‌ن له‌ناو موزيكى ئه‌وروپادا ته‌نانه‌ت له‌ ئێرانيش كه‌ بينيومه‌ پسپۆرِِيى زۆرى لێده‌بێته‌وه‌ بۆنمونه‌ موزيكژه‌نى سۆلۆ ( تاكژه‌ن )جيايه‌ له‌گه‌ڵ موزيكژه‌نى گشتيدا واتا ئه‌وانه‌ى كه‌له‌ناو گروپى موزيكدا به‌ كۆمه‌ڵ پارچه‌كه‌ ده‌ژه‌نن ، ئه‌ركه‌كه‌يان جياوازه‌ و له‌هه‌مان كاتيشدا يه‌ك گرنگيان هه‌يه‌ و چ تاكژه‌ن و چ كۆژه‌ن به‌ته‌نها ئه‌ركه‌كانيان جێبه‌جىَ ناكرێت ، لێره‌دا ده‌بێت به‌پێى ئاست و توانا ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكرێت ، بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ئامێرى سۆڵۆ ده‌ژه‌نێت رِه‌نگه‌ تواناى ژه‌نينى به‌كۆمه‌ڵى نه‌بێت به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، لێره‌دا موزيكژه‌ن به‌ته‌واويى تواناى خۆى ده‌زانێت و گرنگه‌ به‌رِاستگۆيى به‌هره‌ى خۆى ساغ بكاته‌وه‌ ، پێده‌چێت هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند له‌ هيچ كام له‌ جۆره‌كانى ژه‌نيندا به‌توانا نه‌بێت  و كۆڵيش نه‌دا كه‌ئه‌مه‌ بنچينه‌ى داهاتويه‌كى لاواز و خراپه‌ بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو  ، له‌وانه‌يه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌هه‌ردوو جۆره‌كه‌ى ژه‌نيندا تواناى نه‌بێت پێده‌چێت مامۆستايه‌كى باش بێت بۆ فێركردنى نه‌وه‌ى تازه‌ يان ئاوازدانه‌رێكى باش بێت ، يان ، ... گرنگ ئه‌وه‌يه‌ به‌ ته‌نگ تواناكانى خۆمانه‌وه‌ بچين نه‌وه‌ك چاولێكه‌ريى و باو ببێته‌ به‌رنامه‌ى كاركردنمان له‌ بواره‌كه‌دا ... لێره‌دا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ توانيمان درك به‌ ئه‌رك و رِۆڵى پسپۆرِيى بكه‌ين ئه‌وا ئه‌ركى ده‌وڵه‌تيشه‌ پاڵپشتى هه‌موو كايه‌كانى پسپۆرِيى بێت ، چونكه‌ هه‌ندێك له‌و كارانه‌ هه‌وڵى تايبه‌تيى و خوديى پێويسته‌و له‌وانه‌يه‌ هه‌ندێكى وه‌كو ئاوازدانان  ئه‌ركى تاك و به‌جێگه‌ياندنى كۆمه‌ڵيشى تێدايه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو هێڵه‌كانى كاركردن به‌قه‌ده‌ر يه‌كتريى مافه‌كانيان جێبه‌جىَ بكرێت ، ئه‌گه‌ر وانه‌بوو ئه‌وا وه‌كو ئێستا ده‌بێت  ، به‌جۆرێك ئاوازدانه‌ريش و موزيكژه‌نيش و رِابه‌رى ئۆرِكێست و ... دواتر كارێكى لاواز دێته‌ كه‌ناره‌وه‌ و نابێته‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى گرنگ بۆ نه‌وه‌ى داهاتوو ، پێده‌چێت زۆرێك له‌هونه‌رمه‌نده‌كانى كورد ئه‌وانه‌ى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ موزيكيان گه‌ياندۆته‌ ئه‌مرِۆ ئه‌و كاره‌يان به‌و جۆره‌ى سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵسورِاندبێت ، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ هه‌موو شته‌كان سه‌ره‌تا بوون و هۆكارى به‌جێگه‌ياندنيش سه‌رجه‌مى له‌ ئاستى پێويستدا نه‌بوون و وا پێويستى كردووه‌ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ركێكى زۆر جێبه‌جىَ بكه‌ن به‌ڵام ئه‌مرِۆ به‌هۆى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجياوه‌ هۆكاره‌كان زۆر و خێرا بوون و به‌هره‌مه‌ندترين هونه‌رمه‌ند له‌ ته‌نها بواره‌كه‌ى خۆيدا فرياى يه‌ك لايه‌نى به‌هره‌دارى خۆى ده‌كه‌وێت و  ناكرێت به‌بێ هه‌ڵوێسته‌ وه‌رگرتن وه‌كو نه‌وه‌كانى كۆن هونه‌ر بكه‌ين و هه‌ر يه‌كێكمان سه‌رقاڵى كۆمه‌ڵێك كارى زۆر بين و تواناكانى خۆشمان له‌بيربكه‌ين .

