پرسیارێک لە ڕەگەزی مێی ئیمانداران ... گۆران هەڵەبجەیی

پرسیارێک لە ڕەگەزی مێی ئیمانداران ... گۆران هەڵەبجەیی


ئەز لە پیاوانی مسوڵمانی ئیماندار تێدەگەم کە بۆچی پەیوەستن بە ئاینی ئیسلامەوە و بەجددی گرتوویانە ،چونکە ئەوان لەهەردوو دنیاکە کۆمەڵێک ئیمتیازیاتیان پێدراوە کە ڕەگەزی مێ لێی بێبەشە،بۆنمونە:
چوار هاوسەر،دەبڵ میرات،مافی لەخۆگرتنی منداڵ لەکاتی جیابوونەوەدا،سەفەر بەتەنها بۆ هەرکوێ ئارەزوودەکەن،دەربازبوونی بێ سزا لەکاتی ئاشکرابوونی خیانەتی زەوجیدا،مامەڵەکردنی بێ بەزەییانە لەگەڵ هاوژین یا هاوژینەکانیاندا چ بەلێدان یا بەسوکایەتی،وەرگرتنی کەمترین سزا لەکاتی کووشتنی کچ یا هاوژیندا .
بەکورتی ئەمانە هەندێک لەو ئیمتیازاتانەن کە لەم دنیایەدا بە پیاوی مسوڵمان بەخشراوە.
ئەی ئیمتیازەکانی ئەودنیا چین؟
+{٧٢ } فریشتەی سەرمۆر لەگەڵ چەندین هەزار فریشتەی {هاوپێچ}مولحەق یا وەک خۆیان دەڵێن مووزیفە.
+جۆگەی شەراب ،شیر، هەنگوین و ئاوی سازگار.
+کۆشکی ڕازاوە کە {غلمان مخلدون} تێیاندا خزمەت دەکەن و شەراب دەگێڕن.
+دوورینەوەی پەردەی کچێنی فریشتەکان لەلایەن خوداوەو گەڕاندنەوەیان جارێکی تر بۆ خزمەتیان.
+شادبوونیان بە بەهەشت بەژمارەیەکی زیاتر لە ڕەگەزی مێ.
وابزانم هێندە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی نێرینەی مسوڵمان هێندە بەپەرۆشە بۆ ئاینەکەی و بەتووندی گرتوویەتی، تا ئاستی زیادەڕۆیی.
ئەوجا با بێمە سەر ئافرەتی ئیماندار و بەچەند خاڵێک ئاماژە بە تێڕوانینی شەریعەتی ئیسلام بکەم بۆ ئافرەت.
+زەلیل کردنتان بە فرەژنی لەلایەن هاوسەرەکانتانەوە،خۆ گەر ناڕەزایش دەرببڕن ئەوە بە تەڵاق یا بەشەق یا بە پشتگوێخستن وەڵام دەدرێنەوە.
+ئێوە {ناقس عەقڵ و ئیمانن}،جاگەر ڕۆژوی [٧٠] ڕکات نوێژ بکەن و هەمووساڵێکیش بچن بۆحەج و عەمرەو لەبری [٣٠] ڕۆژ [٦٠] ڕۆژ بەڕۆژووبن ،ئەمانە هیچ دادتان نادەن و بە [ناقس ئیمان] دەمێننەوە ،چونکە ئەوە فەرموودەو بڕیاری پەیامبەرەو دەبێت ئێوەش قەبوڵی بکەن .
+ ئیهانە کردنتان بەمارەبەجاش ،مێرد ئەحمەقی دەکات کەچی دەبێ ئێوەی هاوژین باجەکەی بدەن، بەوەی لەگەڵ کەسێکی نەناسراودا سەرجێی بکەن.
+ هاوتا کردنتان لەگەڵ سەگی ڕەش و کەردا ،لەبەتاڵ کردنەوەی نوێژدا ،گەر بە بەردەمی نوێژکەردا تێپەڕن.
+ لەدادگای شەرعیدا حسابی نیو مرۆڤتان بۆکراوە و دوانتان بەشایەتێک حساب دەکرێت.
+ لەکاتی دابەشکردنی میراتدا کووڕ دوو هێندەی ئێوەی بەردەکەوێت.
+ بە پێی قسەی پەیامبەر زۆربەی دانیشتوانی دۆزەخ لەجنسی ئێوەن.
+ئێوە [کێڵگەی پیاوەکانتانن] چۆنیان بوێت بەوجۆرە دەتانکێڵن.