له‌باره‌ى پسپۆرِيه‌وه‌ بيرو بۆچونه‌كان زۆرن و هه‌نوكه‌ پێناسه‌ى پسپۆرِى هونه‌ر وه‌ك خۆى نه‌كراوه‌ و تاكو ئێستا روون و ئاشكرا نيه‌ ، كه‌ ئايا پسپۆرِ به‌كێ ده‌وترێت ؟ زۆربه‌ى بيروبۆچونه‌كانى كۆمه‌ڵگا هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگاى كورديى ، پسپۆرِ ته‌نها به‌ كه‌سايه‌تيه‌ك وتراوه‌ كه‌ برِوانامه‌يه‌كى هونه‌ريى له‌ بواره‌كه‌دا به‌ده‌ست هێنابێت ، ئيتر قۆناغى كاركردنى كه‌سايه‌تيه‌كه‌و  سه‌نگى به‌رهه‌مه‌كانى بابه‌تێكى ئه‌وتۆ نه‌بووه‌ ، رِه‌نگه‌ ئه‌مه‌ بگه‌رِێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچونه‌ى كه‌له‌پێشتردا باسمكرد له‌مه‌رِ زۆريى كايه‌كانى ئيشكردن و سه‌رقاڵبوون به‌هه‌موو ئه‌و ڵايه‌نانه‌ى كه‌ خاوه‌ن برِوانامه‌ به‌بۆلوان و به‌پێى كات و ده‌رفه‌ت هه‌مووى به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆيدا زيانێكى گه‌وره‌يه‌ و وورده‌ ورده‌ رِوو له‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ده‌كات و دواتر له‌ هيچ كايه‌يه‌كدا ناگاته‌ لوتكه‌و هه‌ميشه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش توانا تايبه‌تيه‌كه‌ى خۆيشى تێدا ده‌مرێت . ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌وشه‌ى پسپۆرِ بگه‌ين گرنگ نيه‌ بگه‌رِێينه‌وه‌ بۆ نمونه‌يه‌ك له‌ ده‌رچووى كۆلێج و په‌يمانگا هونه‌ريه‌كان چونكه‌ پسپۆرِ ته‌نها له‌بوارى هونه‌ريدا نه‌بوه‌ ، بۆنمونه‌ كاسبێك يان كارێكى پيشه‌يى ده‌توانرێت پسپۆرِيى تێدا وه‌ربگيرێت ، چونكه‌ هه‌موو بواره‌كانى ترى ژيانيش خزمه‌ت به‌ دنياى مرۆيى ده‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر چى موزيك خزمه‌تى گوێچكه‌ ده‌كات و شانۆ خزمه‌ت به‌ گوێچكه‌و چاو ده‌كات ئه‌وا پۆشاك فرۆشێكيش خزمه‌ت به‌ جه‌سته‌ى مرۆيى ده‌كات ، راسته‌ زانست له‌پشت هه‌موو هونه‌ره‌كانه‌وه‌ رِۆڵى ئه‌فراندن و جوانكاريى ده‌بينێت ، به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه‌ له‌تواناى خۆيدا كارێك ئه‌نجام بدات ، گرنگه‌ كه‌سێك په‌يمانگايه‌ك ته‌واو ده‌كات و ده‌ڵێت كارده‌كه‌م ، بێت خزمه‌ت به‌توانا خوديه‌كه‌ى خۆى بكات نه‌وه‌ك برِوانامه‌كان ببنه‌ ماڵ له‌سه‌ر كه‌سايه‌تى هونه‌رمه‌ند و داواى هه‌رجۆرێك ئيشكردنى لێكرا په‌سه‌ندى بكات ، چونكه‌ دوايى ئه‌نجامێكى به‌سودى نابێت ، پسپۆرِيى به‌وه‌ به‌ده‌ست دێت كه‌من ئه‌گه‌ر تواناى بوارى توێژينه‌وه‌ و پاراستنى گۆرانيى و موزيكم هه‌بوو ئه‌وا به‌رده‌وام كار له‌و بواره‌دا بكه‌م ياخود ئه‌گه‌ر بژه‌نێكى باش بووم به‌رده‌وام رِاهێنان و ژه‌نين كارى پيشه‌يى من بێت ئه‌وا دواتر ده‌بمه‌ پسپۆرِ ، ئه‌مانه‌ش ته‌نها به‌ خۆناسين به‌ده‌ست دێت چونكه‌ له‌هونه‌ردا حه‌ز و سه‌بر و ئاراميى له‌هه‌موو شتێك گرنگترن ، زۆرجار هونه‌رمه‌ند حه‌ز به‌ يه‌كێك له‌ كايه‌كانى هونه‌ره‌كه‌ى ده‌كات به‌ڵام ته‌حه‌مولى به‌رده‌واميى و په‌شێويه‌كانى ناكات ، يان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ، كه‌واته‌ ده‌بێت هونه‌رمه‌ند هه‌موو ڵايه‌نه‌كانى پسپۆرِيى له‌ڵاى خۆى شيبكاته‌وه‌ وه‌كو پرۆپۆزه‌ڵێك ڵايه‌نه‌ده‌روونيه‌كانى خۆى بزانێت ئنجا برِيار بدات له‌سه‌ر ئه‌داكردنى ئه‌و هێڵه‌ى كه‌ خزمه‌تى هونه‌رى پێده‌كات .      

  

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هونه‌ری كوردستان نێت    

Hit Counter