+ ئێوە مەحکومن بە خۆپێچانەوەو پۆشینی حیجاب و نیقاب.
+هەردیسان بە قسەی پەیامبەر ،گەر هاوژینەکانتان نەخۆشبکەوێت وهەموو جەستەی کیم وجەراعەت بکات ،پێویستە لەسەرتان بەزمان بیلێسنەوە.
+ ئێوە هێندە سووک و بێ توانان بۆ سەرکردایەتی یا بەڕێوەبردنی هیچ شتێک دەست نادەن . { ما أفلح قوم ولوا أمرهم امرأة}.
+بۆتان نیە بەبێ وەلی ئەمر سەفەر بکەن.
+دەمێک دەبنە بێوەژن، سوکایەتیان پێدەکرێت و وەک دەستی دوو مامەڵەتان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام پیاو بۆی هەیە بۆڕۆژی دوایی بەدووی ژندا بگەڕێت.
+ ئێوە شەرەفی باوک، برا ،مێرد ،بنەماڵە خێڵن،جا ئاگاداربن بەهەڵەیەک وەک پەرداخی کریستاڵ شەرەفیان نەشکێنن.
+ نابێت لە مەجلیسدا پێپکەنن ،بەدەنگی بەرز قسەبکەن، یا شت بخۆن.
+بەر لە هاوسەرگیریتان گەر براکانتان لەخۆتان گەنجتربێت بۆی هەیە چاودێریتان بکات،لای باوک بووختانتان بۆبکات ،سوکایەتیتان پێبکات.
کورد واتەنی{مشتێک نمونەی خەروارێکە}،جا ئەم چەند خاڵەی ئاماژەم پێداون نمونەی بەرجەستەن بۆ مامەڵەی نائینسانی ئیسلام لەتەک ڕەگەزی مێدا ،دەریدەخات کەدەرگای چ دۆزەخێکیان بەڕوودا کراوەتەوە.
ئەوجا بابزانین لەو دنیا دۆخیان چۆنە؟
گەر لەم دنیا تێڕونینی ئیسلام تژی بێت لە سوکایەتی و بەکەم سەیرکردن بە ڕەگەزی مێ ئەوە بەدڵنیاییەوە لەودنیاش بەهەمان شێوەیە.
زانیمان کە پیاو لەودنیا لە چ نیعمەتێک و خۆشیەکدا دەژی ،بەڵام لەهیچ دەقێکی قورئانی یا حەدیس و تەفسیراتدا باسی مافەکانی ژن لەودنیا نەکراوە،تەنها هێندە دەڵێن کە دەچنەوە لای مێردەکانیان.
جا پرسیار ئەوەیە گەر ژنێک چەند شویەکی کردبێت، دەچێتە لای کامیان؟
یاخود گەر پیاوێک ٧٢ فریشتە و چەندین یەدەکی فریشتەی هەبێت و ڕۆژانە بەئارەزووی خۆی بیانگۆڕێت ،ئیدی چیداوە لەهاوژینی دنیایی؟ مەگەر برنج و فاسۆلیای بۆ لێبنێت.
دەبینن کە ئاینی ئیسلام نە لەم دنیاو نە لەودنیا{کەمن بڕوام بەبوونی نیە} ئاوا مامەڵە لەگەڵ مێینە بکات، پڕبێت لەسووکایەتی و بێڕێزی ،ئیتر تێناگەم بۆچی ئیمانداری دەکەن؟ ئایا هەرگیز ئەو پرسیارەیان لەخۆیان کردوە [بۆچی ئێمە ئیتاعەتی ئاینی ئیسلام دەکەین]؟یاخود پرسیوتانە{ چ گوناحێکمان کردوە وا بەر نەفرەتی خواو پێعەبەرو یاساکانی ئیسلام کەوتووین؟}
لەوبڕوایەدام ئێوەی ڕەگەزی مێ بە هەست و ڕۆحیانەتێکی پاکەوە ئەرکە ئاینیەکانتان ڕادەپەڕێنن و تەنها مەبەستتان ڕازیکردنی خودایە لەخۆتان ،کەچی نە خودا نە پەیامبەر نە کۆی شەریعەت لێتان ناڕازین بەنەفرەت کراون.
جا جێگەی خۆیەتی منیش بپرسم گەر کۆی ئاینی ئیسلام بەدژی ئێوە کاربکات ،ئیدی چی وای لێکردوون کە پابەندبن پێیەوە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە کەمێک عەقڵتاب بەکاربهێنن و بەقوڵی بیر لەو پرسیارەی من بکەنەوە.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu